ئەمڕۆ لە هەولێر چوار فیلمی دەرهێنەرێكی كورد نمایش دەكرێن

:: AM:10:59:24/05/2017 ‌

چوار كورتە فیلمی دەرهێنەری كورد سۆران ئیبراهیم  ئەمڕۆ چوارشەم لە شاری هەولێر نمایش دەكرێن و هاوكات گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.

دەرهێنەری ناوبراو بە"وشە"ی راگەیاند: ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای هەولێر، ئێوارەیەك بۆ نمایش و گفتوگۆی چوار كورتە فیلمم ساز دەكات. لە دوای نمایشكردنی فیلمەكان، گفتوگۆ و سەرنج و تێبینی لەسەر ئەو فیلمانە بەڕێوە دەچێت، هەریەك لە فیلمەكان بەناوەكانی "گوێز- ڕازی بوویت یا نا- ونبوون لە غوبار- بێدەنگی مێروولەكان" نمایش دەكرێن كە ناوەڕۆكی ئەو فیلمانە داكۆكیكردنە لەسەر پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان . 

لەبارەی هۆكاری نمایشكردنی فیلمەكانی بەیەكەوە بە"وشە"ی گوت: چونكە كورتە فیلم تەنیا لە فێستیڤاڵ بەشداری دەكات و چانسی نیشاندانی نییە ڕۆژانە لە سینەماكان، بۆیە دەبێت بەیەك جار هەموویان پێكەوە نیشان بدەین و گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت. 

ئەمڕۆ شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر بە"وشە"ی گوت: ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە سەعات پێنجی ئێوارە لە هۆڵەكانی رۆیاڵ سینەما ئەو فیلمانە نمایش دەكەین. ئامانجمان ئاشناكردنی بینەری كوردە بەهونەری سینەما و فیلمی كوردی.      

شایەنی باسە دەرهێنەر و سینەماكار سۆران ئیبراهیم خەڵكی شاری ڕانیەیە و لە ئێستەدا لە شاری هەولێر دەژێت. تا ئێستە چوار كورتە فیلمی بەرهەم هێناوە و بەنیازە ساڵی داهاتوو لە كۆلێژی سینەمای ئیتاڵی لەو بوارە درێژە بەخوێندن بدات . 

هەولێر/ شاخەوان شێخانی









وشە - تایبه‌ت