37 ئه‌مپێره‌.. پێشمه‌رگه‌یه‌ك بزوێنه‌رێكی كاره‌بایی به‌ غاز دروست كرد

:: PM:03:01:21/05/2017 ‌

گه‌نجێكی كورد له‌ شارۆكه‌ی زاخۆ، بزوێنه‌رێكی دروست كردووه‌ له‌ جیاتی به‌نزین، به‌ غاز كار ده‌كات و توانای پێدانی 37 ئه‌مپێر كاره‌بای هه‌یه‌، به‌پێی قسه‌كانی خۆی، ده‌توانێت به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ توانایه‌كی گه‌وره‌تریش دروستی بكات.

سه‌عید سه‌باح گولی ئه‌و گه‌نجه‌یه‌ كه‌ ئامێره‌كه‌ی دروست كردووه‌ و به‌ "وشه‌"ی گوت: هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خه‌ریكی كاری ته‌كنیكی و كاره‌باییم و تا ئێسته‌ چه‌ندان ئامێرم دروست كردووه‌ و چه‌ندان بیرۆكه‌ی تریشم هه‌یه‌، دوایین داهێنان و كاری من، دروستكردنی بزوێنه‌رێكه‌ كه‌ به‌غاز كار ده‌كات و توانای پێدانی 37 ئه‌مپێر كاره‌بای هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و بزوێنه‌ره‌ كاره‌بایه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ بازار هه‌ن و به‌ به‌نزین كار ده‌كه‌ن، ته‌نیا هه‌شت بۆ 12 ئه‌مپێر كاره‌با ده‌ده‌ن.

زیاتر گوتی: له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی مانگانه‌ نزیكه‌ی 50 بۆ 70 لیتر به‌نزین بسووتێنین و تێچوویه‌كی زۆر بده‌ین، ئه‌م ئامێره‌ مانگانه‌ ته‌نیا یه‌ك بوتڵ غاز خه‌رج ده‌كات، به‌ شه‌و و رۆژ ده‌توانێت كاره‌بای به‌رهه‌م بهێنرێت، واته‌ به‌ 10 هه‌زار، كاره‌بای 24 سه‌عاتی ده‌دات.

له‌باره‌ی هۆكاری بیرۆكه‌كه‌ی ده‌ڵێ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وكاته‌ی كاره‌با كه‌م بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ ده‌بێت شتێك بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌و كێشه‌یه‌ رزگارمان بێت، ده‌ستم كرد به‌ دروستكردنی ئه‌و بزوێنه‌ره‌ و سه‌ركه‌وتوو بووم.

به‌پێی قسه‌كانی ئه‌و گه‌نجه‌، بوتڵی غاز هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ سه‌ر ئه‌و بزوێنه‌ره‌ و گیانی مرۆڤ دروست ناكات و گوتی، ده‌توانین سۆنده‌یه‌كی درێژ له‌ بزوێنه‌ره‌كه‌وه‌ ببه‌ستین و دوور له‌ بزوێنه‌ره‌كه‌ داینێین، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌گه‌رێكی مه‌ترسی لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌.

سه‌عید پێی وایه‌، ئه‌گه‌ر پشتوانی و هاوكاری بكرێت، ده‌توانێَ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌م ئه‌زموون و داهێنانه‌ له‌سه‌ر بزوێنه‌ری گه‌وره‌تر ئه‌نجام بدات و كاره‌بای زیاتر به‌ تێچوویه‌كی كه‌م دابین بكات.

سه‌عد گولی كه‌ خۆی پێشمه‌رگه‌یه‌ و خێزانداره‌ و له‌ سالێ 1981 له‌ شارۆكه‌ی زاخۆ له‌ دایك بووه‌، به‌ گه‌نجێكی خۆشه‌ویست و داهێنه‌ر له‌ زاخۆ ده‌ناسرێت. ئه‌و له‌ درێژایی قسه‌كانیدا رای گه‌یاند كه‌ پێكهاته‌ی ئه‌و بزوێنه‌ره‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ پێكهاته‌ی بزوێنه‌ری به‌نزینه‌ ته‌نیا له‌ جیاتی به‌نزین به‌ غاز كار ده‌كات. ئه‌و پێی وایه‌ كاركردنی بزوێنه‌ر به‌ غاز باشتره‌ و تێچووی كه‌متره‌ و زیاتریش كاره‌با ده‌دات.

زاخۆ/ نه‌وزاد هلۆری










وشە - تایبه‌ت