بافڵ بۆ تێكدانی كوردستان پەكەكە پەلكێش دەكات.. زانیاری زیاتر لە كۆبوونەوەكەی دوكان

:: PM:11:25:26/11/2022 ‌

تا دێت زانیاری زیاتر لەبارەی كۆبوونەوەكەی دوكان ئاشكرا دەبێت، ئەو كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و چەند حزبێكی كۆ كردەوە، بەڵام بەهۆی كردەیەكی بافڵ كۆبوونەوەكە تێك چوو. 

ئەمڕۆ شەموو 26ی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەك زانیاری نوێی بە "وشە" دا و ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی دوایی بافل تاڵەبانی لەگەڵ حزبەكان، نامەیەكی جەمیل بایك، ئەندامی كۆنسەی پەكەكەی خوێندوەتەوە، دەنگی مەزلووم كۆبانیشی بڵاو كردووەتەوە كە ئەوان پشتگیری دەكەن، بەڵام نەیانتوانیوە بێنە كۆبوونەوەكە. 

سەرچاوەكە زیاتر دەڵێت، ئەو رەفتارەی بافڵ چەند حزبێكی توڕە كردووە، پێیان وایە كە نەگونجاوە پەكەكە و لایەنی تر دەست لە كاروباری هەرێمی كوردستان وەربدەن.

وەك سەرچاوەكە ئاماژە دەكات، لە كۆبوونەوەكە هیچ حزبێكی كوردستانی ئێرانی بانگهێشت نەكرابوون، لە كاتێكدا پێویست نییە حزبی پارچەكانی تر بێن، دووپاتی كردەوە كە بانگهێشتكردنی پەكەكە بۆ پیلاندانان لە دژی هەرێمی كوردستان بووە، لەلایەكی تر بانگهێشتكردنی پەكەكە و بانگهێشت نەكردنی حزبەكانی رۆژهەڵات نیشانەی دووروویی بافلە.

شایەنی باسە چوارشەمی رابردوو لە دوكان، كۆبوونەوەیەك لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و چەند حزبێك بەڕێوە چوو، بافڵ بەو كارەی ویستی دۆسیەی تیرۆری عەقید هاوكار جاف بشارێتەوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن، دۆسیەی تیرۆر گەورەیە و ناشاردرێتەوە، بۆیە بافڵ دەبێ وەهاب مەجید و دارودەستەكەی رادەستی یاسا بكات، ئەوەش دەروونی تاڵەبانی بەتەواوی تێك داوە.



وشە - وشه‌