ڤیدیۆ.. مەلایەكی شیعە: گۆشتی بەراز حەلاڵە

:: PM:02:19:06/05/2017 ‌

لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بووەتەوە، كەسایەتییەكی ئاینی شیعە لەوكاتەی ئامۆژگاری پێڕەوانی مەزەوی شیعە دەكات لە نێو حوسێنییەك، فتوای حەلاڵكردنی گۆشتی بەراز دەدات و دەڵێ، بەهیچ شێوەیەك قورئان باسی حەرامكردنی گۆشتی بەرازی نەكردووە.

ئەو پیاوە ئاینییەی شیعە دەڵێ، شێخ و كەسایەتییەكان هەڵەیان كردووە، بۆ نموونە خواردنی گۆشتی بەراز، لە ئاسمانەوە ئەمە دانەبەزیوە و لە قورئانیش باسی حەرامكردنی خواردنی گۆشتی بەراز نەكراوە، كەسێك كە باپیرەی ئیسرائیلییەكانە كە پەیامبەر یەعقووبە، ئەو خودی خۆی لە خواردنی گۆشتی بەراز حەرام كرد، وەك هەوڵێك بۆ دنیانەویستی خۆی، بۆیە ئیسلام گۆشتی بەرازی حەرام نەكردووە، ئەوەی دەگوترێ كلاواتە و دواكەوتووەكان باوەڕیان پێیەتی.

هەروەها دەڵێ، لەبەر ئەوەی گۆشتی بەراز زۆر باش و خۆش بووە، پەیامبەر یەعقووب لە خودی خۆی حەرامی كردووە، پاشان پەیامبەرانی تریش وەك یوسف و ئەوانی تر لەسەر هەمان ڕێگە ڕۆیشتوون و دواتریش لە تەورات ئاماژەی بۆ كراوە، دوای 300 ساڵ لە مردنی پەیامبەر یەعقووب لە تەورات نووسراوەتەوە، بۆیە ئەمە بووەتە عورف و نەریت، هۆكاری حەرامكردنی گۆشتی بەرازیش لە خۆی بۆ سزادانی نەفسی خۆی بووە، زۆرێك لە پیاوانی ئاینی ئەمەیان كردووە، ڕێگەیان لە نەفسی خۆیان گرتووە، لە خواردنی زۆر شت. 

ئاماژەی داوە، لە سووڕەتی ئال عومران بە تەواوی هاتووە كە هەموو خواردنێك حەڵاڵە، واتە تەنانەت گۆشتی بەراز و هەموو خواردنەكانی تریش، هەموو خواردنێكیش بۆ بەنی ئیسرائیل حەڵاڵە تەنیا ئەو خواردنانە نەبێ كە خۆیان لە خۆیان حەرام كردووە، واتە خودا حەرامی نەكردووە، بەڵكو ئەوان خۆیان لە خۆیان حەرام كردووە، بۆیە بابەتی حەرامكردنی بە تەواوی هەڵەیە و بەپێی قورئان بەهەموو شێوەیەك حەڵاڵە.

لە بەشێكی تری قسەكانی ئەو مەلا شیعەیە دەڵێ، لە تەوراتیش ئەمە نەنووسرابوو، بەڵام دواتر زانایانی ئاینی كە وەك ئایەتوڵاكانی خۆمانن بەهۆی ئەوەی حەرامكردنی گۆشتی بەراز بووبوو بە نەریت، لە نێو تەورات نووسیانەوە.





وشە - باز ئه‌حمه‌د