كەی كۆتایی جەنگی ئۆكراینا دیاری دەكەن؟

:: PM:06:51:25/01/2023 ‌

بێنە پێش چاوت ئەگەر سەرۆكی بەهێزترین وڵاتی دنیا، یان یەكێك لە بەهێزترین وڵاتی دنیا بیت و ئەو هەموو توانا و چەك و هێزی سەربازی و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی و چەكی ئاسایی و نائاساییت لەبەردەست بێت، بتوانی بڕیاری گۆڕانكاری گەورە لە دنیا بدەیت، لەو جەنگەی ئۆكراینا، كە وەك تەختەیەكی یاری شەترەنج لە نێوان رووسیا و ئەمەریكا دێتە بەر چاو، چۆن بڕیار دەدەیت؟، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت كە سەرانی ئەمەریكا و رووسیا كامیان كۆتایی ئەو جەنگە دیاری دەكات، كە خەریكە لە ساڵێك نزیك دەبێتەوە.

رووسیا و ئەمەریكا و ئەڵمانیا و ئەوروپا، ئەزموونێكی زۆریان لەبارەی دوو جەنگی پێشووی جیهانی هەیە، ئەوان تەواو شارەزای توانا و پلان و چەكی خۆیان و یەكترن، بۆیە بەجوانی دەتوانن لەو خاڵە جەنگی ئۆكراینا بوەستێنن، كە بە زیانی گەورەی خۆیان دەگوزەرێت، ئەوە تەواو ئەو خاڵەیە هەریەك لە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا و جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی كاری لەسەر دەكەن، بۆ ناچاركردنی بەرانبەرەكەیان بۆ ملكەچبوون، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو سەپاندنی سیستمێكی بەرپەرچدانەوە بۆ داهاتوو، واتە بۆ قۆناغی دوای جەنگەكە.

دوای ماوەیەك لە گوشارێكی زۆر بۆ سەر راوێژكاری ئەڵمانیا، ئەو بە پێدانی تانكی پێشكەوتووی "لیوپارد2"، بە ئۆكراینا رازی بوو، جیا لەو ئەمەریكاش تانكی "ئەبرامز"، بە ئۆكراینا دەدات، هەرچی بەریتانیایە پێشتر بڕیاری داوە بە پێدانی تانكی "چالنجەر"، بە ئۆكراینا، كە ئەوەش رووسیای نیگەران كرد، كاتێك سێرگی نیچاییڤ، باڵوێزی رووسیا لە ئەڵمانیا سەركۆنەی بڕیارەكەی بەرلینی كرد بە رەوانەكردنی تانكی "لیوپارد2"، بۆ كیێڤ، لە توتێكدا گوتی، بڕیارێكی زۆر مەترسیدارە و دەكرێ ئاستی ململانێكە بگەیەنێتە ئاستێكی نوێ لە رووبەڕووبوونەوە.

ئەڵمانیا رەزامەندی داوە بە پێدانی 14 تانكی لەو جۆرە لە چوارچێوەی دوو كەتیبە و ئۆكرانییەكان بەخێرایی لەسەر بەكارهێنانی مەشقیان پێ بكرێت، جیا لە دابینكردنی تەقەمەنی و خزمەتكوزاری لۆجیستی بۆیان، رێگەشی بە وڵاتانی تر داوە كە ئەو تانكەیان هەیە بە ئۆكراینای بدەن.

خەریكە هێرشەكەی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كردووە، دەچێتە ناو دووەم ساڵییەوە، ئێستە هەردوو بەرەی شەڕ كار بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگە دەكەن، بەڵام بۆ بەرژەوەندی خۆیان، لەوكاتەی رووسیا دەیەوێ ئۆكراینا ددان بە دەستبەرداربوونی لەو ناوچانە دابنێت كە كۆنترۆڵی كردوون، لەوانە نیوچە دوورگەی كرمیا و چوار ناوچەكەی بە راپرسی خستنییە سەر خاكی وڵاتەكەی، ئەمەریكا و ناتۆ پلانێكی تریان هەیە، ئەوان نەك بیر لە كۆتایی جەنگەكە دەكەنەوە، بەڵكو زیاتر لەوە، بیر لە دوای جەنگەكە و چارەنووسی ناوچەكە، واتە ئۆكراینا و وڵاتانی تری ناوچەكە و وەستاندنی یەكجارەكی هەڕەشەكانی رووسیا دەكەنەوە.

