د. عه‌ڕه‌فات كه‌ره‌م ستوونى سه‌رۆكى فڕاكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له دیدارێكى "وشه"دا باس له ناكۆكى و په‌رش و بڵاوى نێوان فراكسیۆنه كوردییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كات و سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به كه‌سێكى "لاواز و بێ ده‌سه‌ڵات" ناو ده‌بات.
له كوردستاندا باس له ریفراندۆم ده‌كرێت، ئایا ده‌توانرێ ریفراندۆم له ناوچه دابڕاوه‌كانیش بكرێ؟
ریفراندۆم مافێكى ده‌ستووری و یاسایی و ئاسایییه، مافى سه‌ره‌كیى هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كه، ئێمه‌ش مافێكى ئاسایی و یاسایی خۆمانه ریفراندۆم بكه‌ین و ده‌بێت رێز له ده‌نگی خه‌ڵك بگیرێت، بێگومان له ناوچه دابڕاوه‌كانیش خه‌ڵك به‌شدار ده‌بن، نه‌ك حه‌ز ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده كه‌یفخۆشن بۆ ریفڕاندۆم چه‌ندان جار داوایان له ئێمه كردووه هه‌وڵ بده‌ین زوو ریفڕاندۆم بكرێت، چونكه ئه‌وه سه‌لمێنراوه كورد ده‌توانێ به‌بێ جیاكارى وڵات به‌ڕێوه ببات.
حه‌شدى شه‌عبی چۆن ده‌بینن، ئایا هیچ مه‌ترسییان هه‌یه بۆ كورد؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه بۆچى له په‌رله‌مان به‌شێكى زۆرى نوێنه‌رانى كورد ده‌نگیان پێ دا ببن به هێزی یاسایی؟
ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان پێ دا ئێسته زۆر په‌شیمانن. له په‌رله‌مانى عێراق زۆرجار له نێوان فراكسیۆنه‌كان بۆ بودجه و زۆر شتى تر رێككه‌وتن ده‌كرێ كه ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه ده‌نگ بده‌ن و ئێمه‌ش بۆ ئه‌وان، به‌ڵام به بڕواى من هه‌ر هه‌ڵه‌یه، چونكه حه‌شدى شه‌عبى مه‌ترسی بۆ سه‌ر كوردستان هه‌یه و ئێسته مه‌ترسییه‌كه دروست بووه. دوو مه‌ترسی گه‌وره له حه‌شدى شه‌عبی هه‌یه، یه‌كه‌م ئه‌وان هێزێكى مه‌زه‌ویى سه‌ربه ئێرانن، هه‌ر كه‌سێك رێگر بێت له‌و مه‌زه‌وه ته‌ختى ده‌كه‌ن، به چاوى خۆمان بینیمان له دیاله و فه‌لوجه و ئێسته ئه‌مه‌ریكا نه‌بێت هه‌مان شت ده‌كه‌ن، دواى شه‌ڕى داعش مه‌ترسییه‌كى گه‌وره هه‌یه شه‌ڕ له نێوان پێشمه‌رگه و حه‌شدى شه‌عبی دروست ببێت، به تایبه‌ت له ناوچه جێناكۆكه‌كان.
دووه‌م مه‌ترسى ئه‌وه‌یه، حه‌شدى شه‌عبی ئێسته ده‌یه‌وێت چه‌كه‌كه‌ی دابنێت، هه‌مووى ئاماده كراوه بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو به هێز به‌شدار بن، ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ى كار بۆ ده‌وڵه‌تى مه‌ده‌نى ده‌كات، هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق حه‌ز به نه‌مانى حه‌شدى شه‌عبی ده‌كه‌ن، ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێت كه سه‌ربه ئێران.
