مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ، نیازی هه‌یه له 21ی ئه‌م مانگه ئایار/مایۆ، سیدییه‌كی بڵاونه‌كراوه‌ی ماملێ كه پێك هاتووه له شه‌ش گۆرانی به‌ناوی "رێژنه" بڵاو بكاته‌وه. وریا ماملێ گوته‌بیژی مه‌ڵبه‌نده‌كه له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا بۆ "وشه" رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م ئه‌لبوومه به‌شی دووه‌می دوایین ئه‌لبوومی ماملێ بوو به ناوی "زه‌مانه" كه له ساڵی 1992 بڵاو كرایه‌وه.
هاوكات تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ماملێ هاتووه‌ته سه‌ر رێگه‌یان.
* له‌و ماوه‌یه‌دا سیدییه‌كی بڵاونه‌كراوه‌ی محه‌مه‌د ماملێتان ئاشكرا كرد، ئه‌و سیدییه چه‌ند تراكه و ساڵی چه‌ند تۆمار كراوه، ئه‌گه‌ر روونی بكه‌نه‌وه له كوێ تۆمار كراوه و له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی تراكه‌كان كه ئایا پێشتر مامۆستا ئه‌و گۆرانییانه‌ی گوتووه یان ئاواز و تێكسته‌كان جیاوازن؟
- بڕیاره له 21ی ئایار ئه‌و ئه‌لبوومه بڵاو بكه‌ینه‌وه كه پێك هاتووه له شه‌ش تراك، ئه‌لبوومه‌كه له ساڵی 1992 له‌لایه‌ن تۆمارگه‌ی ته‌لاییه‌وه تۆمار كراوه. ئه‌م ئه‌لبوومه به‌شی دووه‌می دوایین ئه‌لبوومی ماملێ بوو به ناوی "زه‌مانه" كه له ساڵی 1992 بڵاو كرایه‌وه، به هاوكاری ئۆركێسترایه‌كی تێكه‌ڵاو له هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان پێك هاتبوو، ئه‌و ژه‌نیارانه‌ی له ئۆركێستراكه‌دا به‌شدار بوون، بریتی بوون له یوسف ئه‌فراسیابی "ڤیۆڵۆن"، چاپووك محه‌مه‌د ته‌ها "ڤیۆڵۆن"، دڵزار یاسین "ڤیۆڵۆن"، سه‌رتپ باب سه‌ردار "فلووت"، عه‌دنان كه‌ریم "عوود"، فاڕووق مه‌تین "سه‌نتوور"، لوقمان شه‌ریفزاده "زه‌ڕب"، حوسێن ڕه‌هبه‌ر "تار". كه‌ریم ته‌لایی خاوه‌نی تۆمارگه‌كه بڕیاری دابوو ئه‌م شه‌ش تراكه بۆ نه‌ورۆزی ساڵی 2015 بڵاو بكاته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكار بڵاوكردنه‌وه‌ی دوا كه‌وت.
