شه‌هێن جه‌مال یه‌كێك له ئه‌كته‌رانى شارى سلێمانى كه له چه‌ندان دراما و كورته فیلم و فیلمى سینه‌ماییدا ڕۆڵى جیاوازى به‌رجه‌سته كردووه. له دیدارێكى "وشه"دا باس له ژیان و خولیاى بۆ هونه‌ر و كار و به‌رنامه‌كانى داهاتووى ده‌كات.
شه‌هێن جه‌مال كێیه؟
ساڵى 1985 له دایك بووم و له ساڵى 2003 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و ده‌رهێنه‌رى به توانا كاروان ئاوات هاوسه‌رییم كرد، دوو منداڵمان به‌ناوه‌كانى "شابانوو و ژه‌نیار" هه‌یه.
یه‌كه‌م جار له كوێوه ده‌ستت پێ كرد؟
به‌رله‌وه‌ى بێمه بوارى نواندنه‌وه، یه‌كه‌م جار له ساڵى 2004 له سه‌نته‌رى ئێل به‌گى جاف لاى "مامۆستا ڕاستى" ده‌ستم به كار و چالاكى هونه‌ریى كرد، دواى ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنم وه‌ك ئه‌كته‌ر له كورته فیلمى "دوا وێنه‌كه" بوو له ده‌رهێنانى مه‌ریوان ئیبراهیم، به‌هۆى ئه‌م كورته فیلمه‌وه باشترین خه‌ڵاتم پێ به‌خشرا، دواى ئه‌وه‌ش له چه‌ندان دراما به‌شداریم كرد، وه‌ك "گه‌رده‌لوول و دووپشك و كش و مات و لاپه‌ڕه‌كانى كه‌ركووك" و زۆر دراماى تر، له هه‌مانكاتدا ئه‌و فیلمه سینهمایییانهى كه به‌شداریم تێدا كردوون وه‌ك "دڵى سوور و هه‌نگاوه بێ كۆتاییه‌كان" و چه‌ندان فیلمى تر، هه‌روه‌ها فیلمى سینه‌مایی "دڵى سوور" له ده‌رهێنانى هه‌ڵكه‌وت مسته‌فا بوو، له چه‌ندان وڵات نمایش كرا و به‌هۆیه‌وه كاندیدى باشترین خه‌ڵات بووم له قه‌ته‌ر و چه‌ند وڵاتێكى تر، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆى ڕووداوى ئۆتۆمبێله‌وه كه له كچهكهمى دا، نه‌متوانى ئاماده‌ى وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌كان بم.
بۆچى ماوه‌یه‌كه كه‌متر ده‌رده‌كه‌وی یا كه‌متر به‌شدارى له چالاكییه هونه‌رییه‌كان ده‌كه‌ی؟
ته‌نگژه دارایییه‌كه هۆكار بووه له كارى كه‌متر ده‌ربكه‌وم. به‌و حاڵه‌شه‌وه ته‌نگژه‌ى دارایى ناتوانێت شه‌هێن رابگرێت، هیچ كات له كاره‌كانم نه‌وه‌ستاوم و له‌وه‌ته‌ى ته‌نگژه‌ى دارایییه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆم به‌شداریم له درامایه‌ك و دوو چالاكى سینه‌ماییدا كردووه. كاتێك ده‌ستمان به دراماى "به‌ختى ئه‌ستێره‌كان" كرد له نووسین و سیناریۆ و ده‌رهێنانى كاروان ئاوات، بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و درامایه، پارچه زه‌وییه‌ك و ئۆتۆمبێله‌كه‌ى خۆم فرۆشت، دراماكه به‌م زووانه له شاشه و سینه‌ماكاندا نمایش ده‌كرێت.
ئه‌و درامایه به داهاتى فرۆشتنى زه‌وى و ئۆتۆمبێله‌كه‌ى من ته‌واو نه‌ده‌بوو، سوپاسى (k)ى ده‌كه‌م كه خۆى نایه‌وێت ناوى بهێنرێت و زۆر هاوكارى كردین. بۆ داهاتووش پڕۆژه‌ى ترم به‌ده‌سته.
