چارەنووسی 400 هەزار خوێندكاری سنووری پارێزگای سلێمانی نادیارە

:: AM:08:45:24/10/2016 ‌

بەهۆی بایكۆتكردنی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنەوە لەلایەن مامۆستایانی ناڕازییەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چارەنووسی 400 هەزار خوێندكار بۆ خوێندنی ساڵی 2016-2017 نادیارە، ئەمە سەرەڕای داخستنی دەرگەی زیاتر لە هەزار خوێندنگە.

بەهۆی ناڕەزایەتی دواكەوتن و پاشەكەوتی مووچەكانیانەوە، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنیان لێ نەدا و دەرگەی خوێندنگەكانیان بە ڕووی خوێندكاراندا نەكردەوە، ئەمەش چارەنووسی ساڵی نوێی خوێندن و خوێندكارانی خستووەتە مەترسییەوە كە ئەمساڵ دەوامی خوێندن نەكرێت. وەك شۆڕش عەفووری گوتەبێژی وەزارەتی پەرەوەردە ڕای دەگەیەنێت، وەزارەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مامۆستایان.

ئەو بە"وشە"ـی گوت، "گرنگ بوو سەرەڕای هەموو تەنگژەكان و ڕەوایەتی داوای مامۆستایان، خوێندنی ساڵی نوێ‌ دوا نەكەوتایە و چارەنووسی خوێندكاران بە نادیاری نەمابایەتەوە".

ماوەی دوو ساڵە هەرێمی كوردستان بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پێ‌ نادرێت و ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بە جۆرێك پرسی بایكۆت ڕۆژ بە ڕۆژ لەناو فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكوومەت زیاتر دەبێت. 

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی باس لەوە دەكات كە دەست پێنەكردنی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەرگەی زیاتر لە هەزار خوێندنگەی داخستووە و چارەنووسی 400 هەزار خوێندكاریش نادیارە. كەمال نووری بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی بە"وشە"ـی گوت، "ئەمساڵ بەهۆی بایكۆتی سەرتاسەری مامۆستایان، ژمارەیەكی زۆری خوێندكارانی خوێندنگەكانی حكوومی چارەنووسیان نادیارە، جگە لە ژمارەیەكی كەمی خوێندنگەی كەرتی تایبەت، ئێستە سەرجەم دەرگەی دایەنگە و باخچە و خوێندنگەكانی حكوومی داخراون".

زیاتر گوتی "لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری، زیاتر لە هەزار خوێندنگە دەرگەیان داخراوە و زیاتر لە 400 هەزار خوێندكار چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵیان نادیارە، لەو سنوورەدا 37 هەزار مامۆستاش بایكۆتی خوێندنیان ڕاگەیاندووە".

هەرچەندە حكوومەتی هەرێم، سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە هەوڵی زۆریان دا خوێندنی ئەمساڵ دوا نەكەوێت و مامۆستایان بایكۆتی دەوام نەكەن، بەڵام مامۆستایان سوور بوون لەسەر داواكارییەكانیان و بایكۆتەكەیان ڕاگەیاند، دووپاتی دەكەنەوە "تا داواكارییەكانیان بە كردار جێبەجێ‌ نەكرێت، دەرگەی خوێندنگەكان ناكەنەوە".

عادل حەسەن ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، زیاد لە جارێك بەڵێنی بێ‌ كردارمان پێ‌ دراوە، بۆیە ئەم جارە بە قسە بایكۆتەكەمان ناشكێنین.

روونی كردەوە، "مامۆستا هەیە مانگانە 400 هەزار دینار كرێ‌ دەدات و ئێستە بە دوو مانگ 400 هەزار وەردەگرێت، ئیتر كێ‌ ڕووی دێت بەو مامۆستایە بڵێت وەرە وانەكانت بڵێرەوە؟"

لەبارەی شكاندنی بایكۆتەكەشیان، ئەو ئەندامەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی ڕوونی كردەوە، ناتوانن بە بەڵێنی ناو كۆبوونەوە و سەر كاغەز بایكۆت بشكێنن، بۆیە هەنگاوی كردەیی حكوومەت دەریدەخات كەی دەرگەی خوێندنگەكان دەكرێنەوە.   

حەسەن باسی لەوەش كرد، ئەوان لە خەمی پرۆسەی خوێندن و چارەنووسی ئەو ژمارە زۆرە خوێندكارەن، بەڵام وەك دەڵێت ئەوانیش پێویستیان بە ژیانە و دەبێت كارێك بكرێت مامۆستا بە خەیاڵێكی ئاسوودەوە وانەكانی بڵێتەوە. 

وشە/ سلێمانی- شاد كەیوان



وشە - تایبه‌ت