هه‌ڵوێستى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق به‌رامبه‌ر به كورد چۆنه؟
عه‌بادى كه‌سێكى زیره‌ك و شاره‌زا و دڵسۆزه بۆ كورد، زۆریش گه‌شبینم به عه‌بادى، ئه‌و نایه‌وێ پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ كوردستان بپچڕێنێ، به‌ڵام كه‌سێكى بێ ده‌سه‌ڵاته، له عێراق ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتت نه‌بوو ناتوانی حكومڕانى بكه‌یت، هۆى سه‌ره‌كی لاوازبوونى عه‌بادى، نوورى مالیكییه بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵك و شه‌قامى شیعه‌ى بسه‌لمێنێت كه وڵات پێویستى به مالیكییه، مالیكى له رێگه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كانییه‌وه هۆى سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه له وه‌زیرى دارایی و وه‌زیرى به‌رگریى بوو، ویستى له‌و رێگه‌یه‌وه حكوومه‌تى عه‌بادی بڕووخێت.
ئه‌و لیژنه په‌رله‌مانییه‌ى به‌دواداچوونى بۆ كه‌وتنى مووسڵ كرد به كوێ گه‌یشت؟
لیژنه‌كه گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ى هۆى كه‌وتنى مووسڵ نوورى مالیكییه، به‌ڵام كه‌س نه‌یتوانى هیچى پێ بڵێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێكى تر له جیاتى مالیكى هۆى كه‌وتنى مووسڵ بووایه، ئێسته له سێداره درابوو.
وه‌ك نوێنه‌رانى كورد له په‌رله‌مانى عێراق چیتان كردووه؟
ئه‌ركمان داكۆكیكردنه له مافه ره‌واكانى گه‌لى كوردستان، سه‌ره‌تا چووینه به‌غدا زۆر به هه‌ستێكى نیشتمانى چووین، ویستمان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانى تر داكۆكى له مافه‌كانى كورد بكه‌ین، بۆیه پۆستى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق كه مافى فراكسیۆنى پارتى بوو، به بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانمان به‌خشى تا زیاتر بێنه ناو پرۆسه‌ى سیاسی و یه‌كهه‌ڵوێست بین له به‌غدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و كێشه سیاسییانه‌ى له كوردستان روو ده‌ده‌ن به‌تایبه‌ت گۆڕان راسته‌وخۆ ده‌یگوازێته‌وه په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مه كارێكى هه‌ڵه‌یه. وای لێهاتووه ئه‌گه‌ر پارتى بڵێت خوا حه‌قه، گۆڕان ده‌ڵێت گومانمان هه‌یه. به‌داخه‌وه بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان پێچه‌وانه‌ى پارتى بیر ده‌كاته‌وه.
هه‌ندێك ده‌ڵێن مانه‌وه‌ى نوێنه‌رانى كورد له عێراق ته‌نیا رووكارێكى سیاسییه و هیچیتر؟ ئێوه چ ده‌ڵێن؟
بوونى په‌رله‌مانتارانى كورد له به‌غدا واته به‌شداربوون له پرۆسه‌ى سیاسی، وه‌زیر و به‌رپرسانى باڵاى حكوومه‌ت و پۆسته به‌رزه‌كانى حكوومیش ئه‌گه‌ر بكشێنه‌وه تا ئاستێك ئاسایییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مان كشاینه‌وه واته پرۆسه‌ى سیاسی تێك چوو، ئێسته به‌رده‌وامین و هێشتا عێراق پارچه پارچه نه‌بووه. ئێمه سه‌ربه‌خۆ نه‌چووینه به‌غدا، به بڕیارى سه‌ركردایه‌تیى سیاسیی كوردستان چووین، بۆ كشانه‌وه‌شمان له به‌غدا ده‌بێت سه‌ركردایه‌تیى كورد ئه‌و بڕیاره بده‌ن.