* زۆربه‌ی ئه‌و گۆرانییانه‌ی ماملێ تۆماری كردوون له‌ناو ستۆدیۆدا نه‌بووه، به‌ده‌ر له‌مه ژه‌نیاره‌كانیش چه‌ند كه‌سێكی ده‌سته‌بژێر بوون، ئه‌و ئه‌لبوومه‌یش هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان رێچه‌كه‌یه یان له‌ڕووی كوالیتییه‌وه جیاوازی هه‌یه؟
- له سه‌رده‌می ماملێ‌دا به‌گشتی موزیكی باش نه‌بوو، به‌تایبه‌ت له ئێرانی ئیسلامیزه‌كراودا، یا ئه‌گه‌ر هه‌بوو بۆ خزمه‌تی ئامانجه‌كانی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه، بۆیه به‌رهه‌مه‌كانی ماملێ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه كه‌مایه‌سیی پێوه دیاره. كۆچ و ڕه‌وی گه‌له‌كه‌مان له ساڵی ١٩٩١ و بوون به میوانی كۆمه‌ڵێك له هونه‌رمه‌ندانی باشوور له مه‌هاباد، بوو به هه‌وێنی ئه‌م بیرۆكه‌یه كه بۆچی ماملێ به هاوكاری ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه چه‌ند گۆرانییه‌ك تۆمار نه‌كات؟ بۆیه له‌م ئه‌لبوومه‌دا هیچ گۆرانییه‌كی تازه یا نه‌بیستراوی تێدا نییه، به‌ڵكو هه‌مان گۆرانییه‌كانی پێشوون به موزیكێكی جیاواز و تا ئاستێك سه‌رده‌می تر كه به باوه‌ڕی زۆر له شاره‌زایانی بواری موزیك، ئه‌و ئه‌لبوومه بۆن و به‌رامی خۆی هه‌یه و چێژێكی تایبه‌ت ده‌به‌خشێت به گوێگر كاتێك ماملێ به جیاواز ده‌بیستێت.
*ئه‌و كاسێته‌ی بڕیاره بڵاو بكرێته‌وه، ده‌نگ و كوالیتی گۆرانییه‌كان له ستۆدیۆ ده‌ستكاری كراون یان هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی كاتی خۆی تۆمار كراوه بڵاوتان كردووه‌ته‌وه؟
- ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه ئه‌م ئه‌لبوومه تۆمار كراوه، ته‌نیا شێوازی ئانالۆگ هه‌بووه و كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرتووه. ئه‌م گۆرانییانه‌ش هه‌مووی له‌سه‌ر ڕێڵه تۆمار كرابوون كه كێشه‌یه‌كی زۆرمان هه‌بوو له‌گه‌ڵیاندا تا "كۆنڤێرت"ـیان بكه‌ین به دیجیتاڵ. ئێمه بێ ئه‌وه‌ی هیچ چه‌شنه ده‌ستكارییه‌كی بكه‌ین بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه، چوون ده‌ترسین ده‌رئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی هه‌بێت و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كوالیتی ده‌نگه‌كه دابنێت.
* ئه‌رك و تێچووی بڵاوكردنه‌وه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی كێ بووه؟
ئاشكرایه كه تێچووی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م گۆرانییانه له‌سه‌ر ئه‌ستۆی كه‌ریم ته‌لایی بووه و پاره و كات و وزه‌یه‌كی زۆری بۆ ته‌رخان كردووه. به‌ڵام ئه‌و به‌هه‌مان ئه‌و گرفتانه‌ی كه باسم لێ كردن، بۆیان نه‌لوا بڵاوی بكه‌نه‌وه، بۆیه ئێمه‌ش وه‌ك "مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ" تێچووی ئه‌م ئه‌لبوومه و بڵاوكردنه‌وه‌كه‌یمان گرته ئه‌ستۆ.
