لە كوردستان ئازادیی كاری رێكخراوەیی بەرتەسك دەكرێتەوە

:: PM:09:05:16/05/2017 ‌

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری سەپاندنی باج بەسەر رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەردەكات و فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانیش كۆمەڵێك رێنوێنیی نوێ‌ بۆ كاری رێكخراوی مەدەنی پێش دەخات. چالاكانی مەدەنی ئەو بڕیار و رێنوێنییانە بە هەوڵێك بۆ بەرتەسككردنەوەی كاری رێكخراوەیی مەدەنی لە كوردستان دادەنێن.

بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە 12ی نیسانی ئەمساڵدا، گومان و دڕدۆنگی بۆ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دروست كردووە، بڕیارەكە پێوەستە بە وەرگرتنی باج لە رێكخراوە ناحكوومییەكان و هەندێك لە چالاكانی مەدەنی بە نایاسایی دەزانن.

كامەران عەباس چالاكی مەدەنی لە هەولێر، بە"وشە"ی راگەیاند، "سەپاندنی باج بەسەر رێكخراوە ناحكوومییەكان نایاسایییە، چونكە بەپێی یاسای رێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان، رێكخراوەكان لە باج بەخشراون".

بڕیاری سەپاندنی باج بەسەر رێكخراوە مەدەنییەكاندا، هاوكاتە لەگەڵ دەركردنی كۆمەڵێك رێنوێنیی نوێ‌ لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانەوە، ئەوەش ئەوەندەی تر چالاكانی مەدەنی نیگەران كردووە.

عەباس زیاتر دەڵێ‌، "هەوڵێك هەیە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكانی كاری مەدەنی لە كوردستاندا، لە داخستنی ئۆفیسی چەند رێكخراوێك و داوای مۆڵەتی ئاسایش بۆ چالاكی رێكخراوەكان لە هۆڵ و هۆتێلەكاندا و ئەو رێنوێنییانەی فەرمانگەی رێكخراوەكانیش دیسان ئاستەنگ لە بەردەم كاری رێكخراوەیی دروست دەكەن".

لە رێنوێنییەكانی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكاندا، رێكخراوەكان ناچار بە رەوانەكردنی فۆڕمی نووسینی راپۆرت و نوێكردنەوەی فەرمانی دامەزراندن و پێشكەشكردنی راپۆرتی دارایی و ... هتد كراون.
هەفتەی پێشوو ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی مەدەنی لە هەولێر كۆ بوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر ئەو بڕیار و رێنوێنییانەی حكوومەت كرد، دواتر لە یاداشتنامەیەكدا ئاماژەیان بە زیادكردنی رێگرییەكان لە بەردەم كاری رێكخراوەیی كردەوە.

یاداشتنامەكە بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان بەرز كراوەتەوە و وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە. تیایدا ئاماژە بە چەند شێوەیەكی دروستكردنی ئاستەنگ لە بەردەم كاری رێكخراوەكان كراوە، لەناویاندا داخستنی ئۆفیسی چەند رێكخراوێك، بوار نەدان بە چالاكی رێكخراوەكان لە هۆڵ و شوێنە گشتییەكان بەبێ‌ رەزامەندی لایەنی تەناهی و زیادبوونی حاڵەتەكانی گرتن و لێدانی چالاكانی مەدەنی و لە بەرامبەردا دەربازبوونی تۆمەتبارانی دۆسیەكانی ئازادی رادەربڕین.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "ئەو رێنوێنییە نوێیەی لەلایەن فەرمانگەوە دەركراوە، بەشێكی بۆ جێبەجێكردنی یاسای رێكخراوەكانە كە داوای پێشكەشكردنی راپۆرتی ساڵانەی دارایی دەكات، بەڵام بەشێكی رۆتینێكی ناپێویستە و تەنیا ئەركێك بۆ رێكخراوەكان دروست دەكات".

لای خۆیەوە شوان مەحموود جێگری سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "ئەوەی پێوەندی بە وەرگرتنی باج لە رێكخراوە ناحكوومییەكانەوە هەبێت، پێش دەركردنی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەنی شوورا و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باج لە گفتوگۆدا بووین، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسەی كە ئایا وەرگرتنی باج لە رێكخراوەكان یاساییە یان نا".

ئەو دەڵێ‌، "ئەنجوومەنی شوورا پێیان راگەیاندین رێكخراوەكان وەك دامەزراوە لە باج بەخشراون، بەڵام كارمەندانی رێكخراوەكان لە باج نابەخشرێن، بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەرگرتنی باجی دەرامەتە و هەموو لایەنێك دەگرێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی كە هەر كەسێك داهاتی هەبێت، دەبێت باج بدات".

لە یاداشتنامەی رێكخراوە ناحكوومییەكان گومانی ئەو رێكخراوانە بۆ سەرۆكایەتییەكانی كوردستان خراوەتە روو، ئەوان دەڵێن، "بەگومانەوە دەڕوانینە فشار خستنەسەر هەندێك رێكخراوی چالاك و بەناوبانگ بە ناوزڕاندنیان لە رێگەی جووڵە پێكردن بە دامەزراوەكانی چاودێری و دادوەری بەرامبەریان، نموونەی دیوانی چاودێری دارایی، داواكاری گشتی و دەستپاكی".

پاڵپشت بە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2011ی رێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان، سەرووی سێ‌ هەزار رێكخراوی ناوخۆیی و بیانی لە هەرێمی كوردستاندا تۆمار كراون.




وشە - ڕێبین فه‌تاح