شەڕ لە نێوان پاسەوانەكانی فوئاد مەعسووم و مالیكی ڕووی دا

:: AM:09:07:14/05/2017 ‌

دوێنێ شەموو لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسێك لەسەر پرسی ئاشتەوایی نیشتمانیی نێوان پێكهاتەكانی عێراق، فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆمار و نووری مالیكی جێگری لە كۆنفڕانسەكە ئامادەییان هەبوو، بەڵام دواتر شەڕ لە نێوان پاسەوانەكانی هەردوولا ڕووی دا و میدیاكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، فوئاد مەعسووم تووڕە بووە و گەڕاوەتەوە بەغدا.

بەگوێرەی زانیاریییە بڵاوكراوەكان، پاسەوانەكانی مەعسووم و مالیكی ماوەیەكی تەواو لەیەكتریان داوە و بەو هۆیەوە چەند كەسێك لە هەردوولاوە بریندار بوون، خەڵك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ڤیدیۆی ساتی لەیەكتردانی پاسەوانەكانی فوئاد مەعسووم و مالیكیان بڵاو كردووەتەوە و بە تەنز و گاڵتەی زۆرەوە نووسیویانە كۆنفڕانسی ئاشتەوایی لە ژوور و لەبەر دەرگەش شەڕ و ململانێ و یەكتر برینداركردن.

زانیارییەكان ئاماژەیان بەوەش داوە كە دوای ئەوەی فوئاد مەعسووم بە ڕووداوەكەی زانیوە و ژەمی نیوەڕۆیشی نەخواردووە و ڕاستەوخۆ گەڕاوەتەوە بەغدا و تووڕە بووە.

شەڕ و ململانێ لەگەڵ پاسەوانەكانی سەرۆك كۆماری عێراق، لە كاتێكدایە كە پێشتریش میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەشت پاسەوانی سەرۆك كۆماری عێراقیان لە ڕێگەی نێوان بەغدا- كەركووك ڕفاند و تا ئێستەش چارەنووسی بەشێكیان دیار نییە.





وشە - باز ئه‌حمه‌د