ژنێكی كورد لەلایەن مێردەكەیەوە لەشفرۆشی پێ دەكرێت

:: PM:04:12:09/05/2017 ‌

داهات 28 ساڵە، لەبەر ئەوەی كچی گەورەی ماڵە و باوكی ژنێكی تری هێناوە و چەند ساڵە دایكی داهاتی جێ هێشتووە، ئەو وەك گەورەی ماڵ لە كۆمپانیایەكی ئەهلیدا كار دەكات و بژێوی خێزانەكەی دابین دەكات، خەمی گەورەی داهات ئەوە بووە بتوانێ كارێك بكات دایك و خوشكە خاوەن پێداویستی تایبەتەكەی بێ ئەوەی چاوەڕوانی دەستی هاوكاری هیچ كەس بكەن بە باشی بژین، ژیانی ئەو خێزانە سێ كەسییە زۆر بە سادەیی و جوانی دەڕوات بەڕێوە تا ئەو كاتەی داهات ئاری دەناسێت، ئیتر رۆژە رەش و چاوەڕوان نەكراوەكانی ئەو خێزانە دەست پێ دەكەن.

ئاری وەك شۆفێری كۆمپانیا دەستبەكار دەبێت، لە هەمان ئەو كۆمپانیایەی داهات كاری لێ دەكات، رۆژانە هاتوچۆ بە كارمەندەكانی كۆمپانیا دەكات، لەبەرئەوەی رێگەی داهات دوورترە لە هەموویان، بەیانیان یەكەم كەس سەردەكەوێت و ئێوارانیش دواین كەس دادەبەزێت، ئەوەش دەبێتە كارئاسانی بۆ ئاری بۆ ئەوەی زیاتر كاتی قسەی هەبێت و دەرفەتی زیاتر لەخشتەبردنی داهاتی هەبێت.

دوای دوو مانگ لە چوونی ئاری بۆ كۆمپانیا، پێوەندی خۆشەویستی لە نێوان ئاری و داهاتدا دروست دەبێت، پێوەندییەك كە داهات هەزار و یەك خەیاڵی بۆ داهاتوویەكی گەش لەگەڵ ئاری لە خەیاڵدایە و ئاریش وەك گورگێك خۆی مەڵاس داوە و چركە دەژمێرێت بۆ ئەوەی نێچیرێك داهات راو بكات.

داهات سەرەتا هەست بەهیچ ناكات بەتایبەت دوای ئەوەی ئاری داوای هاوسەرگیری لێ دەكات، ئاری خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، چەند كەسێك لەگەڵ خۆی دەبات و دەچێتە داوای داهات و هاوسەرگیری دەكەن.

شەوی یەكەمی داهات بەرۆژ ناگات لەگەڵ ئاری و یەكەم جووتبوونی ژن و مێردایەتی داهاتیش لەگەڵ ئاری نابێت، هەر یەكەم شەو ئاری دەرمان دەدات بە داهات بۆ ئەوەی ئاگای لە خۆی نەمێنێت، دواتر كوڕێكی تر لەگەڵ داهات دەخەوێت و ئاریش وێنەیان دەگرێت، ئاری ئەو كارە دەكات بۆ ئەوەی دواتر بتوانێت چۆنی بوێت ئاوا بەكاری بهێنێت، پلانەكەشی سەر دەگرێت.

هەر ئەو بەیانییە ئاری رووی راستەقینەی خۆی بۆ داهات ئاشكرا دەكات، بەڵام بەو ڤیدیۆ و وێنانەی كە لە بێئاگایی داهاتدا گرتوویەتی، هەڕەشە لە داهات دەكات و دەڵێت هەموو كەسوكارەكەت ئەوە دەبینن و دەتكوژن، ئەگەر لەمەودوا ئەوەی من دەیڵێم نەیكەیت.

