ته‌حسین ئیبراهیم دۆسكى نووسه‌رى ناسراوى ده‌ڤه‌رى بادینان و باشوورى كوردستان راى ده‌گه‌یه‌نێت، ئامانجى كاركردنى ئه‌و، زمان و ئاینه. دۆسكى كه هه‌وڵ ده‌دات ئاین و كوردایه‌تى به‌یه‌كه‌وه گرێ بدات، له دیدارێكى "وشه"دا روونى ده‌كاته‌وه، زۆر كه‌س به دواى قورئان و سوننه‌ت كه‌وتوون و مسوڵمانیش نین. دۆسكى كه 106 به‌رهه‌مى چاپكراوى هه‌یه، پێداگیرى له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه كاراكردنى بوارى ره‌خنه‌یى، له دانانى سانسۆر باشتره.
ته‌حسین ئیبراهیم دۆسكى كێیه؟
من ته‌حسین ئیبراهیم دۆسكی له ساڵى 1970 له دهۆك له دایك بووم، ساڵى 1991 كولێژى شه‌ریعه‌تم له زانكوى به‌غدا ته‌واو كردووه و ئێسته وه‌ك مامۆستاى زمانى عه‌ره‌بى له دهۆك كار ده‌كه‌م و خێزاندارم و سێ كوڕ و دوو كچم هه‌یه.
كه‌ی ده‌ستت به نووسین كرد؟
كاتێك قوتابى بووم له زانكۆ، ده‌ستم به نووسینى كتێب كردووه، دواى ته‌واوكردنى زانكۆ به‌شێوه‌یه‌كى فره‌وانتر ده‌ستم به نووسین كرد و ئێسته 106 كتێبى چاپكراوم هه‌یه، سێیان له‌ژێر چاپدان و 10 كتێبى تر له قۆناغه‌كانى نووسینه‌وه‌ن و دوو پڕۆژه‌ى گرنگ و گه‌وره و فرهوانیشم له به‌رده‌سته، ئه‌وانیش شیكردنه‌وه‌ى "دیوانى مه‌لاى جزیرى و كتێبى باغى ئیره‌م"ن كه به‌رهه‌مى زیاتر له 20 شاعیرى كلاسیك له‌خۆ ده‌گرێت و تا ئێسته هیچ كه‌س نهیناسیوون و به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ناوچوون، به شێوه‌یه‌كى گشتى له بواره‌كانى ئاینى و ئه‌ده‌ب و مێژوو ده‌نووسم.
ماوه‌یه‌كه له‌ناو خه‌ڵك و راگه‌یاندن دوور كه‌وتوویته‌وه، هۆى چییه، خۆت وه‌ك كه‌سێكى زاهید نیشان ده‌ده‌یت یان چى؟
له رابردوودا 18 ساڵ به‌رنامه‌ى رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنم هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى كات و خه‌ریكبوون به نووسین و كتێب ماوه‌ى پێنج ساڵه دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه، دووركه‌وتنه‌وه بۆ هه‌ر كه‌سێك گرنگه به‌و مه‌رجه‌ى دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كى سنووردار بێت كه ئه‌مه ده‌بێته زاهیدى.
ئێسته ئه‌نجامدانى دیبه‌ت و دانوستاندن زۆر بووه، بۆچى له هیچ كامێكیان به‌شداریت نییه؟
دیبه‌ت و دانوستاندنه‌كانى ئێسته ته‌نیا چاولێكه‌رییه و بێ ئه‌نجامه، دیبه‌یته‌كان وه‌ك شه‌ڕى دوو كهڵهشێرن كه له‌لایه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رانى دیبه‌یت به به‌شدارانى ده‌كه‌ن و له‌لایه‌كی تر ئه‌و كه‌سانه‌ى له دیبه‌ته‌كه‌دا به‌شدارن، بیركردنه‌وه‌كانى خۆیان په‌خش ده‌كه‌ن و بێجگه له كاتكوشتن سوودێكى تر‌ى نییه.
چه‌ندان كتێبى بیرى توندڕۆیى بڵاو بوونه‌ته‌وه و نیگه‌رانی دروست كردووه، ئایا دانانى سانسۆر له‌سه‌ر كتێب گونجاوه؟
سانسۆر چه‌كێكى دوو سه‌ره‌یه، له‌لایه‌ك خزمه‌ت به جۆرى كتێب ده‌كات و له‌لایه‌ك رێگرى له نووسینى كتێب ده‌كات، باشتره له‌جیاتى دانانى سانسۆر بوارى ره‌خنه كارا بكرێت، چونكه به‌هۆى پێشكه‌وتنى ته‌كنۆلۆژیا رێگرى له كاره قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان زۆر ئه‌سته‌مه.
