بەرشەلۆنە هەوڵی گەڕانەوەی دیۆلۆفیۆ دەدات و میسیش رازی نییە
رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی رازی نییە بەگەڕانەوەی گیرارد دیۆلۆفیۆ ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی بۆ ریزی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی.
رۆبەرت فێرناندیزی بەڕێوەبەری یانەی بەرشەلۆنە بۆ رۆژنامەی (دیاریۆ گۆڵ) رایگەیاند: یانەی بەرشەلۆنە لە كۆتاییدا رەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی دیۆلۆفیۆ پێشانداوە.
دیۆلۆفیۆ /23 ساڵ/ لەنیوەی ئەم وەرزەدا بەشێوەی خواستن یاریی بۆ یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی كرد و ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد، یانەی بەرشەلۆنەش بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ یانەی ئێڤەرتۆن هەیەتی دەتوانێ هاوینی داهاتوو بە 12 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانەی بگەڕێنێتەوە.
بەڕێوەبەری یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: دەچمە بەریتانیا و بەبێ هیچ گومانێك دیۆلۆفیۆ دەگەڕێنمەوە یانەی بەرشەلۆنە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەدا كە یەكێك لەو كەسانەی بەرهەڵستی گەڕانەوەی دیۆلۆفیۆ دەكات لیۆنێل میسییە و پێیوایە شێوازی یاریكردنی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە گونجاو نییە.
میسی داوای لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كردووە لە بڕی گەڕانەوەی دیۆلۆفیۆ، یانەكەی هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ ئەستێرەیەكی جیهانی بدات لەوانەش فیلیپ كۆتینیوی بەڕازیلی یانیش ماركۆ ڤیراتی ئەستێرەی ئیتاڵی.
وشە -
ئامانج ئهكرهم