به‌رپرسان و سه‌ركرده‌كانی كورد و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ئه‌مساڵ به ساڵی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ناو ده‌به‌ن، پێشتریش حكوومه‌تی كوردستان 20 ملیار دیناری بۆ هه‌ڵبژاردن ته‌رخان كرد. له‌باره‌ی ئاماده‌یی و دۆخی كۆمیسیۆن بۆ ئه‌و پرۆسه چاوه‌ڕوانكراوانه، هه‌ندرێن محه‌مه‌د سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان، له چاوپێكه‌وتنێكی "وشه"دا رای ده‌گه‌یه‌نێت كه كۆتای ئه‌مساڵ ده‌توانن هه‌ڵبژاردن و ریفراندۆم له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌ی كارگێڕیی هه‌رێم ئه‌نجام بده‌ن.
كاره‌كانی پێكهێنان و ڕێكخستن و دانانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی كوردستان به كوێ گه‌یشتوون؟
كۆمیسیۆن له 2015 به‌پێی یاسای ژماره چوار دامه‌زراوه و كۆمیسیۆنێكی نوێیه، بۆیه له سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه ده‌ست كرا به كاره دارایی و كارگێڕییه‌كانی، ئێسته ئۆرگانه‌كانی هه‌مووی ته‌واو بووه، لایه‌نی لێكۆڵینه‌وه و پێڕه‌وی ناوخۆ و كۆمه‌ڵێك كاری تر كه به یاسا ده‌بوو ئێمه ئه‌نجامیان بده‌ین، جێبه‌جێ كراون. ئێسته ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین بۆ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ر داوامان لێ بكرێت، ئاماده‌كارییه‌كانیش خۆی له كڕینی كه‌لوپه‌له‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌بینێته‌وه و هه‌موومان ده‌زانین ئه‌و كۆمیسیۆنه تازه و شتی كۆنمان نییه تا به‌كاری بهێنینه‌وه.
كه‌لوپه‌له‌كان هاوشێوه‌ی هی كۆمیسیۆنی عێراق ده‌بن، یان ئه‌لیكترۆنین و پێشكه‌وتووترن؟
به‌ڵێ به نزیكه‌یی وه‌ك ئه‌وانه‌ی عێراق ده‌بێ، به‌ڵام كوالێتییان باشتر ده‌بێ، جارێ ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كان به‌كار ناهێنرێ، چونكه تێچوویان یه‌كجار زۆره و پێویستی به لێكگه‌یشتنی حزبه‌كانیش هه‌یه، بڕیاره ئه‌و سندووقانه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردن به‌كاری دێنین زۆر شه‌فافتر و ڕوونتر بن به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كۆمیسیۆنی عێراق به‌كاری ده‌هێنێت.
تۆماری ده‌نگده‌رانی كوردستان دروست ده‌كه‌ن یان هی عێراق وه‌رده‌گرنه‌وه؟
تۆماری ده‌نگده‌ران پرسێكی هه‌ستیاره و به‌رده‌وام حزبه‌كان گرنگی پێ ده‌ده‌ن، ئێمه ناچارین ئه‌و داتایانه‌ی پێشتر له عێراق هه‌بوو، وه‌ریان بگرین. ئێسته پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌یه به‌ناوی متمانه، له‌و پڕۆژه‌یه حزبه‌كان بانگ ده‌كه‌ین و پێیان ده‌ڵێین فه‌رموو ئه‌وه تۆماری ده‌نگده‌ران چ گله‌یی و ڕێكارێكتان هه‌یه پێمان بڵێن تا چاكیان بكه‌ین، به مه‌رجێك له چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێنوێنیدا بێ. بۆ نموونه: حزبه‌كان ده‌ڵێن مردووه‌كان ناویان بسڕێنه‌وه، چه‌ند ڕێگه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه هه‌یه، تانه‌لێدان له‌كاتی ده‌نگداندا، یان نووسراو ده‌كه‌ین بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و لیستی مردوومان بۆ ده‌نێرن و ناوه‌كانیان ده‌ردێنین.
ده‌توانن ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ن له‌مساڵدا؟
ئێسته كۆمیسیۆن له لایه‌نی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و ته‌كنیكییه‌وه ئاماده‌یه، بۆیه ده‌توانین هه‌ڵبژاردن و ریفراندۆم له كۆتای ئه‌مساڵ ئه‌نجام بده‌ین، كۆمیسیۆن هه‌رچی پێی ڕاسپێرن ئه‌نجامی ده‌دات، پێمان خۆشه ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێ، چونكه ویستێكی نیشتمانیی هه‌موو تاكێكی كوردستانییه. جگه‌له‌وه كاره‌كه‌یش ئاسانتر ده‌بێ، چونكه كۆمه‌ڵێك ڕێكاری كه‌متر ده‌وێ به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆیه ئه‌گه‌ر داوامان لێ بكرێ، ده‌توانین مانگی 11 واته تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر هه‌ڵبژاردن و ریفراندۆم پێكه‌وه ئه‌نجام بده‌ین.
