خهیروڵاى مه‌لا عه‌لى شێوه‌كار و به‌رپرسی به‌شی شێوهكاریى لقى كه‌ركووكى سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان، له دیدارێكى "وشه"دا ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى كه‌ركووك نه‌یتوانیوه په‌ره به تواناى قوتابییانى په‌یمانگه‌كه بدات و بیانكات به شێوه‌كارى ڕاسته‌قینه، چونكه مامۆستایانیان له‌و ئاسته‌دا نین دڵسۆزانه شێوه‌كار بێننه به‌رهه‌م.
ئاماژه به‌وه‌یش ده‌دات كه وانه‌ى هونه‌ر له خشته‌ى وانه‌كانى خوێندن ده‌رهێنراوه، له كاتێكدا قوتابیى به‌هره‌دار له قۆناغه‌كانى خوێندندا هه‌ن و كه‌س نییه ده‌ستیان بگرێت.
ڕه‌وشی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانى شێوه‌كارى كه‌ركووك چۆنه؟
حه‌ز ده‌كه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌م بۆ قۆناغى دواى پرۆسه‌ى ئازادیى كه‌ركووك بێت و زۆر نهگهڕێینه دواوه. شێوه‌كارانى كه‌ركووك له یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانى سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ئازادیى شاره‌كه، به تامه‌زرۆیییه‌وه هاتنه ناو سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندان و كه‌ره‌سته و بابه‌تێكى زۆریان له مێشكدا قه‌تیس مابوو، ڕێژیمى پێشوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ى بهشێوهكارانى كوردى شاره‌كه نه‌ده‌دا چالاكی بنوێنن، ئه‌وه‌ى دهشكرا ده‌بوو له‌ژێر سانسۆرى پیاوانى خۆیاندا بێت و به‌مه‌رج و ڕێنوێنییه‌كانى ئه‌وان بووایه، بۆیه شێوهكارانمان له هه‌موو شتێك سارد ده‌بوونه‌وه و به‌شدارییان له هیچ چالاكییه‌كى ئه‌وكاتدا نه‌ده‌كرد. به‌ڵام له ساڵانى 2003 تا 20012یش چالاكانه پێشانگهمان ده‌كرده‌وه و خه‌ڵكانێكى زۆرى هونه‌ردۆست ئاماده‌ى چالاكییه‌كانمان ده‌بوون. تا واى لێ هات سنوورى چالاكییه‌كانمان فره‌وانتر كرد و چووینه شاره‌كانى تر‌ى كوردستان و ئه‌وروپا و چه‌ند وڵاتێكى عه‌ره‌بیش، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنى ئه‌و ته‌نگژه دارایییه‌ى چه‌ند ساڵێكه به‌رۆكى كوردستانى گرتووه، به‌ره به‌ره چالاكییه‌كانمان رووى له كزى كرد و تا گه‌یشتینه ئه‌وه‌ى به ته‌واوى خۆمان سڕ بكه‌ین.
كه‌واته پێش ئه‌م ته‌نگژه‌یه چالاكیى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیشتان هه‌بوو، له كوێى تر پێشانگهتان كردووه‌ته‌وه؟
به‌ڵێ له هۆڵه‌ندا، میسر، توونس و ئێران، شێوهكارانمان پێشانگه‌یان كردووه‌ته‌وه و له قاهیره تابلۆكانمان له گه‌له‌رییه‌كى ناو ئۆپێراى قاهیره‌دا كرده‌وه و چه‌ندان تابلۆشمان به دیارى پێشكه‌ش به گه‌له‌رییه‌كه كرد و ئه‌وانیش له پێشانگه‌یه‌كى هه‌میشه‌ییدا خستوویانه‌ته روو، له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌شدا بینه‌ر و هونه‌رمه‌ندان به جوانی ده‌یانڕوانییه به‌رهه‌مى شێوهكارانمان و له قاهیره چه‌ند شێوه‌كارێك هه‌ر به ناوه‌ڕۆكى تابلۆكان زانییان ئێمه كوردین، چونكه زۆربه‌ى تابلۆكانمان گوزارشت بوون له كاره‌ساتى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه و جینۆساید و چه‌وسانه‌وه‌ى گه‌لێك، بۆیه زۆر به سه‌رسامییه‌وه ده‌یانڕوانییه تابلۆكان و ده‌یانگوت ئێوه له ئێمه هونهرمهندترن. له هه‌ر پێشانگه‌یه‌كى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیشدا نزیكه‌ى 10 شێوه‌كار به‌شدار ده‌بوون و زیاتر له 30 تابلۆى جۆراوجۆر نمایش ده‌كران.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له نێوان شێوه‌كارانى كه‌ركووك و شاره‌كانى تر‌ى كوردستان بكه‌یت، چى ده‌ڵێى؟
هونه‌رى شێوه‌كارى، توانا و شاره‌زایی و لێهاتوویى و زاده‌ى هزرى تاكه كه‌سێكه، واته له شێوه‌كارێكه‌وه بۆ شێوه‌كارێكی تر ده‌گۆڕێت و به ئاسانى ناكرێت به‌راوردكارییه‌كه گشتگیر بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه شێوه‌كارانى خۆمان به كه‌متر له شێوه‌كارانى شاره‌كانى تر‌ى كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراق و ئه‌وروپاش نازانین. به‌رهه‌مى شێوه‌كارانى كه‌ركووك ئاماده‌یى له زۆربه‌ى گه‌له‌رى و مۆزه‌خانه‌كانى كوردستاندا هه‌یه و شانبه‌شانى تابلۆى شێوه‌كارانى تر‌ى كوردستان نمایش ده‌كرێن.
