"بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ سیاسییە"

:: PM:07:39:25/01/2023 ‌

دادگەی فدیراڵی عێراق، كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، وەك شمشێرێكی سیاسی خراوەتە سەر ملی هێزە ركابەركانی ئەو لایەنانەی بەسەر بڕیارەكانی دادگەكەدا زاڵن، ئەمڕۆ جارێكی تر بڕیاری لە دژی هەرێمی كوردستان و قووت و بژێوی فەرمانبەران و خەڵكی هەرێم دا، پەرلەمانتارێكی پێشوو بڕیارەكەی بە سیاسی لەقەڵەم دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەم دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارێكی لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد بە هەڵوەشاندنەوەی هەر بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشێلكردنی یاسا و مادەكانی دەستوورە، بڕیارەكە لەدوای سكاڵایەك هات بۆ یەكلاكردنەوەی یاساییبوونی رەوانەكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان.

دانا جەزا، پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بڕیارەكەی دادگەی فدراڵی بە سیاسی لەقەڵەم دا، ئەو گوتی، بڕیاری دادگەی فیدراڵ بەوەی رەوانەكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نایاساییە، بڕیارێكی سیاسییە، كە بەداخەوە لە ماوەی دواییدا لە بەرانبەر هەر پەرەسەندنێكی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا دادگەكە چەند بڕیارێكی سیاسی دەركردووە.

وەك وڵامی گونجاو و بۆچوونی كورد بەرانبەر بە بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ، سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا دووپاتی كردەوە، جێگەی داخە جارێكی تر دادگەی فیدراڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و رێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت، كە بڕیار بوو لە لایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

لێرەدا مەبەست بڕە پارە نییە، بەڵكو كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیپە، هەموو لایەك ئاگەدارن كە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانیەتی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی روون و تێروتەسەل بووە كە هەموو لایەنەكان رێككەوتنیان لەسەر كردووە. 

دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانیش، كە مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بووە لەو بەرنامەیە و رێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدراڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پرۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانیەتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.

جێگەی سەرسڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدراڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە، بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكا و جێگەی دادگەی شۆڕشی رژێمی پێشووی گرتووەتەوە.

لێرەدا داوا لە حكوومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانیەتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكەم، هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن، كە لەلایەن دادگەی فیدراڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل