سبەی بە بەشداری چوار هونەرمەند لە دهۆك كەرنەڤاڵێك بەڕێوە دەچێت

:: PM:01:38:24/05/2017 ‌

 لەژێر دروشمی "بەڵێ‌ بۆ ریفراندوم" بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری دهۆك، كەرنەڤاڵێكی هونەری و هەمەڕەنگ بەبۆنەی رۆژی بە پارێزگابوونی دهۆك رێك دەخات و تێیدا سەرجەم دامودەزگەكانی شار و شارۆكەكانی پارێزگای دهۆك بەشدار دەبن. لە كەرناڤاڵەكەشدا ئاهەنگێكی گەورەی گۆرانی و هەڵپەڕكێ‌ بە بەشداری چوار هونەرمەندی ناسراوی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

ئاواز نهێلی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری دهۆك رای دەگەیەنێ، ئەوان دەیانەوێت لە رۆژی پارێزگابوونی دهۆكدا توانای دامودەزگەكانی پارێزگای دهۆك بۆ رای گشتی و خەڵك بخەنە ڕوو و بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەم ساڵیش وەك ساڵانی‌ رابردوو یادی بەپارێزگابوونی دهۆك دەكرێتەوە، بەڵام بە شێوازێكی جیاوازتر، هەموو بڕگە و بابەتەكانی ئەو كەرنەڤاڵە لەژێر دروشمی بەڵێ‌ بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخویی ئەنجام دەدرێت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، كەرناڤەڵەكە رۆژی پێنجشەم 25 ئایار، بە بەشداری چوار هونەرمەندی ناسراو و دەنگخۆشی كوردستان بەڕێوە دەچێت كە ئەوانیش عەبدولقەهار زاخویی، بلند ئیبراهیم، دیلانار یلدز و عەبدوڵا هەركین كە لە كۆتای رێوڕەسمەكە ئاهەنگەكە بە گۆرانییەكانیان دەرازێننەوە.

 بەپێی قسەكانی نهێلی كەرنەڤاڵی بە پارێزگابوونی دهۆك بە ئەنجامدانی چەندان چالاكیی كولتووری و هونەری سەعات پێنجی ئێوارە دەست پێ‌ دەكات، دواتر لە سەعات حەوتی ئێوارە ئاهەنگی گۆرانی و هەڵپەڕكێ‌ بەڕێوە دەچێت، سەرجەم دامودەزگە حكوومی و حزبییەكانی پارێزگای دهۆك بەشدارن و هەموو هاونیشتمانییانی دهۆكیش بانگهێشت كراون و كەرنەڤاڵەكە لە پاركەكانی دهۆك موڵ بەڕێوە دەچێت.

لە كۆتای كەرناڤاڵەكە لە رێوڕەسمێكدا لیژنەیەكی تایبەت هەڵسەنگاندن بۆ بەشداربووانی كەرنەڤاڵەكە دەكات و سێ‌ باشترین بەشداربووی كەرنەڤاڵەكە خەڵات دەكرێن. پێنج كەسی تریش كە لە رابردوودا لە یەكێك لە بوارەكاندا لە پارێزگای دهۆك ناوبانگی دەركردووە و خزمەتێكی باش و بەردەوامی بۆ دهۆك هەبووە، خەڵات دەكرێن.

دهۆك لە سالێ‌ 1969 بووە بە پارێزگا و لە حەوت شارەدێ‌ پێك دێت. بە یەكێك لە پارێزگا بچووكەكانی هەرێمی كوردستان دەناسرێت، بەڵام بە دەوڵەمەنترین پارێزگای هەرێمی كوردستان دادەنرێت لە رووی گەشتوگوزاری و لەڕووی كولتوور و داونەریتی كوردەواری و پێكەوە ژیاندا پارێزگایەكی دەوڵەمەندە.

دهۆك / نەوزاد هلۆری



وشە - هیدایه‌ت جان