ئه‌ى ڕۆڵى سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان چی بووه له په‌ره‌پێدانى تواناكانى شێوه‌كارانى كه‌ركووك؟
له سه‌ره‌تاى پرۆسه‌ى ئازادی‌دا هاوكارییه‌كى باشی لقه‌كه‌مان كرا، به‌ڵام لقه‌كه‌ى ئێمه‌ش وێڕاى لقه‌كانى سه‌ندیكاكه له شاره‌كانى تر‌ى كوردستان كه‌وته ژێر كاریگه‌ریى ته‌نگژه دارایییه‌كه و تا وامان لێ هات له‌گه‌ڵ هاتنى داعشدا نه‌مانتوانى كرێى مانگانه‌ى بارهگاكهشمان بده‌ین و به ناچارى گواستمانه‌وه شوێنێكى تر‌ى هه‌رزان و لاچه‌پ، به جۆرێك هه‌ندێك له ئه‌ندامانمان جێگه‌مان نه‌دۆزنه‌وه. له به‌شه‌كه‌ى ئێمه‌دا 160 ئه‌ندامى كارا و 75 ئه‌ندامى هاوكار هه‌یه كه سنوورى كه‌ركووك و چه‌مچه‌ماڵ و یه‌كه‌ی كارگێڕیى گه‌رمیان و دووزخورماتووش ده‌گرێته‌وه، له‌وساوه سه‌رجه‌م چالاكییهكانیشمان سڕ كردووه و ته‌نانه‌ت دوو ساڵه ده‌رگاى بوونه ئه‌ندامیشمان به ڕووى شێوه‌كارانى سنووره‌كه‌مان داخستووه. ده‌سته‌ى كارگێڕیى لقى كه‌ركووكیش وامان لێ هاتووه به ڕێكه‌وت یه‌كترى ده‌بینین و زۆر ده‌مێكه كۆبوونه‌وه‌مان نه‌كردووه.
هه‌وڵتان نه‌داوه سه‌رچاوه‌یه‌كى داهات بۆ خۆتان له شاره‌كه په‌یدا بكه‌ن، یان داواى هاوكاریتان له هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌كردووه؟
له ده‌رگه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك و پارێزگاریشمان داوه و داواى هاوكارى و پشتگیریى داراییمان لێ كردوون، به‌ڵام هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو، ته‌نانه‌ت ڕوومان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شاره‌وانیش كردووه تا هۆڵێكى تایبه‌تمان بۆ ته‌رخان بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى كار و چالاكییه‌كانمان، چونكه له هه‌موو دنیادا شاره‌وانى لایه‌نی به‌رپرسن له‌م جۆره كارانه، به‌ڵام لاى ئێمه ئه‌وه ڕه‌چاو نه‌كراوه و شاره‌وانى هیچ پێوه‌ندییه‌كى به هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌وه نییه و ئه‌گه‌ر ڕێگرى لێ نه‌كات، هاوكاریشی ناكات.
سه‌رمایه‌داران و كه‌رتى تایبه‌تتان تاقی نه‌كرده‌وه؟
نه‌خێر، به‌ڵام خۆمان له ڕێگه‌ى كردنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك قاوه‌خانه‌ى كولتوورییه‌وه كه له‌سه‌ر ئه‌ركى تایبه‌تى خۆمان كردوومانه‌ته‌وه، توانیومانه ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران له خۆمان كۆ بكه‌ینه‌وه و جێگه و ڕێگه‌ى سازدانى كۆڕ و سیمیناریان بۆ ته‌رخان بكه‌ین و له پاڵ كتێبخانه‌یه‌كى بچووكیشهوه ژماره‌یه‌كى باشی خوێنه‌ران ڕوومان تێ ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌و قاوهخانانهشمان كردووه‌ته جێگه‌ى نمایشكردنى چه‌ندان شانۆگه‌رى و فیلمى سینه‌مایى، ژماره‌یه‌كی باشیش له تابلۆكانى شێوه‌كارانى شارهكهمانى تێدا نمایش ده‌كه‌ین.