 لەو كاتەی شارەزایانی سەربازی پێشبینی ئەوە دەكەن كە رەنگە ئەمساڵ جەنگی ئۆكراینا بەشێوەیەك لە شێوەكان بەرەو كۆتاهاتن بچێت، ئاسف مولحیم، بەڕێوەبەری سەنتەری "جی سی ئێم"، بۆ توێژینەوە لە مۆسكۆ دەڵێت، لە ماوەی رابردوو وڵاتانی رۆژئاوا چەكی رووسیان بە ئۆكراینا دەدا، بەڵام بەم دواییە تانكی تری پێشكەوتووی پێ دەدەن، ئەوەش ئاماژەیە بۆ دژە هێرشێكی نزیكی ئۆكراینا، كاتێك بەرپرسانی رۆژئاوا لایان وایە كە هەلێكی گونجاوە بۆ پێشكەشكردنی تانكی پێشكەوتوو بە كیێڤ بۆ وەستاندنی هێرشی رووسیا و تۆڵەكردنەوە لێی و وەشاندنی گورزێكی گەورە لە سوپاكەی. 

چاودێر بۆ دۆخی ئۆكراینا لای دیارە كە لە ماوەی چوار رۆژدا هەڵوێست و ئاماژەكانی ئەمەریكا گۆڕانكاری بەسەردا هات، سەرەتا ئەمەریكا رەتی كردەوە تانكی "ئەبرامز"، بە ئۆكراینا بدات، بەڵام دوای سووربوونی ئەڵمانیا بەوەی تانكی "لیوپارد2"، بە ئۆكراینا نادات تا ئەمەریكا پێی نەدات، ئەوە وای كرد ئەمەریكا هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و رەزامەندی رەوانەكردنی ئەو تانكە بۆ ئۆكرانیا بدات، كە رەنگە ئەوەش هەر رێگەیەك بێت بۆ هێنانی تانكی ئەمەریكی بۆ ناو شەڕەكەوە.

رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی دیدارێكی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای بڵاو كردەوە، تیایدا لەبارەی دۆخی ئۆكراینا رای گەیاند كە ئیدارەی بایدن دەستی كردووە بە پلاندانان بۆ دروستكردنی هاوسەنگییەكی سەربازی بۆ قۆناغی دوای جەنگی ئۆكراینا، بەشێوەیەك توانای بەرپەرچدانەوەی سوپای ئۆكراینا ئەوەندە بەهێز بكات، جارێكی تر هێرشی رووسیا دووبارە نەبێتەوە، كەچی پێشتر باسی ئەوە كراوە كە ئەمەریكا بە یارمەتیدانی ئۆكراینا لە شەڕەكە، دەیەوێ پێگەی لە دانوستانەكان بەهێز بێت.

وەك لە دیدارەكەی بلینكن دەردەكەوێت ئەمەریكال دەیەوێ توانای بەرپەرچدانەوەی ئۆكراینا بۆ داهاتوو بەهێز بكات، چونكە ئەمەریكا پێی وایە دەبێت شكستی رووسیا ببێتە هاندەر بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ بیركردنەوە لە شێوەی ناوچەكە بۆ دوای جەنگەكە، ئەوەش بە پێدانی سیستمی زریپۆش و بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوو، ئەو پلانەش دوای چەند مانگێك لە گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی كۆتاهێنان بەو شەڕە و داڕشتنی قۆناغی دوای جەنگەكە دێت.

رەنگە قسەكانی بلینكن ئەو پرسیارە برووژێنن، ئاخۆ ئیدارەی ئەمەریكا وای دەبینێت كە هێرشەكەی رووسیا و جەنگەكە شكستی هێناوە و دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ شەڕەكە تەنیا پێوەستە بەكاتەوە؟، ئاخۆ ناكۆكی دوایی ئەمەریكا لەگەڵ ئەڵمانیا لەبارەی تانكەكان، تەنیا بۆ بەهێزكردنی توانای سەربازی ئۆكراینا بووە یان پلانێك بۆ دوای جەنگەكە، ئاخۆ ئەو بەهێزكردنە سەربازییەی ئۆكراینا، لەگەڵ هاتنی بۆ ناو یەكێتی ئەوروپا، سەرەتایەك نییە بۆ هێنانی بۆ ناو ناتۆ؟

ئێستە بەدەر لە گەرمیی شەڕەكە لە چەند بەرەیەكی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا و ئامادەسازی هەردوولا بۆ هێرشێكی گەورە، هەوڵێكی ناراستەوخۆی وەستاندنی شەڕەكە هەیە، بەتایبەتی لەلایەن چین و توركیاوە، كە بەپێی راپۆرتەكان ترووسكاییەك بۆ وەستانی لە كۆتایی توونێلەكە دەركەوتووە، كە رەنگە لە ساڵێك كەمتر نەبێت، ئەوە ئەگەر كرملین ئامادەی كۆتاهێنان بەو جەنگە بێت، بە چاوپۆشینی ئۆكراینا لە نیوچە دوورگەی كرمیا، لەگەڵ ئەوەش ئەوانە هەمووی گریمانن، بەگشتی هەنگاوەكانی دوایی هەردوو بەرەی جەنگ ئاماژەن بۆ چوونە ناو قۆناغێكی نوێی شەڕ و ململانێكە، كە رەنگە دۆزینەوەی چارەسەر و داڕشتنەوەی سنووری ناوچەكە یەكێك بێت لە ئامانجەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل