"ژینابه‌ندان ژن ژیان ئازادی" پڕۆژه‌یه‌كی شیعریی فڕه‌نسییه بۆ پشتیوانی له ژنانی كوردستان و ئێران كه به ده‌ستپێشخه‌ریی نه‌زه‌ند به‌گیخانی شاعیری كورد له فڕه‌نسا، به هاوكاریی نیكۆل باریێر شاعیری فڕه‌نسی جێبه‌جێ كراوه.
له ده‌ستپێكی پڕۆژه‌كه‌دا هه‌ردوو شاعیر بانگه‌وازێكیان له فڕه‌نسا ئاراسته شاعیرانی فڕه‌نسی و فرانكۆفۆن كرد، داوایان كردووه هه‌ر شاعیرێك هۆنراوه‌یه‌ك بنووسێ و بۆ پشتیوانیكردنی ژنانی كوردستان و ئێران دژی چه‌وسانه‌وه و بۆ ئازادی و رزگاری، پێشكه‌شی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی بكات.
پڕۆژه‌كه له سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م ده‌ستی پێ كردووه و بۆ ماوه‌ی مانگ و نیوێك زیاتر له 30 هۆنراوه بۆ ژن ژیان، ئازادی، نووسراون. به‌شێك له هۆنراوه‌كان بۆ زمانی كوردی وه‌رگێڕاون.
پڕۆژه‌كه به دوو شێوه بڵاو ده‌كرێته‌وه، یه‌كه‌میان له ڤیدیۆیه‌ك كه 10 شیعری له‌خۆی گرتووه و به ژێرنووسی كوردی له ماوه‌ی 10 خوله‌كدا په‌خش ده‌كرێت. ئه‌م به‌شه‌ی پڕۆژه‌كه له 25ی تشرینی دووه‌م، رۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌ت بڵاو كرایه‌وه.
به‌شی دووه‌می پڕۆژه‌كه له كتێبێكی شیعری به زمانی فڕه‌نسی، له ده‌زگای هارماتان، به‌شی میله‌ت و كولتوور و ئه‌ده‌بیاتی رۆژهه‌ڵات، كه نه‌زه‌ند به‌گیخانی شاعیر سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، چاپ ده‌كرێت.
له‌و كتێبه‌دا نه‌زه‌ند به‌گیخانی و نیكۆل باریێر، پێشه‌كییه‌ك ده‌نووسن كه باس له ره‌گ و ده‌سته‌واژه‌ی "ژینابه‌ندان" و دروشمی "ژن ژیان ئازادی" كه له بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كوردییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، ده‌كات. له‌م پێشهكییهدا باس له بارودۆخی كورد و ژنان له كوردستان و ئێران ده‌كات. باس له‌و چه‌وساندنه‌وه هه‌مه‌جۆرانه ده‌كات كه له رووی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و جێنده‌رییه‌وه له ئێران، له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسه‌تمه‌دارانی ئیسلامی و فارسی و پیاوسالاری به‌ره‌وڕووی ده‌بنه‌وه.
ژنانی كوردستان زۆر زیاتر له ژنانی فارس ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه
ژنان به‌گشتی له ئێران به‌ره‌وڕووی چه‌وساندنه‌وه‌ی پیاوسالاری و توندڕه‌ویی ئیسلامی سیاسی ده‌بنه‌وه، به‌ڵام ژنانی كوردستان زۆر زیاتر له ژنانی فارس ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه و چه‌وساندنه‌وه‌كان تێكهه‌ڵكێشن، دۆخی نه‌ته‌وه‌یی و بێ ده‌وڵه‌تی و په‌راوێزخراوی و دابڕان له‌خۆ ده‌گرن.
ژینابه‌ندان كه سه‌رناوی پڕۆژه‌كه‌یه، وشه‌یه‌كی لێكدراوه له ناوی ژینا ''مه‌هسا ئه‌مینی'' و به‌ندان پێكهاتووه. به‌ندان له وشه‌ی خهنهبهندانهوه وه‌رگیراوه كه ئاهه‌نگی كۆتایی ژیانی كچانه و چوونه ناو قۆناغێكی نوێیه له ژیانی ژنان. له دوای مه‌رگی ژینا، مێژووی ژنان له كوردستان و ئێران ئێسته دوو قۆناغ له خۆی ده‌گرێت، قۆناغی پێش ژینا و دوای مه‌رگی ژینا. به دروشمی "ژن ژیان ئازادی" پڕۆژه‌كه ستایش له ئاهه‌نگی شۆڕشێك ده‌نێ كه به خوێن ره‌نگ كراوه، وه‌ك خه‌نه‌به‌ندان و كۆتایی سه‌رده‌مێك و سه‌ره‌تای ئازادییه.
ژینا له 13ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ر له‌گه‌ڵ براكه‌ی، بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خزمانی سه‌ردانی تارانی كردبوو، به‌ڵام له نزیك میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب به پاساوی جێبه‌جێنه‌كردنی رێساكانی باڵاپۆشی، ده‌گیرێت و سه‌عاتێك دوای گرتنی به بێهۆشی ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و دوای سێ رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه، گیان له ده‌ست ده‌دات. ده‌گوترێ ژینا له كاتی گواستنه‌وه بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ئاداب، له رێ له سه‌ری دراوه، بۆیه تووشی ئه‌و دۆخه ناله‌باره بووه. له 17ی ئه‌یلووله‌وه كه ژینا به خاك سپێرا، خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كردووه و بۆ ته‌واوی شاره‌كانی تری ئێران گواستراوه‌ته‌وه، ئێرانییه‌كان به هه‌موو نه‌ته‌وه و مه‌زه‌و و پێكهاته جیاوازه‌كان، داوای رووخانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ده‌كه‌ن