په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى كه‌ركووك توانیویه‌تى شێوه‌كاران پێ بگه‌یه‌نێ؟
به داخه‌وه په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى كه‌ركووك دهزگهیهكه ته‌نیا بۆ به‌خشینى بڕوانامه‌یه، نه‌ك بۆ پێگه‌یاندنى شێوه‌كاران و په‌ره‌پێدانى تواناكانیان، ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك، له‌وانه نزمیى ئاستى هونه‌ریى مامۆستایان كه كه‌سانى پسپۆڕ نین له بواره‌كه‌دا، ئه‌مه له‌لایه‌ك و له لایه‌كى تره‌وه ئه‌و مامۆستایانه‌ى ئاستى هونه‌رییان به‌رزه و پسپۆڕن، دڵسۆزى قوتابییان نین و حه‌ز ناكه‌ن ئه‌زموونى خۆیانیان پێ بگه‌یه‌نن نه‌ك دواى ده‌رچوون له په‌یمانگه ببنه ڕكابه‌رى خۆیان. مامۆستایان و كارگێڕیى په‌یمانگه‌كه له ئاستى هونه‌ریى فێستیڤاڵى ساڵانه‌ى خۆشیان قایل نین و بڕوایان پێى نییه، ئه‌گه‌رنا ده‌بێ په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كان ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانى هونه‌رمه‌ندان، چونكه ئه‌و بابه‌ت و پرۆگرامانه‌ى له په‌یمانگه‌كه‌دا ده‌خوێنرێن، هه‌مان ئه‌وانه‌ى شاره‌كانى تر‌ى كوردستانه، به‌ڵام گه‌یاندن نییه، هه‌ندێ جاریش بێباكیى قوتابییه‌كه خۆیه‌تى و ته‌نیا بۆ وه‌رگرتنى بڕوانامه‌كه‌ى هاتووه‌ته ئه‌وێ.
ئه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چالاكیى قوتابخانه‌كان هونه‌رمه‌ندان پێ ده‌گه‌یه‌نن؟
دوو ساڵه وانه‌ى هونه‌ر له خشته‌ى وانه‌كاندا ده‌رهێنراوه و له هه‌موو قۆناغه‌كانى خوێندندا فه‌رامۆش كراوه، پێشتریش كه وانه‌ى هونه‌ر ده‌خوێنرا، له‌به‌ر كه‌میى مامۆستاى پسپۆڕ له قوتابخانه‌كاندا، ئه‌و كاریگه‌رییه‌یان نه‌بوو، به‌ڵام توانا و به‌هره له قۆناغه‌كانى ناوه‌ندى و ئاماده‌ییدا به‌رچاو ده‌كه‌وت، كه‌چى نه مامۆستایانى هونه‌ر و نه سه‌رپه‌رشتیارانى هونه‌ریى سه‌ربه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى چالاكیى قوتابخانه‌كانى په‌روه‌رده بایه‌خیان پێ نه‌ده‌دان و پشتگوێ ده‌خران، جا ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و قوتابییه به‌هره‌دارانه جیا بكرایهنهوه و پتر بایه‌خیان پێ بدرایه و كه‌ره‌سته و پێداویستییه‌كانى شێوه‌كارییان بۆ دابین بكرایه، ساڵانه ده‌یان هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌م ده‌هاتن و ساز و ئاماده ده‌كران بۆ په‌یمانگه و ئهكادیمیاكانى هونه‌ریى كوردستان.
سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندانى عێراق تا چه‌ند هاوكارن، پێوه‌ندیتان چۆنه له‌گه‌ڵیاندا؟
له سه‌ره‌تاى پرۆسه‌وه كاتێك ئێمه هه‌بوون بووین، ئه‌وان ئه‌و بایه‌خه‌یان پێ نه‌ده‌درا، ئێمه‌ش له به‌شه‌كه‌مان باوه‌شمان بۆ شێوه‌كارانى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى كه‌ركووك كرده‌وه و له چوارچێوه‌ى لقهكهماندا هاوشان له‌گه‌ڵ شێوه‌كارانى كورد مامه‌ڵه‌مان له‌ته‌كدا ده‌كردن و به‌شداریى پێشانگهكانمان ده‌بوون و سه‌رجه‌م پێداویستى و ئاسانكارییهكیشمان بۆ ده‌كردن، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى ئێمه به‌و ڕۆژگاره گه‌یشتین، به‌داخه‌وه ئه‌وان پشتیان لێ كردین و ئێسته نه داواى به‌شداریى شێوهكارانمان لێ ده‌كه‌ن و نه بانگهێشتى چالاكییه‌كانی خۆیانمان ده‌كه‌ن.
شێوه‌كارانى كه‌ركووك بێجگه له پشتگیریه دارایی، چی‌تریان پێویسته؟
ته‌نیا پشتگیرییه دارایییه‌كه بووه‌ته ڕێگرێكى گه‌وره‌ى به‌رده‌م داهێنان و ئه‌فراندنى شێوهكارانمان، چونكه شاره‌زایى و به‌هره و لێهاتوویییهكه هه‌یه، به‌ڵام كه‌ره‌سته‌كان دابین ناكرێن و به هه‌موو كه‌س نایه‌نه كڕین، هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ى شێوه‌كارانى فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا به‌كاریان دێنن، ئێسته له كه‌ركووك ده‌ست ده‌كه‌ون و له بازاڕه‌كاندا هه‌ن، به‌ڵام كه نه‌توانی بیكڕی، چى ده‌كه‌یت؟
كه‌ركووك- نه‌به‌ز رۆسته‌م