كوتله‌ی ئه‌حرار سه‌ربه ره‌وتی سه‌در، له میانه‌ی سه‌ردانیاندا بۆ كوردستان، داوای هاوئاهه‌نگییان له كورد كردووه. خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی ده‌زگه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌وه بۆ "وشه" پشتڕاست ده‌كاته‌وه. ئه‌و له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ "وشه" باس له ورده‌كاریی ریفراندۆمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، "هه‌وڵ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه، به‌ڵام به‌بێ مه‌رجی پێشوه‌خته‌ی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی".
تێبینی كورد له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق چییه و ده‌تانه‌وێ كام له بڕگه‌كانی هه‌موار بكرێته‌وه؟
هه‌ردوو یاسای ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، به‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته هه‌یه، له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نییه و ده‌نگێكی زۆری كورد ده‌فه‌وتێنێت. ئێمه پێمان باشه وه‌ك پێشتر، عێراق یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت و ئه‌وكات ده‌نگی كورد له هه‌ر پارێزگایه‌كی تر بێت، نافه‌وتێت و دێته سه‌ر كۆی ده‌نگی كورد. به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی ئێسته هه‌یه، ئه‌گه‌ر ده‌نگی كورد له پارێزگایه‌ك نه‌گاته ئه‌و رێژه‌یه‌ی بۆ كورسییه‌ك دیاری كراوه، ئه‌وا ده‌فه‌وتێت. هه‌روه‌ك چۆن له به‌غدا به هه‌زاران ده‌نگی كورد فه‌وتا.
تێبینی دووه‌ممان له‌سه‌ر ژماره‌ی ده‌نگی دیاریكراوه بۆ هه‌ر كورسییه‌ك و مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره. ده‌وڵه‌تی یاسا به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ یاسای هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا بێت. تێبینی ترمان له‌سه‌ر كۆتاكان هه‌یه و ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌گه‌ر یاساكانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و پارێزگاكان هه‌موار بكرێنه‌وه، بۆ نموونه كۆتا بۆ كوردی فه‌یلیش هه‌بێت. تێبینییه‌كی ترمان له‌سه‌ر ژماره‌ی كورسییه‌كانه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانه.
ئێوه ده‌تانه‌وێ چۆن گۆڕانكاری له ژماره‌ی كورسییه‌كاندا بكرێت؟
ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ژماره‌ی كورسییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كه‌م بكرێته‌وه. ئێمه لاریمان نییه، به‌ڵام ده‌مانه‌وێ به وردی لێی بكۆڵینه‌وه.
ئه‌ی له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك چی كراوه؟ ئایا پرۆسه‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت؟
تا ئێسته ئێمه له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركووك رێك نه‌كه‌وتووین. پێم وایه ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه ناكرێن، تا ئه‌وكاته‌ی یاساكه هه‌موار نه‌كرێته‌وه.
كه‌وایه له كاتی دیاریكراودا هه‌ردوو هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ناچن؟
بڕیاره مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بكرێت، به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه چۆن ده‌كرێت له كاتێكدا كه له مووسڵ شه‌ڕ هه‌یه، خه‌ڵكی ئه‌نبار بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و كێشه‌ی كه‌ركووك تا ئێسته چاره نه‌كراوه. پێم وایه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ئه‌مساڵ ناكرێت، چونكه فریا ناكه‌ون، بۆیه پێ ده‌چێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بچێته ساڵی 2018 و له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پێكه‌وه بكرێن.
ته‌نیا ده‌وڵه‌تی یاسا دژی تێبینییهكانی ئێوه‌یه له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه، یان به گشتیی هاوپه‌یمانی شیعه‌كانیش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان هه‌یه؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی له‌ناو عه‌ره‌بی شیعه و سوننه‌دا، دژی تێبینییهكانی ئێمه‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، دۆستمان هه‌یه، بۆ نموونه ره‌وتی سه‌در.
جیاوازیی بۆچوونی ره‌وتی سه‌در و شیعه‌كانی تر له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، پێوه‌ندی به كێشه‌ی ناوماڵی شیعه‌وه هه‌یه؟ ئایا ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌یه‌وێ له رێگه‌ی ئێرانه‌وه به مه‌به‌سته‌كانی خۆی بگات؟
هه‌ردوو راستن. ره‌وتی سه‌در پێی وایه كه ده‌وڵه‌تی یاسا دۆخه‌كه‌ی كۆنترۆڵ كردووه و ئه‌و یاسا هه‌ڵبژاردنه‌ی هه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تی یاسادایه. سه‌در ده‌یه‌وێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا نه‌هێڵێ، بۆیه داوای نه‌مانی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ كۆمیسیۆنێكی تر دابمه‌زرێت كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی سه‌ربه‌خۆوه به‌ڕێوه ببرێت.
ئه‌ی بۆ له‌و پرسه‌دا ته‌نیا سه‌ربه‌ست مسته‌فا كراوه‌ته ئامانج؟
هه‌میشه كه‌سی یه‌كه‌م زیاتر دیاره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كراوه‌ته ئامانج ته‌نیا سه‌ربه‌ست ئامێدی نییه، به‌ڵكو كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه.
