مشكێك لە بۆشایی گەردوون لە دایك بوو

:: AM:10:18:24/05/2017 ‌

زۆرێك لە زانایان لەو باوەڕەدا بوون كرداری پەڕین و پیتاندن لە بۆشایی گەردوون كارێكی ئەستەمە و وەچەی لێ ناكەوێتەوە، بەڵام بەم دواییە پسپۆڕان دوای هەڵگرتنی سپێرمی مشك بۆ ماوەی نۆ مانگ لە وێستگەیەكی بۆشاییگەری نێودەوڵەتی، سەرەنجام بەهۆی ئەو سپێرمەوە مشكێك هاتە دنیاوە، ئەمەش پێشكەوتنێكی گەورەیە لە بواری دۆزینەوەی ژیان لەسەر هەسارەكانی تری نێو گەردوون.

شارەزایان چوونە نێو وێستگەی "ئەی ئێس ئێس"ی بۆشایی ئاسمان كە ڕێژەیەكی زۆری تیشكەكانی گەردوونی بەردەكەوێ، ئەوان لەوە دەترسان بەهۆی ئەو تیشكانەوە پرسی پیتاندن ڕوو نەدات و نەتوانرێ وەچە لە نێو گەردوون دروست بكرێ و بخرێتەوە، بەڵام ترسەكەیان كۆتای هات و مشكێك لە دایك بوو.

ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی لە زاری بۆشاییگەرانی ئاسمانەوە گواستییەوە، ڕێژەیەكی یەكجار زۆری تیشكەكانی گەردوون بەو وێستگەیە دەكەوێ و لەو باوەڕەدا بوون كە ئەو تیشكانە دەبێتە هۆی بەستنی سپێرم و كوشتنی توانای پیتاندن.

توێژەرانی زانكۆی یامانشی ژاپۆن ئاشكرایان كرد، ئەو سپێرمەی بۆ ماوەی 288 ڕۆژ لە وێستگەی بۆشایی ئاسمان مایەوە و سەرجەم تیشكەكانی گەردوون بەری كەوتوون، بەڵام تیشكەكان نەبوونەتە هۆی تێكچوون و لەناوبردنی توانای بۆ وەچەخستنەوە.

تیرۆهیكۆ واكایاما پسپۆڕ و سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە لە زانكۆی یامانشی گوتی، ئەو تیشكانەی لەو وێستگە گەردوونییە هەن 100 جار زیاتر لەو تیشكانە بەهێزترن كە لەسەر زەوی بوونیان هەیە، ئەمەش تەواو توێژینەوەكانی پێشتری ڕەت كردەوە، بەتایبەت توێژینەوەیەكی ڕووسەكان كە لە ساڵی 1979 بڵاو كرایەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە دابوو، نێرە و مێیەی مشكیان ناردووەتە بۆشایی ئاسمان و هیچ كات زاوزێیان نەكردووە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د