سەرۆكی بایرن میونشن لە ریال مەدرید توڕەیە

:: AM:11:24:25/05/2017 ‌

كارل هاینز رۆمەنیگەی سەرۆكی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئاشكرای كرد كە لە یاریی كۆتی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئامادە نابێت بەهۆی ئەو زوڵمەی یانەكەی بەرامبەر یانەی ریال مەدرید لێی كرا.

رۆژی 3ی مانگی داهاتوو هەردوو یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی و ریال مەریدی ئیسپانی لە شاری كاردیفی ویڵز یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئەنجام دەدەن.

رۆمەنیگە بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی وڵاتەكەی ئاشكرای كرد كە ئامادەی كۆبوونەوەی یەكەتیی یانەكانی ئەوروپا دەبێت كە رۆژێك بەر لە بەڕێوەچوونی یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە شاری كاردیف بەڕێوە دەچێت، بەڵام ناچێتە نێو یاریگە بۆ بینینی یاریی كۆتای خولەكە.

رۆمەنیگە پێیوایە یانەكەی لەلایەن ناوبژیوانەوە لە قۆناغی پێش كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید غەدرێكی زۆری لێ كرا، بەهۆی هەستكردن بە ئازاری غەدرەكە لەنێو یاریگەی یارییەكەی یۆڤانتۆس و ریال مەدرید ئامادە نابێت.

رۆمەنیگە پێشتر رەخنەی توندی لە ڤیكتۆر كاسای ناوبژیوانی یارییەكەی نێوان ریال مەدرید و بایرن میونشن لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ گرتبوو كاتێك ئەرتۆرۆ ڤیدالی بە كارتی سوور دەركردبوو و هەروەها چەند بڕیارێكی تریشی دژی یانەكەی دەركردبوو كە لە كۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی یانەكەی لە قۆناغی پێش كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەربكرێ.

رۆمەنیگە جەختی كردەوە كە ئەو بەخێرایی هیچ ناهەقییەك لە بیر ناكات، هەر لەبەر ئەمە لە یارییەكەی نێوان یۆڤانتۆس و ریال مەدرید ئامادە نابێت.

سەرۆكی یانەی بایرن میونشن راشی گەیاند كە ماوەی 40 ساڵە ئاستی خراپی هیچ ناوبژیوانێكی وەك یارییەكەی نێوان یانەكەی و ریال مەدرید نەبینیوە كە لە ماوەی 90 خولەكدا پێنج گەورەترین هەڵەی ئەنجامدا كە لە كۆتاییدا دەركردنی یانەی بایرن میونشنی لێ كەوتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م