له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی كوتله‌ی ئه‌حرار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمدا، باس له‌وه كراوه كه گۆڕانكارییه‌كانی ناو كۆمیسیۆن و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان چۆن بن؟
ئه‌وان داوایان كردووه له‌باره‌ی هه‌ندێ له یاساكان هاوئاهه‌نگیمان هه‌بێت. ئه‌وان ته‌نیا بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه نه‌هاتبوون، به‌ڵكو قسه له‌سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در، ئاشته‌وایی و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش كراوه. ئه‌وان داوایان له ئێمه كردووه كۆمیسیۆن نه‌مێنێ و یاساكه‌ش هه‌موار بكرێته‌وه.
كورد له‌لایه‌ك خۆی بۆ ریفراندۆم ئاماده ده‌كات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئێوه كار بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غدا ده‌كه‌ن. چۆن له كاتێكدا كه خه‌ڵك بڕیار له سه‌ربه‌خۆیی ده‌دات، ئێوه دیسان ده‌تانه‌وێ له به‌غدا بوونتان هه‌بێت؟
جارێ قسه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نه‌كراوه و خۆشمان بۆ ئاماده نه‌كردووه. نزیكترین پرۆسه بۆ ئێمه ریفراندۆمه، دواتر هه‌ڵبژادنی په‌رله‌مانی كوردستان و دواكارمان هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه. له ئێسته‌وه تا ئه‌وكات ئێمه ده‌بێ بزانین رزگاركردنی مووسڵ چی لێ دێت، كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به چ ئاقارێكدا ده‌ڕۆن و له یه‌ك نزیكبوونه‌وه ده‌بێت. ده‌بێ بزانین دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، دهرهنجانهكان چی ده‌بن و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕۆن.
ئه‌وانه هه‌موویان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌شداربوون یان نه‌بوونی ئێمه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا هه‌یه. ئێمه وه‌ك پارتی دووپات‌مان كردووه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌و شێوه‌یه بێت و ئاراسته‌ی سیاسیی له به‌غدا به‌ره‌و حوكمڕانیی زۆرینه و كه‌مینه بێت و شه‌راكه‌ت پشتگوێ بخرێت، ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه چیتر به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا نه‌كه‌ین.
ئێوه له مووسڵ بوونه و به باشی شاره‌زای ئه‌و ناوچه‌یه‌ن، هاوكات هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكیش روونه كه ده‌یانه‌وێ به‌شداری له ریفراندۆمی كوردستاندا بكه‌ن، ئایا ئه‌و داوایه له مووسڵیش هه‌یه؟
به‌ڵێ ئه‌و بۆچوونه‌ش هه‌یه كه ریفراندۆم له هه‌موو كوردستان بكرێ و به ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌ی كارگێڕیی هه‌رێمیش، به‌ڵام به كرده‌یی ئه‌و كاره چۆن به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌وه شتێكی تره.
به‌ڵام به كرده‌یی چیتان كردووه؟
ئێسته چاره‌نووسی كه‌ركووك دیار نییه، حه‌ویجه رزگار نه‌كراوه، شنگال نیوه‌ی له ده‌ستی داعشدا ماوه‌ته‌وه و زۆرینه‌ی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه. له رووی سه‌ربازییه‌وه حه‌شدی شه‌عبی له دووزخورماتوو، به‌شیر، لێواری كه‌ركووك، شنگال، جه‌له‌ولا و سه‌عدیه هه‌ن. ئه‌وانه هه‌موو كێشه‌ن و ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆمه‌كه به‌ڕێوه بچێت، چاره‌سه‌ر بكرێن.
كه‌وایه ده‌توانین قسه له دوو گریمانه بكه‌ین، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه كاتی ریفراندۆم بۆ ساڵی داهاتوو دوا ده‌خرێ و دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ناوچانه له ریفراندۆمدا به‌شدار نابن. ئه‌و دوو گریمانه یان ئه‌گه‌ره هه‌یه؟
بڕیار و ئاراسته‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌مساڵ ریفراندۆم به‌ڕێوه بچێت، جا سه‌رتاسه‌ری بێت یان نیمچه سه‌رتاسه‌ری. ده‌كرێ له‌و شوێنانه‌ی كێشه‌مان نییه، ریفراندۆم به‌ڕێوه بچێت و ئه‌و شوێنانه‌ی كه كێشه‌ی زۆریان له‌سه‌ره، به‌ڕێوه نه‌چێت.
یانی به‌و شێوه‌یه ریفراندۆم به‌ڕێوه ده‌چێت؟ ده‌كرێت له مه‌خموور ریفراندۆم بكرێ، به‌ڵام له شنگال نه‌كرێت؟
ده‌كرێ بۆ نا؟ بۆ نموونه ده‌كرێ له‌و كه‌مپانه پرۆسه‌كه به‌ڕێوه بچێت كه خه‌ڵكی شنگالی لێیه. له پراكتیكدا ده‌بێ شته‌كان روون بكرێنه‌وه. ئه‌گه‌ر بتوانین پێش ریفراندۆم كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌ی كارگێڕیی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وه زۆر باش ده‌بێت. پرۆسه‌كه ئه‌وه‌نده ئاسان نییه و ده‌بێ شاندێكی هه‌مه‌لایه‌نی كوردستانیی دروست بكرێت بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ریفراندۆمه‌كه. هه‌روه‌ها شاندێكی سه‌رتاسه‌ری كوردستانی پێك بێت و سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ر و له‌وانه ریفراندۆم و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌ی كارگێڕیی هه‌رێم.