به‌رده‌وام ره‌خنه‌ى ئه‌وه ده‌گیرێت كه ئه‌و شاندانه‌ى له كوردستانه‌وه سه‌ردانى به‌غدا ده‌كه‌ن، هیچ بایه‌خێك بۆ نوێنه‌رانى كورد له عێراق دانانێن و ته‌نانه‌ت ئاگه‌داریشیان ناكه‌نه‌وه له سه‌ردانه‌كانیاندا، ئه‌وه بۆ وایه؟
زۆر راسته و ئێمه‌ش هه‌میشه تێبینیى ئه‌وه‌مان هه‌یه، پێویسته ئه‌و شاندانه‌ى له كوردستانه‌وه دێن بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى كورد له به‌غدا دابنیشن و بارودۆخ و كێشه و پرسه‌كانى كورد له به‌غدا تاوتوێ بكه‌ن، چه‌ندان جار نیگه‌رانى خۆمان به شانده كوردییه‌كان راگه‌یاندووه كه هیچ پرس و راوێژێك به نوێنه‌رانى كورد تایبه‌ت له‌باره‌ى كێشه‌كانى به‌غدا ناكه‌ن و له هاتن و چوونه‌وه‌یان ئاگه‌داریشمان ناكانه‌وه، ئه‌مه جێى نیگه‌رانى هه‌موو په‌رله‌مانتارانى كورده له به‌غدا.
كه‌واته با بپرسین هۆى سه‌ره‌كیى كێشه و ناكۆكییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چییه و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن؟
كێشه‌كه ته‌نیا كێشه‌یه‌كى سیاسییه و هیچیتر، كێشه سیاسییه‌كه‌ش به رێككه‌وتنى نێوان به‌غدا و هه‌رێم چاره ده‌بێت، ئێسته به‌غدا داواى ته‌واوى نه‌وتى كوردستان ده‌كات، كوردستانیش بێ متمانه بووه به‌رامبه‌ر به به‌غدا، چونكه سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق به‌یه‌ك ته‌له‌فۆن بۆ وه‌زیرى دارایی به وه‌كاله‌ت به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى بڕى، ئه‌مه كاره‌ساتێك بوو به‌غدا به‌رامبه‌ر به كوردستان كردی، بۆیه ئه‌گه‌ر كێشه سیاسییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، ته‌واوى كێشه‌كانى تر ئۆتۆماتیكى چاره ده‌بن.
ئێوه به‌غدا به په‌رپرسى جێبه‌جێ نه‌كردنى ده‌ستوور و كێشه‌كان ده‌زانن یان هه‌ولێر؟
هه‌موو كات به‌غدا پێشێلى ده‌ستوورى كردووه و به‌رپرسه له جێبه‌جێ نه‌كردنى، بۆ نموونه ساڵى 2005 ماده‌ى 140یان خسته ناو ده‌ستوور و لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تیان بۆ جێبه‌جێكردنى پێك هێنا، ئه‌ندامانى شیعه له لیژنه‌كه خۆشحاڵى خۆیان ده‌رده‌بڕى كه هۆكار بوون بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنى ماده‌كه، له‌وكاته‌وه تا ئێسته جێبه‌جێ نه‌كراوه، به بڕواى من محاڵه ماده‌ى 140 جێبه‌جێ بكرێت.
كه‌واته ئه‌گه‌ر به‌غدا به ته‌نیا به‌رپرسه، بودجه‌ى كوردستانى بڕیوه، هاوكارى پێشمه‌رگه ناكات بابه‌تی تریش، كورد چ كاره‌یه له به‌غدا؟ كوا هه‌ڵوێستى كۆنكرێتى هه‌ولێر به‌رامبه‌ر به به‌غدا؟
به‌غدا هۆى سه‌ره‌كیى كێشه‌كانه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له به‌غدا بكشێینه‌وه و له پرۆسه‌ى سیاسیى بگه‌ڕێینه‌وه، ده‌بێت به‌دیلێكمان هه‌بێت، ئێمه بۆچى باسى ریفڕاندۆم ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گه‌ین به هیچ ئه‌نجامێك ریفڕاندۆم ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك به به‌ڵێ ده‌نگیان دا، وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانى دنیا ئێمه‌ش سه‌ربه‌خۆیى راده‌گه‌یه‌نین، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى هه‌ڵبژاردنین كه ساڵى داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌ڵبژاردنێكى زۆر گرنگه و زۆر ده‌موچاو و زۆر حزب بوونیان نامێنێت، ئێسته ره‌وتێكى مه‌ده‌نى دروست بووه.