* سیسته‌می كۆمیسیۆن و كاره‌كانی ڕێك كۆپیكردنی كۆمیسیۆنه‌كه‌ی عێراقه یان چ جیاوازییه‌كی هه‌یه؟
ڕێك كۆپی كۆمیسیۆنه‌كه‌ی عێراقه، له‌به‌رئه‌وه‌ی یاساكه پیت و فاریزه‌یشی له هه‌ندێكی وه‌ك هی به‌غدایه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ شتی خراپتریشی تێدایه، ئه‌گه‌ر به‌راوردی هه‌ردوو یاساكه بكه‌ین، ڕه‌نگه هه‌ندێك جیاوازی به‌دی بكرێ كه له ڕووی كارگێڕییه‌وه كێشه بن، به‌ڵام سیسته‌مه‌كه هه‌روا ده‌بێ و ئێمه پابه‌ندین به یاسا.
پێوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه جیهانییه‌كان چۆنه بۆ هێنانی چاو‌دێر بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان؟
هه‌بوونی چاودێری بیانی كارێكی باشه، به‌ڵام زۆریش پێویست نین، چونكه پێویسته ئێمه له‌ناو خۆمان ده‌نگده‌ر و حزبه‌كانیش متمانه‌مان به‌خۆمان هه‌بێت، نابێ چاوه‌ڕێ بكه‌ین كه‌سێكی بیانی بێت و بڵێ ئه‌و شته ڕاسته، ئه‌وكات ئێمه‌ش بڵێین ڕاسته، له‌گه‌لأ ئه‌وه‌شدا ئێمه پێوه‌ندییه‌كانمان زۆر باش بنیات ناوه و له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و زۆربه‌ی ڕێكخراوه‌كانی دنیا كارمان كردووه.
ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی كۆمیسیۆنی كوردستانی لێ دروست كراوه، به ڕێككه‌وتن و پشكایه‌تی حزبه‌كانی كوردستان بووه، ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گیرێ ئه‌و ڕێككه‌وتن و پشكایه‌تییه بۆ دامه‌زراندنی كارمه‌نده‌كانی كۆمیسیۆنیش جێبه‌جێ كراوه؟
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای یاساكه بكه‌یت، ده‌ڵێ ده‌بێ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران له په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرێن، په‌رله‌مانیش نوێنه‌ری حزبه‌كانی تێدایه، پێشتر نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یه‌كه‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانی عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه هه‌ڵبژارد، ده‌بوو لێره‌ش شتێكی وا بكرایه، بۆیه ئه‌و پرسیاره ده‌مێكه دروست بووه، به‌ڵام گرنگی له‌وه‌دایه هه‌ر تاكێك له كۆمیسیۆن پابه‌نده به كۆمه‌ڵێك یاسا و ڕێسا، ئه‌مه وای كردووه نه‌توانرێ به ویستی خۆیان كار بكه‌ن، جگه‌له‌وه‌ش پابه‌ندبوونێكی ئه‌خلاقیش له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌كێك له كه‌سه‌كانی ناو ئه‌و كۆمیسیۆنه هه‌یه.
حزبه‌كانی كوردستان ناكۆكی و گرژی له نێوانیان هه‌یه، پێكهاته‌ی كۆمیسیۆنیش له نوێنه‌ری ئه‌و حزبانه پێك هاتوون، ئه‌م ناكۆكییانه له‌ناو كۆمیسیۆن هیچ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه؟
نه‌خێر، چونكه یه‌كه‌م شت ئه‌وانه به‌ر له‌وه‌ی له په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرێن، سه‌رجه‌میان له حزبه‌كانیان ده‌ستیان له‌كار كێشاوه‌ته‌وه، بۆیه نابێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی حزبایه‌تی بكه‌ن، دووه‌میش سه‌رجه‌میان له ئاستی به‌رپرسیاریه‌تیدان و به رۆحێكی نیشتمانییانه ئیشه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌مه دوو ساڵیشه دامه‌زراوین هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌و ڕووه‌وه نه‌بووه.
