كچێكی سلێمانی لەلایەن باوەژنەكەیەوە لەشفرۆشی پێ دەكرێت

:: PM:03:38:06/05/2017 ‌

كچێكی ژیكەڵەی تەمەن شەش ساڵ، دایك و باوكی لە یەكتر جیا دەبنەوە و دواتر باوكی هاوسەرگیری دەكاتەوە و باوەژنەكەی كاتێك ئەو كچە بچووكە گەورە دەبێ، بەزۆر لەشفرۆشی پێ دەكات، ئەویش دوای دووجار ڕاكردن لە دەستی باندەكانی لەشفرۆشی لە كۆتادا دەگات بە وڵاتێكی ئەوروپا و ئێستە چیرۆكی خۆی دەگێڕێتەوە.

لۆلان لەوكاتەی دایك و باوكی لە یەكتر جیا دەبنەوە، باوكی لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ شارێكی تری كوردستان و لەوێ ژیان بەسەر دەبەن، دواتر باوكی هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێكی تر دەكات و بە لۆلانیش دەڵێ، دایكی ڕاستەقینەی ئەو مردووە.

ئەو كچە لەلایەن باوەژنەكەیەوە سەرپەرشتی دەكرێ تا گەورە دەبێ و باوكیشی بەگوێرەی قسەكانی هاوسەرەكەی مامەڵەی لەگەڵ دەكات، بۆیە لۆلان ژیانێكی پڕ لە مەینەتی و دەردەسەری بەڕێ دەكات، تەمەنی دەبێت بە 25 ساڵ.

كاتێك گەورە دەبێ، باوەژنەكەی بەزۆر ناچاری دەكات كاری لەشفرۆشی بكات، بۆیە ئەو هەمیشە سەركۆنەی خۆی دەكات و نیگەران و ڕقئەستوورتر دەبێ بەرامبەر بە باوەژن و باوكە بێباكەكەی.

هەر لە تەمەنی 15 ساڵییەوە لەلایەن باوەژنەكەیەوە كە ناوی "لەیلا"یە دەبرێ بۆ بەغدا و دایكی باوەژنەكەی خەڵكی بەغدایە، بۆیە ئەو وا دەزانێ دەچێتە ماڵی داپیرەی، كەچی دەبرێتە ماڵێك كە چەند ژنێكی تێدایە و بەردەوامیش پیاوان سەردانیان دەكەن و دەڕۆن، شەوی یەكەم لەو ماڵە بە سەلامەتی دەڕوا و دواتر ژنەكان قسەی زۆری بۆ دەكەن و ڕازی دەكەن بیبەن بۆ ئارایشگە و لەوێ بیڕازێننەوە، پاشان دایكی و ئەو ژنانە دەزانن كە بە ئاسانی كۆڵ نادات و ڕازی نابێ، بۆیە دەرمان دەكەنە نێو خواردنەكەیەوە.

پاش خواردنی خواردنەكە لۆلان هۆشی تەواو نامێنێ، بۆیە دەیبەنە ژوورێك و پیاوێك دەنێرنە ژوورەكەی و وێنەیشی دەگیرێ، بۆ ئەوەی دواتر بەردەوام لەژێر دەستی خۆیان بیهێڵنەوە و ناچاری بكەن لەو كارە بەردەوام بێت.

ئەو كچە كاتێك دێتەوە هۆش خۆی، هەموو شتێك كۆتای هاتووە و ژنەكانیش هەڕەشەی لێ دەكەن ئەگەر بە گوێیان نەكات و بەردەوام نەبێ، وێنەكانی پێشانی باوكی دەدەن، بۆیە لۆلان وەك كاڵایەك پارەی پێ پەیدا دەكرێت.

دوای ئەو گەشتە لۆلان لەگەڵ باوەژنەكەی دەگەڕێتەوە ماڵەوە لە سلێمانی، بەڵام زوو باوەژنەكەی لەگەڵ خۆی دەیباتەوە بۆ بەغدا و كاری لەشفرۆشی پێ دەكەن، باوكیشی لای گرنگ نەبووە بۆچی ئەوەندە دەڕۆن بۆ بەغدا، ئەوەی بەلایەوە گرنگ بوو بەردەوام خێزانەكەی پارەی باشی لایە و گیرفانی گەرمە.

لۆلان هەر جارەو پیاوێك بۆن و هەناسە و جەستەی تێهەڵدەسوێ بێ ئەوەی خۆی بیەوێ دەستدرێژی دەكرێتە سەر. بەڵام بەناچاری بێ دەنگ دەبێت، لۆلان دوای چوار ساڵ بەردەوامبوون لەوكارە، هەوڵ دەدات لە باوەژنەكەی ڕزگاری بێت، بۆیە لەگەڵ ژنێك كە وەك لەیلا یەكێكە لە سەرۆك باندەكان، رێك دەكەوێت و دەڕوات.

ئەو ئافرەتە بەنیازی ڕزگاربوون لە دەست باوەژنەكەی ئەو دنیا نەفرەتییەی تووشی بووە، لەگەڵ سوعادی ئەعوەڕ واتە سوعادی چاوێك كوێر ڕێك دەكەوێ، بەڵام نەك هەر ڕزگاری نابێ، بەڵكو سوعاد زۆر لە دایكی خراپتری پێ دەكات، بەڵام هەر جارە و بڕێك پارە بە لۆلانیش دەدات، ماوەی دوو ساڵی تریش لۆلان لەو كارە بەردەوام دەبێ،  بەڵام ئەم جارە لەگەڵ كڕیارێكی هەمیشەیی خۆیدا كە لۆلان دەڵێت تەنیا لەگەڵ ئەودا چێژی لە جووتبوون و ژنایەتی خۆی بینیوە، بریار دەدات ڕا بكات.

لۆلان ئەو پارەیەی دەستی دەكەوێ لەلای عەلی دایدەنێت بۆ ئەوەی بە ڕێگەی قاچاخ بچنە دەرەوەی وڵات، لۆلان دەڵێت لە بێ كەسیی خۆیدا عەلی كردووە بە كەسی، چونكە لەماوەی دوو ساڵدا هیچ كەسێك لێی نەپرسیوەتەوە.

پلانەكەی لۆلان سەردەگرێت و لەگەڵ عەلی دەڕۆنە دەرەوەی وڵات، بەڵام دوای وەرگرتنی مافی پەنابەری و مانەوەی هەمیشەیی، عەلیش لێی جیا دەبێتەوە دەڵێت تۆ ئەوە نیت من لەگەڵت بژیم، تۆ فرۆشیار بوویت و منیش دووجار سوودم لێت بینی، جارێك لە جەستە و لەشولاری خۆش و جوانت، جارێكیش لە پارەكەت.

لۆلان ئێستە لە دەرەوەی وڵات بەتەنیا دەژیت و لە ئارایشتگەیەكدا كار دەكات، ئەو دەڵێت لەشفرۆش بووە، بەڵام بەشەرەفتر بووە لە هەموو ئەوانەی لەشیان كڕیوە، چونكە ئەو ناچار كراوە، بەڵام ئەوان مرۆڤایەتیان ناشتووە.

هەولێر/ئیڤان عەبدولڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د