بۆ بابه‌تی هه‌ڵوێستى كۆنكرێتى، نامانه‌وێ كارتى فشار به‌رامبه‌ر به به‌غدا به‌كار بێنین، ئه‌گه‌ر نا زۆر كارتى فشارمان هه‌یه و ده‌توانین به‌غدا ناچار و ملكه‌چ بكه‌ین.
به‌غدا و به‌دیاریكراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌رمانی كوردستانی بڕی و نووسراوه‌كه‌یش له "وشه" بڵاو كرایه‌وه. به‌ڵام ئێسته ئه‌م بابه‌ته كپ كراوه‌ته‌وه و كورد قسه‌ی له‌سه‌ر ناكات. به‌كوێ گه‌یشتووه پرسی بڕینی ده‌رمان؟
دابینكردنى ده‌رمان له‌لایه‌ن به‌غداوه وه‌ك خۆیه‌تى، وه‌زیرى ته‌ندروستیى عێراق كه سه‌ربه حزبه‌كه‌ی مالیكییه /ده‌عوه/، نووسراوێكى كردووه و بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى به‌رز كردووه‌ته‌وه و تیایدا داواى بڕینى به‌شه ده‌رمانى هه‌رێمى كردووه، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ عه‌بادى كرد و پێى راگه‌یاندین ئه‌و بابه‌ته چاره‌سه‌ر كراوه و به‌شه ده‌رمانى هه‌رێم وه‌ك خۆیه‌تى و كه‌م ناكرێته‌وه، به‌هۆى ئه‌و نووسراوه له هه‌وڵداین متمانه له وه‌زیرى ته‌ندروستیى عێراق بسێنینه‌وه، به‌ڵام بیركردنه‌وه و ئیشكردنى فراكسیۆنه‌كانى شیعه ئاوا به‌رده‌وام بێت، خۆراك و كاره‌با و ده‌رمان و هه‌موو شتێك ده‌بڕن، هه‌رچى بودجه‌ى حاكیمه بێت ده‌بڕێت، ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌و شانده‌ى كوردى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق، توانیبێتی بگه‌ن به رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه.
فراكسیۆنه كوردییه‌كانى به‌غدا له چیدا هاوهه‌ڵوێست و له چیدا دژ و جیاوازن؟
له بابه‌تى بودجه‌دا وه‌ك فراكسیۆنى پارتى به فراكسیۆنه‌كانى تر‌ى كوردیمان راگه‌یاند كه په‌سه‌ندكردنى بودجه له به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى كوردستاندا نییه، به‌ڵام به‌هۆى ره‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندیى حزبییان ده‌نگیان پێ دا و دواتریش په‌شیمان بوونه‌وه، زۆر بابه‌تى تر له به‌غدا، فراكسیۆنه كوردییه‌كان هیچ هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ یه‌كدا نییه، كێشه‌كانمان زۆرن، زۆرجار له به‌غدا پێمان ده‌ڵێن ئێمه‌ش كێشه‌مان ئه‌وه‌نده زۆره مه‌یهێننه لاى ئێمه، ئێسته هه‌ر فراكسیۆنێكى كوردى بۆ خۆى ئیش ده‌كات و زۆر په‌رت و بڵاوین، له كاتێكدا له نێو فراكسیۆنه كوردییه‌كان پارتى رێژه‌ى كورسیى زیاتره و خاوه‌نى 28 كورسییه، هه‌ر كاتێك فراكسیۆنه‌كانى كوردى له به‌غدا لاواز بوون، هانامان بۆ دێنن و داواى هاوكارى ده‌كه‌ن كه به هێز بوون مه‌رحه‌بامان ناكه‌ن.
سۆران- موڕشید برادۆستى