بەرشەلۆنە ناهێڵی میسی دەستگیر بكرێ

:: AM:10:05:25/05/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ ئەستێرە ئەرجەنتینییەكەی لیۆنێل میسی دەربڕی سەبارەت بە بڕیاری دادگای ئیسپانیا سەبارەت بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە پێدانی باج.

دوێنێ چوارشەم دادگای باڵای ئیسپانیا پەسندی بڕیاری دەستگیركردنی میسی و باوكی بۆ ماوەی 21 مانگ دەربڕی كە پێشتر دادگای بەرایی بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بەسەریدا سەپاندبوو.

لەمبارەیەوە جۆزیپ فیفیسی وتەبێژی یانەی بەرشەلۆنە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: یانەی بەرشەلۆنە بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی میسی و باوكی دەكات سەبارەت بەو بڕیارەی كە دادگای باڵای ئیسپانیا دەری كردووە.

زیاتر گوتی: جۆزیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە هەموو كارێكی یاسایی دەكات بۆ ئەوەی ئەستێرەی یانەكەی و باوكی نەخرێنە زیندانەوە و بەهەموو شێوەیەكیش پاڵپشتییان دەبێت.

بەگوێرەی یاساكانی ئیسپانیا ئەگەر تۆمەتبارێك ماوەی دەستگیركردنەكەی لە 24 مانگ كەمتر بێت و یەكەمجاریشی بێت بڕیاری دەستگیركردنی بەسەردا بسەپێنرێ، ئەوا بڕیاری دەستگیركردنەكەی جێبەجێ ناكرێ، بەڵام ئەگەر بە تاوانێكی تر بۆ دووەمجار بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەربچێ ئەوا بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێ، واتە میسی ئەمجارە خۆی دەستگیر ناكرێ بەهۆی ئەوەی یەكەمجارە تۆمەتبار بكرێ و جگە لەوەش ماوەی سزاكەی 24 مانگ كەمترە.


وشە - ئامانج ئه‌كره‌م