گریان و هاوار و تكا و پاڕانەوەی داهات تا ئاسمان دەڕوات، بەڵام ئاری گوێی پێ نادات، ئیتر وردە وردە ژیانی داهات وێرانتر دەبێت، تا ئەو كاتەی وای لێ دێت بەهۆی هەڕەشە و لێدانەكانی ئارییەوە واز لە كارەكەشی بهێنێت، چونكە ئیتر ئاری وەك كارتی پارە پەیداكردن بەكاری دەهێنێت.

داهات چەند جارێك هەوڵی خۆكوشتن دەدات، بەڵام ئاری ناهێڵێت، ناشتوانێ هیچ شتێك بە كەس بڵێت، ئاری لەلای دایك و خوشكەكەی داهات وەك پیاوێكی نموونەیی خۆی نیشان داوە و داهاتیش لە ترسی ئەوەی ئاری دایك و خوشكەكەشی تێكەڵی ئەو كارە نەكات، بە بێدەنگی دەمێنێتەوە. ئاری بەداهات دەڵێت ماوەیەك بۆ كار دەچێتەوە رۆژهەڵات، بەڵام ئەو رۆیشتنەی دوا رۆیشتن دەبێت و داهات نایبینێتەوە، بەڵام ئەم جارە ژنێك كە هەر ناسیاوی ئارییە و دەڵیت پووریەتی، دەكەوێتە وێزەی داهات و هەموو شتێكی داهاتیشی لە ژێردەستە، ئەو لە ئاری خراپتر داهات بەكار دەهێنێت، لەلای خێزانی داهاتیش دەڵێت هاتووم بووكەكەمان ببەم بۆ ئێران، لەوێ ئاری كاری باشی دەست كەوتووە و دوای چەند مانگێك پێكەوە دەگەڕێینەوە.

ئەو رۆیشتنەی داهات ساڵێك دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا ناهێڵن هیچ پێوەندییەكی بەخێزانەكەیەوە بمێنێت، لە ماوەی ئەو ساڵەشدا داهات دوو جار دووگیان دەبێت و لەباری دەبرێت.

دوای ئەو ماوە زۆرە، داهات لە ئێران زۆر پەرێشانی باری خێزانەكەی دەبێت، بۆیە زۆر لە خانزاد دەپاڕێتەوە تا هەواڵێكی ئەوانی بۆ بهێنێت یان پارەیان بۆ بنێرێت، خانزادیش پێوەندی دەكات بەو كەسانەی لە باشوور كاری بۆ دەكەن، دوای دوو رۆژ هەواڵی بۆ دێنن كە خوشكەكەی  گیانی لە دەست داوە و دایكیشی لە ماڵی خاڵی دەژیت.

بیستنی ئەو هەواڵە بۆ داهات كۆتای هەموو شتێك بوو، ئیتر بڕیار دەدات ئەگەر بە مەرگی خۆشی بێت كۆتا بە هەموو شتێك بهێنێت، دوای دانانی چەند پلانێك بۆ رزگاربوونی لە دەست ئەو باندە، دواجار لە رێگەی پێدانی پارە بە كچێكی تر كە هەر بۆ ئەو باندە كاری كردووە، خۆی دەگەیەنێتەوە باشوور.

دوای گەیشتنەوەی بۆ باشوور، راستەوخۆ دەچێتە ماڵی خاڵی و دەڵێت لە ئاری جیا بووەتەوە، ئەو تەنیا دەتوانێ پێیان بڵێت نەگونجاون و نەیتوانیوە بەرگەی دووریی ئەوان بگرێت، بۆیە گەڕاوەتەوە و دەیەوێت لەگەل دایكی بژیت، پرسیارە بێ وەڵامەكان بۆ داهات رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن، بەڵام داهات ئەوەی ئێستە لە ژیانە تاریك و بچووكەكیدا لەگەڵ دایكیدا دەیەوێت، ئەوەیە خزمەت بە دایكی بكات و چاوەڕێشە رۆژێك خودا حەقی لەو كەسانە بستێنێت كە بەو حاڵەیان گەیاندووە.

سلێمانی/ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - هیدایه‌ت جان