وڵاتانی نیشتمانی عه‌ره‌بی له باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، میسڕ له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فه‌ریقا، له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێك دێنن، هه‌ندێك جاریش ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر باس ده‌كرێ كه پێی ده‌گوترێ، "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره" كه ته‌واوی وڵاتانی كه‌نداو، ده‌ریای عه‌ره‌ب، ده‌ریای سوور و خواره‌وه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست پێك دێنن.
هه‌میشه سه‌قامگیریی گۆی زه‌وی پێوه‌ست كراوه به سه‌قامگیریی ئه‌م ناوچه‌یه‌وه كه نزیكی نیو ملیار خه‌ڵكی لێ ده‌ژی و به‌سه‌ر زیاتر له 25 وڵات دابه‌ش كراون، هه‌میشه سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان بووه و مێزی تاوڵه یان مێزی شه‌تڕه‌نجی یاریكه‌ره گه‌وره‌كانی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا، ڕووسیا، ئه‌وروپا بووه، باشترین وڵات له‌م ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، ئه‌وه‌یانه كه توانیبێتی لۆژیكی هێزی ئه‌و زلهێزانه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی كۆ بكاته‌وه، سنووره‌كه‌ی پارێزراو بكات له هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی و له ناوه‌وه‌ش هه‌م ئابوورییه‌كی به‌هێزی هه‌بێ، هه‌م نه‌یه‌ڵێ ببێته سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌كردنی تیرۆر.
كوردستان له هه‌ر پارچه‌یه‌كی ته‌ماشای بكه‌ی، كه‌وتووه‌ته چه‌قی كێشه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه، وه‌ك چۆن زلهێزه‌كان یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان دێننه ئێره، وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ده‌یانه‌وێ له خۆیان دووری بخه‌نه‌وه و به كوردستان و لاوازترین وڵاتانی بسپێرن كه عێراق و سووریایه.
چی ده‌بێ ئه‌گه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان یه‌كیان گرت، كه‌واته ئه‌و كێشانه له كوردستان دوور ده‌كه‌ونه‌وه و ئه‌و چاڵه‌ی هه‌ڵیان كه‌ندووه، خۆیانی تێ ده‌كه‌ون، ئه‌ی چی ده‌بێ ئه‌م چوار پارچه‌یه‌ی كوردستان یه‌ك نه‌گرن، به‌ڵام چوار قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ یان نیوچه سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێنن كه كێشه له‌گه‌ڵ یه‌كتر دروست نه‌كه‌ن؟ پسپۆڕانی جیۆستراتیژی به دووری نازانن و ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نوێیان بۆ پێك هێناوه و ناویان لێ ناوه، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی بچووك، یان "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كورد".
خه‌ونێكی نزیك له ڕاستی
سیهرۆن ئال كه پسپۆڕێكی زانسته سیاسییه‌كانه، له بابه‌تێكی شیكاریدا بۆ "ئۆپن دیموكراسی"، پێشبینیی دروستبوونی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كورد له داهاتوودا به نزیك ده‌زانێ و ده‌ڵێ "ڕووداوی سووتاندنی ئاڵای كوردستان كه ئاڵای فه‌رمیی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه له شاری عاموودا له كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2016 له‌لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه، كێشه‌ی قووڵی نێوان هێزه كوردییه‌كان ئاشكرا ده‌كات، به‌ڵام ڕووداوی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی كه‌ركووك كه هه‌موو حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانیان كرد، نیشانی دا هه‌میشه ده‌رفه‌تێك و هێڵێك هه‌یه كورد یه‌كده‌نگ بێ، ئه‌م یهكدهنگییهش ده‌یانكات به یاریكه‌ر له ناوچه‌كه‌دا نه‌ك یاری پێكراو".
دكتۆر سیرهۆن ئال دكتۆرای له زانسته سیاسییه‌كان هه‌یه و مامۆستای به‌شی پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و زانسته سیاسییه‌كانه له زانكۆی "ئه‌زمیر" له توركیا، هه‌میشه وتاره‌كانی له‌لایه‌ن ڕۆژنامه به‌ناوبانگه‌كانی دنیاوه، وه‌ك "لۆمۆند"ی فڕه‌نسی و دامه‌زراوه‌ی "كارنیگ"ی بۆ ئاشتی و "تایم"ی به‌ریتانی و چه‌ندان شوێنی تر بایه‌خی پێ ده‌درێ.