تۆ وه‌ك ئه‌كته‌رێك ئاماده‌ى هه‌ندێك له‌و سنوورانه ببه‌زێنیت كه له‌گه‌ڵ داونه‌ریت و كولتوورى كورده‌واریدا گونجاو نه‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر داوای بكات؟
هه‌ر ئه‌كته‌رێك كاتێك به‌شدارى كارێكى هونه‌رى ده‌كات، پێویسته ئاماده‌یی ئه‌وه‌ى تێدا هه‌بێت ڕۆڵى باش و خراپ ببینێت، من یه‌كێكم له‌و ئه‌كته‌ره ئافره‌تانه و ئه‌و ئامادهیییهم تێدایه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ئاماده نیم كارێك بكه‌م له‌سه‌ر خۆم و هونه‌ره‌كه‌م بكه‌وێت، چونكه هونه‌ر پێویستى به‌وه نییه به‌م شێوازه پێش بكه‌وێت، هه‌روه‌ها پێویست بوو ئه‌و هونه‌رمه‌نده به ئه‌زموونانه‌ى ساڵانى هه‌شتاكان ئه‌و ڕێچكهیهیان بشكاندایه، تا ئێسته بۆ ئێمه ئاسان بووایه، هونه‌رى كوردى ئێسته وه‌ك ساڵانى هه‌شتاكان ده‌بینمه‌وه، ئه‌گه‌ر ئێسته له فیلمێك یان هه‌ر كارێكى هونه‌رى بچووكترین هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ كه‌سی به‌رامبه‌ر بكه‌ى كه گوزارشت له سۆز و خۆشه‌ویستى بكات، كۆمه‌ڵگه ڕووبه‌ڕووى زۆرترین تانه و ناخۆشترین قسه و قسهڵۆكت ده‌كاته‌وه، منیش ده‌ڵێم تا ئێسته له كوردستاندا هونه‌ر ڕچكه‌شكێن نه‌بووه تا من بیشكێنم.
پێشتر ئه‌م ڕۆڵهتان پێ سپێردراوه؟ ئه‌گه‌ر پێتان سپێردراوه له كام دراما و فیلم بووه؟
به‌ڵێ له فیلمى سینه‌مایی "دڵى سوور" زۆر شتى تێدا بوو كه به‌لاى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردییه‌وه زۆر نامۆ بوون، به‌ڵام من كارێكم نه‌كرد له‌سه‌رم بكه‌وێت، هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ر سیناریۆكهى گۆڕى، له‌و فیلمه‌دا من تاكه ئافره‌ت بووم سوارى ماتۆڕ بووم و به خۆشحاڵییه‌وه له‌م ڕۆڵه‌ى پێم سپێردرابوو سه‌ركه‌وتنى زۆرم به‌ده‌ست هێنا.
ئه‌گه‌ر له داهاتوودا ڕۆڵێكى له‌م شێوه‌یه‌تان پێ سپێرا به‌لاى كهسوكارتهوه به‌تایبه‌تى هاوژینه‌كه‌تان قبووڵ كراوه؟
به‌ڵێ هه‌رچى ڕۆڵێك بێته سپاردن به من، به‌خۆشحاڵییه‌وه له‌لایه‌ن كه‌سوكار و به تایبه‌تى له‌لایه‌ن هاوژینمهوه قبووڵكراوه، به‌ڵام گوتم، ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ى زۆر ده‌مێكه كارى هونه‌رى ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێچكهیهیان بشكاندایه، ئێمه‌ى ئافره‌ت پێمان باش بوو، به‌ڵام نابێت.
له كاره هونه‌رییه‌كانت كه له ماوه‌ى ڕابردوو كردووتن له هیچیان په‌شیمانى؟
هه‌موو شتێك به‌شى ئه‌وه‌نده په‌شیمانى تێدا ده‌بێت یان زۆر جار په‌شیمانى له كارێك كه كردووته ڕوو ده‌دات و وا بیر ده‌كه‌یته‌وه كه له‌گه‌ڵ فڵان ده‌رهێنه‌ر كارم كردووه په‌شیمانم، به‌ڵام خۆم لاوازترین كارى خۆم خۆش ده‌وێت، چونكه ئه‌و كارانه فێریان كردم ئێسته شه‌هێن جه‌مال بم.
ئه‌گه‌ر به‌شى چواره‌مى دراماى "گه‌رده‌لوول" به‌رهه‌م بهێنرێت به‌شدارى ده‌كه‌ى؟
ئه‌وه‌یان نازانم، چونكه بڕیار له ده‌ستى ده‌رهێنه‌ره، به‌ڵام بڕوا ناكه‌م جارێكى تر به‌شى چواره‌مى دراماى "گه‌رده‌لوول" به‌رهه‌م بهێنرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێسته ده‌رهێنه‌رى به توانا جه‌لیل زه‌نگه‌نه بارى ته‌ندروستى باش نییه.
ساڵى 2009 چۆن وه‌ك شاجوانى سلێمانى ههڵیانبژاردی؟
هه‌موو ئاواتى من له ژیاندا ئه‌وه‌بوو ساڵانه له كوردستان، شاجوان بێته هه‌ڵبژاردن، واته هه‌ڵبژاردنى شاجوانى كوردستان بیرۆكه‌ى منه، به‌خۆشحاڵییه‌وه ئه‌و شته ڕووی دا و بۆ یه‌كه‌م جار له شه‌وى 1/1/2009 له هۆڵى مونالیزا له سلێمانى له‌ناو چه‌ندان كچى جوان، من به شاجوانى سلێمانى ده‌ستنیشان كرام.
هه‌ولێر- محه‌مه‌د جه‌مال