تایبەتمەندییەكی تر بۆ ئینستاگرام زیاد كرا

:: AM:10:19:24/05/2017 ‌

تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام كە خاوەنداریەتییەكەی لەلایەن كۆمپانیای فەیسبووكەوە دەكرێ، تایبەتمەندییەكی تری بۆ تۆڕەكە زیاد كرد و لەبارەی تایبەتمەندییەكەیش زانیاری تەواوی خستە ڕوو.

ئینستاگرام یەكێكە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی كە بە ملیۆنان خەڵك لە سەرتاسەری دنیاوە بەكارهێنەرین و پێشتر لەلایەن كۆمپانیای فەیسبووك كڕایەوە و چەندان گۆڕانكاری و تایبەتمەندی تری بۆ زیاد كرا.

لەم دواییە كۆمپانیای فەیسبووك خەریكی زیادكردنی تایبەتمەندییەكی ترە بۆ ئینستاگرام، كە زۆر بە سوودە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێ وێنەكانیان بشارنەوە و ئەوانەیشی كە فرێندیانن وێنەكانیان نەبینن، بەبێ ئەوەی وێنەكەش لە نێو ئینستاگرام بسڕنەوە.

ڕاپۆرتە میدیایییەكان ئاشكرایان كرد، تۆڕی ئینستاگرام لە هەوڵی زیادكردنی تایبەتمەندی "ئەرشیڤ"دایە كە یارمەتیدەرێكی بەهێزی بەكارهێنەران دەبێ، بۆ شاردنەوەی وێنەكانیان لە بردن و دووبارە بەكارهێنانەوەیان، لە ڕێی ئەو تایبەتمەندییەوە هەر كاتێك بیخوازن دەتوانن تەواوی وێنەكان بشارنەوە و هیچ كەس نەتوانێ بیانبینێت، هەركاتیش ویستتان دەتوانن دووبارە وێنەكان بهێننەوە.

بۆ بەكارهێنانی ئەو تایبەتمەندییە، بڕۆن بۆ بەشی بژاردەكان لە بەشی سەرەوەی لای چەپی ئینستاگرام و شاردنەوە هەڵبژێرن، لەكاتی هێنانەوەیشی بچنەوە هەمان شوێن و ڕەتكردنەوەی شاردنەوە هەڵبژێرن، تا ئێستە تایبەتمەندییەكە بە شێوەیەكی بەربڵاو نەخراوەتە خزمەتی بەكارهێنەران و تەنیا بۆ تاقیكردنەوە لە هەندێ شوێن خراوەتە ڕوو.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د