دواى كتێبى ئه‌ده‌بى و شیعر و مێژوو كه ده‌ستت به نووسین له بوارى ئاینى كرد، ئه‌وه چۆن رووی دا؟
یه‌كه‌م به‌رهه‌مم كتێبێكى ئه‌ده‌بى بوو كه ئه‌ویش دیوانى مه‌لاى بابه‌تى بوو، دواتر كتێبێكى ترم به‌ناوى ده‌روازه‌یه‌ك بو ئه‌ده‌بى كوردى نووسى و دواتر له بوارى مێژوویدا بوو، دواى چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌شت كتێبیى ئه‌ده‌بى و مێژوویى، ده‌ستم به نووسینى كتێبى ئاینى كرد، من له نووسینى كتێب دوو ئامانجم هه‌یه كه ئاین و زمانن. پێم وایه شیعر و ئه‌ده‌بى كلاسیك رۆڵێكى به‌رچاوى هه‌بووه له ژیانى زانا و مه‌لا و كه‌سایه‌تییه جیاجیاكانى كورد. به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان، ئه‌گه‌ر تێكه‌ڵى ئاین بكرێن، چێژى زۆرتره به‌تایبه‌تى بۆ تێگه‌یشتن.
له مووسڵ و ره‌قه داعش به‌ناوى ئیسلام و ئه‌حكامه‌كانى قورئان فه‌رمانڕه‌وایى ده‌كات، ئایا داعش پێڕه‌وى له ئیسلام ده‌كات؟
له هیچ شوێنێكى دنیا ئیسلام به ته‌واوه‌تى جێبه‌جێ ناكرێت، ئه‌وه‌ى له مووسڵ و ره‌قه له‌لایه‌ن داعشه‌وه روو ده‌دات ئیسلام نییه، پێشتریش چه‌ندان ده‌سته به‌و ناوه هاتوون و رۆیشتوون و ئیسلام هه‌ر ماوه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ده‌ستانه بگه‌ن به ئامانجه‌كانیان، هه‌ر ده‌بێت پێڕه‌وى ئیسلام بكه‌ن. پێم وایه ئه‌م شته له دیموكراسیش هه‌یه و ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌یانه‌وێت ته‌مه‌نى داعش زیاد بێت، چاك له‌وه تێده‌گه‌ن داعش و ئیسلام زۆر له یه‌كتر دوورن، له كوردستاندا له‌سه‌ر ئاستى تاك ئه‌حكامه‌كانى ئیسلام له ئاستێكى زۆر به‌رزدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئێوه تێكه‌ڵكردنى ئاین و سیاسه‌ت به‌گونجاو ده‌زانن؟
ئیسلام ته‌نیا له سیاسه‌تدا كۆ ناكرێته‌وه، به‌ڵكو ئیسلام به‌رنامه‌ى ته‌واوى بۆ هه‌موو ژیان هه‌یه، به‌ڵام حزبه ئیسلامییه‌كان به پاساوى "ئیسلام و سیاسه‌ت لێك جیا ناكرێته‌وه"، ته‌نیا سیاسه‌ت ده‌گرن و لایه‌نه‌كانى تر فه‌رامۆش ده‌كه‌ن. ئیسلام و سیاسه‌ت دژى یه‌كتر نین و ئێسته مسوڵمانان له خراپترین كاتدا تێده‌په‌ڕن و كه‌سایه‌تییان له ده‌ست داوه، وێڕاى ئه‌وه‌ى ئیسلام دۆزێكى دادپه‌روه‌رانه‌یه، به‌ڵام كه‌وتووه‌ته ده‌ست هه‌ندێ پارێزه‌رى شكستخواردوو.
سه‌له‌فیه‌ت به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى له كوردستاندا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێت، چۆن ده‌بینن؟
ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر قورئان و سوننه‌ت كه شوێنكه‌وتوانی ئهسحابى و تابعى ده‌گرێته‌وه بڕوات، ئه‌وا خۆى كه‌سێكى سه‌له‌فییه، به‌ڵام زۆر كه‌س هه‌ن به درۆ خۆیان له‌ژێر ئه‌م ناوه شاردووه‌ته‌وه و لێره و له‌وێ قسه ده‌كه‌ن و هه‌ڵوێستیان هه‌یه، كوردستانیش له‌مه به دوور نییه.
دوا پرسیارمان ئه‌ده‌بییه، "سیسه‌بان" به‌رهه‌مى خالید ئاغا زێبارییه یان فه‌قێ ته‌یران؟ ئایا ئه‌وانه یه‌ك كه‌سن یان جیان؟
له دواین به‌یتى سیسه‌بان ئه‌وه هاتووه:
ئه‌و خالیدێ زێبارى گوتى كه‌لامێ مه‌وزوون
وى ب ناڤێ جهببارى قافى چار تاكریه كوون
بو خالید كه‌ن دیارى دوعا و فاتحا ژێر بخوون
رحمه‌ت ل وى ببارى شاعرێ نهزما بێچوون
ئه‌م شاعیره كلاسیكییه هێشتا نههاتووهنه ناسین و به‌شێكى زۆر له ژیان و به‌رهه‌مه‌كانى ون بوون، له‌به‌رئه‌وه روون نییه كه ئه‌و به‌رهه‌مه هى كێیه و ئه‌وانه كێن.
دهۆك- نه‌وزاد هلۆریى