"وشه" پێوه‌ندیی پێوه كرد بۆ ئه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌و نه‌یخواست زیاتر له‌وه بڵێ كه له داویین بابه‌تیدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه و گوتی "ئه‌وانه بۆچوونی منن، پێم وایه داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ كوردستانه كه خاوه‌نی دوو هێزی ڕكابه‌ری سه‌ره‌كییه كه هێزی بارزانی و هێزی ئۆجه‌لانه، ئه‌م دوو هێزه ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی، ده‌گه‌ن به ڕێككه‌وتنێك كه هه‌ریه‌كه‌یان له سنووری خۆی قه‌واره‌یه‌كی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیش كۆیان نه‌كاته‌وه، هیچیان دژی به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وی تر كار نه‌كه‌ن".
له نێوان یه‌كگرتن و شه‌ڕدا
"ستێڤن ئه‌ی. كووك" له شیكارییه‌كدا بۆ ڕۆژنامه‌ی "ئه‌تلانتیك" نووسیویه‌تی، رێككه‌وتنێك له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه هاپهیمانهكاندا هه‌یه كه له ڕۆژئاوا هاوئاهه‌نگیی په‌یه‌ده ده‌كه‌ن بۆ لێدان له داعش، به‌ڵام بارزانی چاویشی له‌وه‌یه كه ده‌بێ توركیا تووڕه نه‌كات، چونكه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه له باكوری عێراق، هه‌ر نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه له‌م كاته‌دا، ده‌رفه‌ت ده‌دات به توركیا كه هه‌ڵوێستی دژبه سه‌ربه‌خۆیی ده‌رببڕێ.
كووك، توێژه‌ری پسپۆڕه له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فه‌ریقا و مامۆستای زانكۆی ئۆكسفۆرده له به‌ریتانیا، هه‌رچه‌ند ساڵێك بۆ دۆسیه‌یه‌كه‌وه خۆی ته‌رخان ده‌كات و دواتر له چه‌ند كتێبێكدا به‌چاپیان ده‌گه‌یه‌نێ. دوای ته‌واوبوونی دۆسیه‌ی میسڕ، ماوه‌ی ساڵێكه خۆی بۆ كورد ته‌رخان كردووه.
له‌و شیكارییهیدا هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: تورك زۆر له لایه‌نه‌كانی كوردستان ده‌ترسن، بۆیه ده‌یانه‌وێ ئه‌مه‌ریكا به هه‌مان ئه‌و چاوه‌ی سه‌یری په‌كه‌كه‌ی قه‌ندیل ده‌كات، سه‌یری په‌یه‌ده بكات له ڕۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، واشنتن هاوكارییان ده‌كات و جیایان ده‌كاته‌وه.
لای خۆیه‌وه، دكتۆر سیرهۆن ئال پێی وایه، داعش هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی كورد یه‌ك بخات، چونكه هه‌میشه هێزی نه‌ته‌وه‌یی پێش جیاوازییه ئایدۆلۆژییه‌كان ده‌كه‌وێ، به‌ڵام ڕیشه‌ی جیاوازییه‌كانی حزبه‌كه‌ی بارزانی و حزبه‌كه‌ی ئۆجه‌لان مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ بوونی داعشیشدا نه‌یانتوانی فه‌رامۆشی بكه‌ن، بۆیه هه‌میشه ئه‌گه‌ری پێكدادان له نێوانیاندا هه‌یه. به‌ڵام چی ده‌بێ ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی دووه‌م به‌كار بێنن و هه‌موو گرووپ و حزبه كوردییه ڕكابه‌ره‌كان، ڕێك بكه‌ون، ئه‌وكاته ده‌بینن دنیا له به‌رده‌م نیشتمانێكی تایبه‌ت ده‌بێت بۆ كورده‌كان.
