له‌ كوردستان 131 ملیۆن مەتری چوارگۆشە زەوی بە وەبەرهێنەران دراوە

:: AM:09:08:03/05/2017 ‌


ئەگەر هەموو ئەو زەوییانە لە شوێنێك كۆ بكەینەوە كە دەستەی وەبەرهێنان لە 10 ساڵی رابردوودا بە وەبەرهێنەرانی داوە بۆ ئەوەی پڕۆژەی جۆراوجۆری لێ جێبەجێ بكرێت، ئەوا دەكاتە رووبەرێك بە مەودای نێوان هەولێر و كۆیە و بەرینی دوو كیلۆمەتر. سەیر لەوەدایە نزیكەی نیوەی ئەو رووبەرە بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونە.
لە مانگی ئابی ساڵی 2006ەوە تا سەرەتای شوباتی ئەمساڵ، بە قەبارەی نزیكەی 47 ملیار دۆلار لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان كراوە و بە گشتی 765 پڕۆژە لە سێكتەرە جیاوازەكان جێبەجێ كراون یان لە جێبەجێكردندان و هێشتا تەواو نەبوون. بە گوێرەی دوایین ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو پڕۆژانە، 52 هەزار و  491 دۆنم زەوی لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەكەوە دابین كراوە كە دەكاتە سەرووی 131 ملیۆن مەتری چوارگۆشە. 
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە دوای 2006 كە دەستی بە جێبەجێكردنی یاسای وەبەرهێنان كرد بۆ هاندانی وەبەرهێنەران، كۆمەڵێك ئیمتیازی دا، یەكێك لەوانە بریتی بوو لە تەرخانكردنی زەوی بۆ پڕۆژەكان.
لەو 52 هەزار و 491 دۆنم زەوییە، 31 هەزار و 414 دۆنم لە پارێزگای هەولێر بە پڕۆژەكان دراوە، لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەدا 14 هەزار و 730 دۆنم و لە پارێزگای دهۆكیش شەش هەزار و 345 دۆنم زەوی بە پڕۆژەكان دراوە.
لە تەرخانكردنی زەوی بۆ پڕۆژەكان، پارێزگای هەولێر پشكی شێری بەركەوتووە و نزیكەی 60%ی زەوی هەموو پڕۆژەكان لەو پارێزگایە بۆ پڕۆژەكان تەرخان كراوە.
پێویستە بگوترێت یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە لە هەولێر زۆرترین رووبەری زەوی بۆ پڕۆژەكان تەرخان بكرێت، یەكەم ئەوەیە لە پارێزگاكە لەرووی قەبارەی وەبەرهێنانەوە نزیكەی 56%ی پشكی هەموو وەبەرهێنانی كوردستانی بەركەوتووە و دووەمیش ئەوەیە زۆرێك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێوونیش لە هەولێر ئەنجام دراون.
لە سێكتەرە جیاوازەكان زۆرترین رووبەری زەوی بۆ سێكتەری نیشتەجێبوون تەرخان كراوە كە بریتییە لە 24 هەزار و 550 دۆنم زەوی كە نزیكە لە نیوەی رووبەری هەموو ئەو زەوییانەی بە وەبەرهێنەران دراون.
زۆرترین رووبەری زەوی لە پلەی دووەم بە سێكتەری پیشەسازی دراوە كە بریتییە لە سەرووی 10 هەزار دۆنم، لە دوای ئەویش سێكتەری بازرگانی بە شەش هەزار و 329 دۆنم و سێكتەری گەشتیاری بە پێنج هەزار و 679 دۆنم لە پلەی سێیەم دێت. كەمترین رووبەری زەوی بۆ سێكتەری بانكداری تەرخان كراوە كە كەمترە لە دوو دۆنم.
كەرتی كشتوكاڵ سێ هەزار و 626 دۆنمی بۆ تەرخان كراوە كە دەری دەخات لە كوردستان چارەگێكی ئەو زەوییانە بۆ كشتوكاڵ تەرخان نەكراوە كە بۆ نیشتەجێبوون تەرخان كراون.
بە واتایەكی تر، ئەو زەوییانەی لە 10 ساڵی رابردوودا بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دراون، بریتییە لە زەوییەك بە درێژیی 65 كیلۆمەتر و بە بەرینی دوو كیلۆمەتر. واتە ئەگەر هەموو ئەو زەوییانەی دراوەتە وەبەرهێنەران لە نێوان هەولێر و كۆیەدا كۆ بكرێنەوە، دەبێتە رووبەرێك بە بەرینی دوو كیلۆمەتر و درێژیی مەودای نێوان هەولێر و كۆیە.
پێویستە بگوترێت دەیان پڕۆژە لە كوردستاندا هەن كە پێشتر زەوییان پێ دراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە قۆناغی پێدانی مۆڵەت، بۆیە زەوییەكانیان لێ ستێندراوەتەوە. وەك سەربەست خدر بەڕێوەبەری ئاماری دەستەی وەبەرهێنان بۆ "وشە" خستیە ڕوو، ساڵی رابردوو 65 پڕۆژەیان هەڵوەشاندەوە كە هێشتا نەگەیشتبوونە قۆناغی پێدانی مۆڵەت و بە سەرجەمیان سێ هەزار و 286 دۆنم زەوییان بۆ حكوومەت گەڕاندووەتەوە. پێشتریش وەبەرهێنەران كۆمەڵێك پڕۆژەیان بۆ مەبەستی تر قۆستووەتەوە كە دواجار زەوییەكانیان لێ وەرگیرایەوە.
دروستكردنی بیناسازی لە شێوەی ئاسۆیی لە جێگەی ستوونی، یەكێكە لەو هۆكارانەی زەوییەكی زۆر بۆ پڕۆژەكان تەرخان بكرێت و شارەكانیش زۆر فراوانتر ببن كە دواجار لە خزمەتگوزاریدا بودجەیەكی زۆر دەخەنە سەرشانی حكوومەت.
دكتۆر عەبدوڵا پشدەری پسپۆڕی ئابووری بۆ "وشە" پێی وایە، تەرخانكردنی زەوی بۆ پڕۆژەكان لە كوردستان، لە رێڕەوێكی گونجاو و ئاساییدا نەبووە و لە دابەشكردن و تەرخانكردنی زەوی بۆ پڕۆژەكان پۆلێنبەندی نەكراوە. بۆ نموونە زەوییەك كە بۆ كشتوكاڵ بشێت، بە هیچ شێوەیەك نابێت ئەو زەوییە بۆ پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون یان گەشتوگوزار تەرخان بكرێت. ئەو دەڵێت "زەوی بێ كەڵك بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانە باشە و دەبێت كەمترین رووبەریش بەكار بهێنرێت".
بەبۆچوونی ئەو پسپۆڕە، یەكێك لەو كێشانەی وای كردووە زەوییەكی زۆر بۆ پڕۆژەكان تەرخان بكرێت، شێوەی خراپیی سیستەمی بیناسازی بووە و ئەگەر زۆرێك لە پڕۆژەكان بە شێوەی ستوونی دروست بكرانایە، ئەوا ئەوەندە زەوییەیان پێویست نەدەبوو، جگەلەمە تێچووی خزمەتگوزارییەكانیش چەندان هێندە كەمتر دەبووەوە.
ئەگەر بەم سیاسەتە زەوی بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان تەرخان بكرێت، ئەوا نەوەكانی داهاتوو دەبێت لە بستێك زەوی بگەڕێن بۆ ئەوەی بیكەن بە كشتوكاڵ و بەرهەمەكەی دەرخواردی منداڵەكانیان بدەن.



وشە - سلێمان تاشان