* له‌و رێكلامه‌ی بۆ ئه‌و سیدییه نوێیه‌تان كردووه، له كوردستان ته‌نیا له قه‌ڵادزێ و مهاباد بڵاو كراوه‌ته‌وه، بۆچی هه‌وڵتان نه‌داوه له شاره‌كانی تریش بڵاوی بكه‌نه‌وه؟
- وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌تان تا ئاستێك تاڵه، ئێمه لانی كه‌م ساڵێك بوو له سپۆنسه‌رێك ده‌گه‌ڕاین تا ئه‌ركه‌كانی ئه‌م ئه‌لبوومه بگرێته ئه‌ستۆ، به‌داخه‌وه هه‌م له ڕۆژهه‌ڵات و هه‌م له باشوور كه‌سمان ده‌ست نه‌كه‌وت كه هه‌م له رووی دارایی و له رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له‌م كاره بڕوانێت. له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمپانیا و ستۆدیۆیه‌ك قسه‌مان ده‌كرد، یه‌كلایه‌نه و به‌رژه‌وه‌ندی تاكی خۆیان له‌به‌رچاو ده‌گرت. بیانووی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان ده‌هێنایه‌وه كه قازانجی نابێت و كۆپی ده‌كرێت و... به‌ڵام كه‌س نه‌بوو بڵێ ئه‌ی كه وایه بۆ ئه‌و كار و كاسبییه ده‌كه‌ن كه هیچ بازاڕتان نییه. هه‌ر ئه‌م هۆكاره بوون كه ئێمه‌ش وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی ماملێ قۆڵمان لێ هه‌ڵماڵی و له‌و شارانه ڕاده‌ستمان كردووه به پێش فرۆشكردنی و له‌و ماوه‌یه‌شدا هه‌ركه‌س و كۆمپانیایه‌ك كه بیه‌وێ ده‌توانێ پێوه‌ندیمان پێوه بكات و ئێمه‌یش سیدییه‌كانیان بۆ ڕه‌وانه بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌رده‌وام له هه‌وڵداین تا نوێنه‌رایه‌تیی له شاره‌كانی كوردستاندا بدۆزینه‌وه. نیازمان هه‌یه له هه‌ولێر و سلێمانی له ناوه‌ندێكی هونه‌ری ڕۆژێك ته‌رخان بكه‌ین و به ئاماده‌بوونی چه‌ند ناودارێك و كه‌سایه‌تییه‌ك ئه‌م ئه‌لبوومه بناسێنین.
* ژماره‌ی ئه‌و گۆرانییانه‌ی ماملێ تۆماری كردوون زۆرن، بۆچی هه‌وڵ نه‌دراوه هه‌موو ئه‌و گۆرانییانه له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه ئه‌لبوومێكدا به‌شێوه‌ی ئۆرجیناڵ كۆ بكرێنه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌موو گۆرانییه‌كان له‌سه‌ر كاسێت تۆمار كراون، هه‌وڵ بۆ ئه‌وه نه‌دراوه ده‌نگه‌كانیان به‌شێوه‌ی سه‌رده‌می و دیجیتاڵ رێك بخرێنه‌وه و بڵاو بكرێنه‌وه؟
-بیرمان له پڕۆژه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه كردووه‌ته‌وه و له هه‌وڵداین كه ئه‌رشیڤی ماملێ كۆ بكه‌ینه‌وه. تا ئێسته نزیكه‌ی 245 گۆرانیمان كۆ كردووه‌ته‌وه و له‌وانه‌یه چه‌ند دانه‌یه‌كی كه‌م مابن كه بیاندۆزینه‌وه و ئه‌رشیڤیان بكه‌ین. نه ته‌نیا گۆرانی، به‌ڵكو هه‌ر چه‌شنه شوێنه‌وارێكی ماملێ كۆ ده‌كه‌ینه‌وه. به دڵنیایییه‌وه كه ئه‌رشیڤه‌كه‌مان ته‌واو بكرێت، هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌م به‌شێوه‌ی په‌ڕتووك و هه‌م به‌شێوه‌ی دیجیتاڵ بڵاویان بكه‌ینه‌وه كه سوودی هه‌بێت بۆ وه‌چه‌ی ئێسته و داهاتوو و ببێته مێژوویه‌كی پاكژ له مێژووی هونه‌ریی ماملێ.