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كورد
ئه‌و دوو پسپۆڕه و چه‌ندان توێژه‌ری نێوده‌وڵه‌تیی تر كه شاره‌زان له‌سه‌ر دۆخی كورد و كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پێشبینی ڕێگه‌چاره‌یه‌كی نوێ ده‌كه‌ن كه پێیان وایه "ئه‌گه‌رچی تا ئێسته كورد هه‌نگاوی بۆ نه‌ناوه، به‌ڵام له داهاتوودا كاتی ئه‌و هه‌نگاوه دێت". هه‌ندێكیان پێیان وایه له دوایدا سه‌ربه‌خۆیییه‌كه‌ی بارزانی دێته ئاراوه، چونكه هه‌ر هه‌نگاوێك به ڕووی كوردانی پارچه‌كانی تر، پلانه‌كه‌ی بارزانی تێك ده‌دات و ته‌نانه‌ت له ناوخۆی هه‌رێمه‌كه‌ی خۆشی‌دا كێشه‌كانی بۆ قووڵ ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌و ڕێگه‌یه هاوشێوه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بییه، هه‌ریه‌كه‌یان سنووری جیۆگرافیای خۆی هه‌یه و خاوه‌نی سه‌روه‌ریی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، به‌ڵام هیچ یه‌كێكیان هه‌ڕه‌شه نین بۆ سه‌ر شكۆی ئه‌وی تر، ئه‌مه‌ش به باشترین چاره ده‌زانن بۆ پارچه‌كانی كوردستان.
دروستبوونی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كورد، ده‌بێ له نێوان یه‌كپارچه‌یی كه خه‌ونی كورده به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موویان خاوه‌نی یه‌ك كولتوور و زمانن، یان چوار قه‌واره‌ی سیاسیی جیاواز، دووه‌م نزیكتره، چونكه هه‌موو هه‌وڵێك بۆ یه‌كه‌م، له جیاتی باشتركردنی دۆخه‌كه، زیاتر به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆیان ده‌بات، ئه‌مه‌یه كه پێی ده‌گوترێ به‌رهه‌مهێنانی دنیایه‌ك بۆ كورد. سیرهۆن ئال وای نووسیوه.
سه‌رده‌می سه‌روه‌ریی كورد
توێژه‌ران پێیان وایه، هه‌نگاوه‌كانی بارزانی له باكور و په‌یه‌ده له ڕۆژهه‌ڵات، داهاتووی نوێی كورد نزیك ده‌كاته‌وه و سه‌رده‌می به‌كارهێنانی "كارتی فشاری كورد" له‌لایه‌ن هێزه هه‌رێمییه‌كانه‌وه ئیتر به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێ، ئه‌گه‌رچی بۆچوون و سیاسه‌تی جیاواز به‌رده‌وامی ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕای گشتیی كوردستانی ئیتر قبووڵی ناكات بریكاری خه‌ڵكی بن، به‌ڵكو كاتی ئه‌وه دێت ته‌نیا بریكاری خۆیان بن. ئه‌م تێگه‌یشتنه هزرییه كیشوه‌رێك بۆ كورد دروست ده‌كات، پارچه‌یه‌كیان له ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌وی تر له ڕۆژئاوا و له باكور و باشووریش هه‌ریه‌كه‌یان پارچه‌ی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی خۆیان ده‌بێت.
پێشمه‌رگه له هه‌رێمی كوردستان، هێزێكی سنووریی تۆكمه و هاوئاهه‌نگه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی، یه‌په‌گه له سووریا هێزێكی تۆكمه‌ی دژ به داعشن، به‌ڵام كوردی عێراق هه‌نگاوه‌كانی باشتر بڕیوه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و له هه‌موویان نزیكتره، بۆیه هه‌ر خێراییه‌ك له هه‌نگاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ڕێگه‌ی ڕیفراندۆم له ڕۆژئاوا زیاد ده‌كات.
توێژه‌ران پێش ڕووداوه‌كان كه‌وتوون و ئه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو كه سه‌روه‌ریی چوار وڵات یان چوار قه‌واره بۆ كورد كه خۆیان بڕیار له‌سه‌ر خۆیان بده‌ن، هه‌نگاوی دووه‌می دوای باشوور و رۆژئاوایه و ئه‌م قۆناغه‌ش له ڕووی كاته‌وه وه‌ك قۆناغه‌كانی پێشتری خه‌باتی كورد نابێ، به‌ڵكو خێراتر ده‌ڕوا.
ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان جێی گومانه، ئایا كورده‌كان ده‌توانن ئه‌و چوار قه‌واره‌یه له قۆناغی داهاتوودا، یه‌كێتییه‌كی وه‌ك وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی دروست بكه‌ن؟ ئه‌گه‌رچی به لاوازیشی داده‌نێن، به‌ڵام وای بۆ ده‌چن، ئه‌گه‌ر كورد بیه‌وێ، ده‌توانێ هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێزی وه‌ك یه‌كێتیی ئه‌وروپا دامه‌زرێنێ.