چ به‌رنامه و پلانێكتان هه‌یه بۆ ڕێگری له ساخته‌كردن؟
كۆمه‌ڵێك ڕێكار و یاسامان هه‌یه و رێگری له ساخته‌كردنیان پێ ده‌گوترێ، ئه‌و ڕێكارانه دانراون و جێبه‌جێ ده‌كرێن، جگه‌له‌وه‌ش چاودێری حزبه‌كان زۆر گرنگه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندییان له ئیشه‌كه‌یه، بۆیه چاودێریی ئه‌وان له چاودێریی بیانی و چاودێریی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیش گرنگتره.
بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان كێ ئێوه ڕاده‌سپێرێت؟
به‌پێی جۆری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌گۆڕێت، بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان سه‌رۆكی حكوومه‌ت راسپاردنی هه‌ڵبژاردن ده‌نێرێت، بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ریفراندۆمیش سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.
به‌بێ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژارنه‌كان ده‌توانن هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ن؟
ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین ئه‌و یاسایه هه‌موار بكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌مواریش نه‌كرێته‌وه ده‌توانین له‌سه‌ر هه‌مان یاسا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ین.
بۆچی ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ن ئه‌و یاسایه هه‌موار بكرێته‌وه؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئیشی پێ ده‌كرێ به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسایه، سیسته‌می كراوه‌یه و ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ران دووجای ڕێژه‌ی كورسییه‌كان ده‌كرێت، ئه‌وه بۆ ئێمه له‌كاتی هه‌ژماری ده‌نگه‌كان زۆر گرفت دروست ده‌كات و به‌پێی یاساكه‌ش ده‌بێ له ماوه‌ی 72 سه‌عات ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ڕابگه‌یه‌نرێت، ئه‌و سیسته‌مه یارمه‌تیمان نادات، ئه‌گه‌ر سیسته‌می داخراو بێ، ده‌توانین به 48 سه‌عات ئه‌نجامه‌كان ڕابگه‌یه‌نین.
له‌ناو حزبه‌كانیش كێشه له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌یه، تۆ وه‌ك كه‌سێكی به ئه‌زموون كامه‌ی به باش ده‌زانیت؟
سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین بۆ كام هه‌ڵبژاردن كام سیسته‌م هه‌ڵده‌بژێرێ، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایه یان شارۆكه‌كانه، یان په‌رله‌مان، به‌بۆچوونی من بۆ په‌رله‌مان كه ماڵی یاسادانانی پێ ده‌گوترێ، پێویسته لیسته‌كه داخراو بێ، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌توانا بێنه په‌رله‌مان و سه‌ریان له كاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌ربچێت و پسپۆڕ بن له بواره‌كاندا.
ئێسته كوردستان كۆمیسیۆنی خۆی هه‌یه، نووسینگه‌كانی كۆمیسیۆنی عێراق له كوردستان چی‌یان به‌سه‌ر دێت؟
ئه‌و نووسینگانه ئیشی هه‌ڵبژاردنه فیدراڵییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئێمه‌ش ئیشی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌ڵام هاوئاهه‌نگیمان له نێوان هه‌یه، كه‌سمان شوێنی كه‌سمان ناگرینه‌وه. هه‌رچه‌نده زیادیشه، ئێسته له هه‌ولێر چوار ئۆفیسی كۆمیسیۆن هه‌یه، دووی هی به‌غدایه و دووی هی كوردستان، له دهۆك و سلێمانیش دوو ئۆفیس هه‌ن یه‌كێك هی به‌غدا و ئه‌ویتریش هی خۆمان.
له ڕووی كارگێڕی و دامه‌زراندن و پێویستییه‌كان و كه‌لوپه‌له‌كان چه‌ند جێبه‌جێ كراون؟
له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه نووسینگه‌مان هه‌یه، له كارگێڕی هه‌ڵبژاردنیش پێنج فه‌رمانگه‌مان هه‌یه، كه‌لوپه‌لی ئۆفیسه‌كانمان دابین كردووه و كه‌لوپه‌لی هه‌ڵبژاردن ماون و ئه‌ویش له به‌رنامه‌دایه بیكڕین، بۆ دامه‌زراندنیش میلاكمان 535 كه‌سه و ئێسته ئه‌وه ته‌واو بووه.
ده‌توانن ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردن له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌ی كارگێڕیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن؟
به‌ڵێ ئه‌گه‌ر داوامان لێ كرا، له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌ی كارگێڕیی هه‌رێمی كوردستان ئیش بكه‌ین، ده‌توانین و ڕێكاریشی بۆ داده‌نێین، هیچ كێشه‌یه‌كمان نابێ و زۆر به ئاسانیش ده‌توانین ئه‌نجامیان بده‌ین.
باز ئه‌حمه‌د - به‌رهه‌م عه‌بدوڵا