* به حوكمی ئه‌وه‌ی ماملێ هونه‌رمه‌ندێكی كوردستانی و خاوه‌ن پێگه بووه، له زۆربه‌ی شار و ناوچه‌كانی كوردستان بانگهێشت كراوه و ره‌نگه له‌و شارانه كۆمه‌ڵێك گۆرانی تۆمار كردبێت، هه‌وڵتان داوه وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ ئه‌و گۆرانی و به‌رهه‌مانه كۆ بكه‌نه‌وه؟
- كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌ولا و له‌ملا به شێوه‌یه‌كی ئانالۆگ و به چۆنیه‌تیی لاواز تۆمار كراون، كارێكی ئه‌سته‌مه. ئێمه دڵنیاین كه ده‌نگی ماملێ له ئه‌رشیڤی خه‌ڵكدا زۆره، بۆیه به‌رده‌وام له هه‌وه‌ڵ و هاندانی خه‌ڵكداین تا وه‌ك هه‌ڵوێستێكی كوردانه له‌م بابه‌ته بڕوانن و ئه‌م ده‌نگانه له باوه‌شی خاوه‌نی سه‌ره‌كیی خۆیان، واته باوه‌شی میله‌تی كوردی بهاوێنه‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سایتی فه‌رمی ماملێمان ww.mamle.net وه‌گه‌ڕ خستووه تا ببێته پردێكی پێوه‌ندی نێوانی هۆگرانی هونه‌ریی ماملێ و ئێمه، به‌ڵكو مه‌ڵبه‌ند به هی خۆیان بزانن و به‌ڵگه و شوێنه‌واره‌كانی ماملێمان بۆ بنێرن و ئێمه‌ش پێشكه‌شی میله‌تی كوردی بكه‌ینه‌وه.
* له‌ناو ماڵباتی ماملێ‌دا كۆمه‌ڵێك ده‌نگبێژ هه‌بوون كه له‌لایه‌ن مامۆستا محه‌مه‌د ماملێوه په‌روه‌رده و راهێنانیان پێ كراوه، ئه‌وه له زۆربه‌ی ڤیدیۆكانی ماملێ‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام بۆچی له دوای كۆچی ماملێوه هیچیه‌ك له‌و ده‌نگانه ده‌ركه‌وتنێكی ئه‌وتۆیان نه‌بووه و روویان نه‌كردووه‌ته هونه‌ر و گۆرانیگوتن؟
- ماملێ تا له توانایدا بوو وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ڕووناكبیر و دڵسۆز، هه‌وڵی دا ده‌وروبه‌ری هان بدات تا وه‌دوای هونه‌ر بكه‌ون. هه‌موو چه‌شنه ڕێگه‌یه‌كی تاقی ده‌كرده‌وه كه هانی نزیكانی خۆیشی بدات. زۆر جاران به جه‌فه‌نگ، زۆر جاران به قسه‌ی خۆش و جارجاریش به تووڕه‌یی، به‌ڵام له وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تاندا ده‌توانم بڵێم كه ده‌كه‌وێته سه‌ر تێڕوانینی ئه‌و ده‌نگبێژانه‌ی ماڵباتی ماملێ كه چۆن له گۆرانی و هونه‌ر تێ گه‌یون. من حه‌ز ده‌كه‌م بێده‌نگی هه‌ڵبژێرم و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بهێڵمه‌وه بۆ ئه‌م گۆرانیبێژانه.
* وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ ساڵانه خه‌ڵاتی ماملێ ده‌ده‌ن به هونه‌رمه‌ندێك، به چ پێوه‌رێك ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه ده‌ستنیشان ده‌كرێن و كێن ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوكاریتان ده‌كه‌ن له دۆزینه‌وه و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه؟
- مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ هه‌ر ساڵ جارێك به پێی توانا، پاش هه‌ڵسه‌نگاندن و له‌به‌رچاوگرتنی كۆمه‌ڵێك خاڵ و فاكته‌ر، هونه‌رمه‌ندێكی كورد به‌ربژێر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ڕێزلێنان له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندی كورد، خه‌ڵاتی ماملێ‌ی پێشكه‌ش بكرێت، له ڕوانگه‌ی مه‌ڵبه‌نده‌وه ئه‌م خه‌ڵاته نه‌ك له ڕووی داراییه‌وه، به‌ڵكو له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه بایه‌خی هه‌یه. پێویسته ئه‌مه به ڕاشكاوی بگوترێ بابه‌ته‌كانی وه‌ك پێوه‌ندی تایبه‌تی كارگێڕانی مه‌ڵبه‌ند یا ناوچه‌گه‌رێتی و دۆستایه‌تی هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه دانانێ، بۆیه هه‌ركه‌س ده‌توانن ڕۆڵێكی به‌رچاویان له دابینكردنی هونه‌رمه‌ندی ساڵ هه‌بێ. هه‌روه‌ك ماملێ سه‌ر به هه‌موو نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه، ئه‌م خه‌ڵاته‌ش به هه‌مان شێوه موڵكی هه‌موو كوردستانییه‌كه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئێمه كۆمیته‌یه‌كمان ده‌ستنیشان كردووه له كه‌سانی شاره‌زای بواره‌كانی موزیك، گۆرانی و وێژه‌وه كه ساڵانه ناوی كاندیده‌كانیان به مێژووی خه‌باتیانه‌وه ده‌خه‌ینه به‌ر ده‌ستیان و ئه‌وانیش به‌پێی توانا و بڕسته‌كانی مه‌ڵبه‌ند، بڕیاڕه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن.
