بەرشەلۆنە: بە بەڵگە دەیسەلمێنین ریال مەدرید یارییەكەی مەلەگەی كڕیبووەوە
یانەی ریال مەدرید یەكشەمی رابردوو بە بردنەوەی لە یانەی مەلەگە، بەفەرمی ناسناوی ئەمساڵی خولی پلە یەكی ئیسپانیای بەدەستهێنا دوای ئەوەی ماوەی 5 ساڵ لێی دابڕابوو.
لەو یارییەدا یانەی ریال مەدرید لە دوایین یاریی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا بووە مێوانی یانەی مەلەگە و یارییەكەشی بە ئەنجامی 0-2 گۆڵ بردەوە، بەم سەركەوتنەش یانەكە خاڵەكانی كردە 93 خاڵ و بەفەرمی بووە پاڵەوان.
لای خۆیەوە یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند كە چەندان بەڵگەیان هەیە دەیسەلمێنێ یانەی مەلەگە بەئەنقەست لە یارییەكەدا خۆی دۆڕاندووە و لەبەرامبەردا پارەیان لە یانەی ریال مەدرید وەرگرتووە.
رۆژنامەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی ئەو بەڵگانەی پێشكەش بە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا كردووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیان تێدا بكات، یانەكە جەختیشی كردووەتەوە كە یانەی ریال مەدرید بە پارە ئەنجامی یارییەكەی لە بەرپرسانی یانەی مەلەگە كڕیوە بۆ ئەوەی بەرشەلۆنە نەبێتە پاڵەوان.
یەكێك لەو بەڵگانەی كە یانەی بەرشەلۆنە خستوویەتییەروو هەروەك لە وێنەكەدا دیارە كە میكێل ڤیلانۆڤای بەرگریكاری یانەی مەلەگە بە ئەنقەست بەسەر تۆپ باز دەدات تا تۆپەكە بگاتە لای كریستیانۆ رۆناڵدۆ و ئەویش بیهاوێژێ بۆ گۆڵ.
یانەی بەرشەلۆنە ئاشكراشی كرد كە چەندان بەڵگەی تریان هەیە و لە راپۆرتەكەدا پێشكەشی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیایان كردووە.
جێی باسە پێش ئەنجامدانی یارییەكە، لویس ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاندبوو كە لەوە دەترسێ یانەی مەلەگە ئاسانكاری بۆ یانەی ریال مەدرید بكەن تا سەركەوتن بەدەستبێنن و دواتریش ببنە پاڵەوانی ئیسپانیا، بەتایبەت كە راهێنەری یانەی مەلەگە پێشتر یاریزانی یانەی ریال مەدرید بووە و پەیوەندییەكی بەتینیشی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی شاهانە ماوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم