ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چەند تەوەرێك كۆ دەبێتەوە

:: AM:11:37:23/11/2022 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە، تەوەری كۆبوونەوەكان سێ‌ بابەت دەبێت. پرسی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پێشێلكارییە بەردەوامەكانی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ـی تشرینی دووەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆ دەبێتەوە و تێیدا چەندان بڕگە و بابەت تاوتوێ دەكرێن.

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت دەبێت بە توندوتۆڵكردنی ڕێنوێنی و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە پێوەر و ڕێكارەكانی خۆپارێزی و مۆڵەتی پیشەكان، لە پێناو پاراستنی ژیان و سەلامەتیی هاووڵاتییان.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەكە تایبەت دەبێت بە هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پێشێلكارییە بەردەوامەكانی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان لەلایەن وڵاتە دراوسێكانەوە.

لە بڕگەی سێیەمدا پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ هەمواركردنی پێڕەوی دایەنگەكان دەخرێتەڕوو.



وشە - رامیار جەواد