* ئه‌مساڵ كام هونه‌رمه‌ندتان وه‌ك به‌ربژێر ده‌ستنیشان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی ماملێ‌ی پێ ببه‌خشن؟
- بۆ ئه‌مساڵ بڕیار دراوه خه‌ڵاتی ماملێ له كۆی فێستیڤاڵێكی هونه‌ری و كولتووریدا له 21ی ئایار له شاری ستۆكهۆڵم پێشكه‌شی مامۆستای پایه‌به‌رزی كورد مه‌زهه‌ر خالقی بكرێت.
* ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه ده‌ستكاری مه‌زارگه‌ی هونه‌رمه‌ندان و شاعیرانی مهاباد كرا و ئه‌و سیمایه‌یان تێك دا كه لای خه‌ڵك بووبوو به بیره‌وه‌ری، زۆربه‌ی نووسه‌رانی رۆژهه‌ڵات ره‌خنه‌یان له بكه‌رانی پڕۆژه‌كه گرت به‌وه‌ی نۆستالیژیای گشتییان شێواندووه، هه‌ڵوێستی ئێوه وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی ماملێ له‌سه‌ر ئه‌و شێوه ده‌ستكارییه چی بووه به‌رامبه‌ر گۆڕستانی گه‌وره‌پیاوانی كورد له مهاباد؟
- وه‌ك ماڵباتی محه‌مه‌د ماملێ و وه‌ك گوته‌بێژی مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌تان بده‌مه‌وه. چوون له‌م بواره‌وه بێهه‌ڵوێستیمان زۆر بینی له لایه‌ن به‌شێك له بنه‌ماڵه‌ی ماملێوه، به‌داخه‌وه وه‌ها ڕووداوێكی ناخۆش ڕووی دا، ئێمه هه‌ر له یه‌كه‌م چركه‌كانی ئه‌م ڕووداوه هه‌ڵوێستی خۆمان دژ به‌م كرده‌وه نایاسایی، ناشه‌رعی، نامرۆڤانه‌یه به ڕوون و ئاشكرا ده‌ربڕی. له‌م پێناوه‌شدا كه‌وتینه ژێر گوشارێكی یه‌كجار زۆر و به‌هه‌ر جۆرێك بێت ده‌یانویست ده‌نگمان كپ بكه‌ن و هیچ نه‌ڵێین. به‌ڵام ته‌نانه‌ت یه‌ك هه‌نگاویش بۆ دواوه نه‌گه‌ڕاینه‌وه. جێی خۆیه‌تی لێره‌دا سوپاسێكی یه‌كجار زۆری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بكه‌ین كه پشتگیری‌یان كردین و به هیمه‌تی ئه‌وان توانیمان شوناسی نه‌ته‌وه‌یی بگه‌ڕێنینه‌وه ئه‌و مه‌زارگه‌یه.