زۆربه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌ی كارگێڕیی هه‌رێم، هاوسنووره له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه، هه‌ڵوێستی ئه‌وان له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم چۆنه؟
عه‌ربی سوننه زۆر په‌رته‌وازه‌ن و سێ به‌ره‌ن. به‌ره‌یه‌ك له‌لایه‌ن نوجه‌یفی و موتڵه‌گ و چه‌ند كه‌سی تره‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێ و پێیان وایه ئه‌گه‌ر هه‌رێمێكیان له عێراقدا نه‌بێت، قووت ده‌درێن و هیچ داهاتوویه‌كیان نابێت، ئه‌وانه كه‌متر له یه‌ك له‌سه‌ر سێی عه‌ڕه‌بی سوننه‌ن. كوتله‌یه‌كی تریش عێراقچێتی ده‌كه‌ن و پێیان ده‌ڵێن سوننه‌ی مالیكی و زۆر نزیكن له ده‌وڵه‌تی یاسا و به‌و دواییانه‌ش سه‌لیم جبووری له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وته كه‌وتووه. كوتله‌یه‌كی ترش له نێوان ئه‌و دوو كوتله‌ی تردان وه‌ك حزبی ئیسلامی. هیچ كات سوننه یه‌ك هه‌ڵوێست نه‌بووه، ته‌نیا له‌باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له كه‌ركووك نه‌بێت.
كه‌وایه سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه، ده‌بێ له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێكی عه‌ره‌بی سوننه كۆ ببێته‌وه؟
ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌موویان داده‌نیشین، به‌ڵام هاوئاهه‌نگیمان زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌یه كه پشتگیری له ئامانجه‌كانمان ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نزیكه، چ ئاماده‌كارییه‌كی بۆ كراوه؟
هه‌نگاوی یه‌كه‌م، ته‌واوكردنی هه‌یكه‌لی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان بوو و ئێسته كه‌وتوونه‌ته سه‌ر هێڵ و بودجه‌شیان له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆ دابین كراوه، به‌ڵام ئه‌وان ناتوانن ده‌ستبه‌كار بن تا بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و كاته‌كه‌ی نه‌درێت، بۆیه ئێسته بڕیاره سیاسییه‌كه گرنگه.
ئه‌و بڕیاره له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه ده‌درێت یان ده‌بێ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، په‌رله‌مان كار بكرێته‌وه؟
مه‌رج نییه بۆ ریفراندۆم په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خواست له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بێت، بێگومان ده‌بێ په‌رله‌مان ئه‌و كاره بكات. هه‌وڵ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌یه، به‌ڵام به بێ مه‌رجی پێشوه‌خته‌ی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی.
كه‌وایه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانیش كارا نه‌كرێته‌وه، ده‌كرێ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه بچێت؟
به‌ڵێ ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر ریفراندۆم كرا و خه‌ڵكی بۆ نموونه شنگال و مه‌خمووریش تێیدا به‌شدار بوون، ئه‌وكات ئه‌و خه‌ڵكه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی كوردستانیشدا به‌شدار ده‌بن؟
ریفراندۆم به واتای سه‌ربه‌خۆیی و چاره‌سه‌ربوونی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر نییه، به‌ڵكو كارتێكی به‌هێزه له ده‌ست كورددا بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا. پێم وایه له‌گه‌ڵ ریفراندۆم، ده‌كرێ كێشه‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌ی كارگێڕیی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێن. ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه له ریفراندۆمدا ده‌نگیان به به‌ڵێ دا، ئه‌وا چاره‌سه‌رییه‌كه بۆ چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه. ئه‌گه‌ر به ته‌مای به‌غدا بین، هیچ كات چاره‌سه‌ری ناكات. ئێمه ده‌بێ جووڵه‌یه‌ك بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا بێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ و چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه دیاری بكرێن. چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه به بڕیاری سیاسی دیاری ناكرێن، به‌ڵكو خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌بێ دیاری بكه‌ن.
پێت وایه له ئه‌نجامی ئه‌و راپرسییه‌دا، سیسته‌می كۆنفیدراڵی له عێراقدا ده‌چه‌سپێ و كوردستان ده‌بێته كۆنفیدراڵی؟
ئێمه نه‌مانگوتووه كه له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نین. ئه‌و ریفراندۆمه ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین خواستی گه‌لی ئێمه هه‌ر له خانه‌قینه‌وه تا شنگال چییه. ده‌بێ به‌غدا و دنیا بزانن كه خواستی گه‌لی ئێمه چییه، كاره‌كانی داهاتوو بۆ قۆناغی دوای ریفراندۆم ده‌مێنێته‌وه.
وشه/هه‌ولێر-كاوه جه‌م