کۆبوونەوەی ئۆپێک دەستی پێکرد

:: PM:04:03:25/05/2017 ‌

 

کۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپێک بە ئامانجی درێژکردنەوەی رێککەوتنی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڤیەننای و پایتەختی نەمسا دەستی پێ کرد.

 

ئەگەر وڵاتانی ئۆپێك رێككەوتنەكە درێژ بكەنەوە ئەوا تا ئاداری ٢٠١٨ بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك لە ئاستی ئێستەیدا دەمێنێتەوە. هەڵبەت هەر یەك لە نایجریا  و لیبیا رێگەیان پێ دراوە بەرهەمهێنانیان كەم نەكەنەوە بەڵام لە ئاستی رابردوویاندا رای بگرن.

 

هەر یەك لە وەزیرانی نەوتی عێراق و سعوودیە پیشتر لەسەر ئەوە رێككەوتن، دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی نۆ مانگی تر درێژ بكەنەوە. ئەو رێككەوتنە نرخی نەوتی هەندێك بەرز كردەوە و ئەگەر ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئۆپێكیش درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە رابگەیەنرێت ئەوا كاریگەری بۆسەر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت دەبێت.

 

بەگشتی وڵاتانی ئۆپێك سەرووی ٩٠%ی بەڵێنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان جێبەجێ كردووە بەڵام وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك ٦٤%ی بەڵێنییەكەیان جێبەجێ كردووە.

 

سعوودیە تاكە وڵاتی ئەندامی ئۆپێكە كە ١٠٠%ی بەڵێنییەكەی جێبەجێ كردووە. هەڵبەت ئێرانیش نەیهێشتووە بەرهەمهێنانەكەی لە سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل تێبپەرێت كە بۆی دیاری كرابوو.

 

كۆمپانیای گۆلدمەن دێكس نووسیویەتی ئەگەر رێككەوتنەكە بۆ ماوی نۆ مانگ درێژ بكرێتەوە ئەوا هاوسەنگی بۆ بازاڕ دەگەڕێتەوە و نرخی نەوتیش لەمساڵدا دەگاتە ٥٧ دۆلار.

 

دار ساترە بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای "ستێت ئۆیل"یش پێشتر ئاشكرای كردبوو ئەگەر وڵاتانی ئۆپێك لەسەر درێژكردنەوەی ریككەوتنی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت رێك بكەون ئەوا هاوسەنگیی بۆ بازاڕی نەوت دەگەڕێتەوە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەمە نرخی نەوت لە ژێر کاریگەریی نائارامیی بازاڕی نەوت تارادەیەک دابەزی و ئێستە هەر بەرمیلێک بە ٥٣ دۆلار و ٣٢ سەنت دەفرۆشرێت.

 

لە كۆتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دا نزیكەی ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەیان كەم بكەنەوە و لە ١٠ی مانگی كانوونی یەكەمیش وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بە سەرۆكایەتیی رووسیا، بڕیاری كەمكردنەوەی نزیكەی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان دا.

 

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەستراوەتەوە بە زۆری یان كەمیی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوسەنگی خستنەڕوو و داواكاری و كاتێك لە خستنەڕووی نەوت هیچ كۆنترۆڵ و سنوورێك نەبێت، ئەوا بازاڕی نەوتیش جێگیر نابێت و نرخەكان روو لە دابەزین دەكەن.

 

بەگوێرەی dailyfx تێكڕای نرخی نەوت لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە تا حەوتی ئاداری ئەمساڵ ٥٥ دۆلار و ٥٠ سەنت بووە. دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك لە ٣٠ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو نرخی نەوت بەرز بووەوە، ئەگەر نا پێشتر لە خوارووی ٤٥ دۆلار دەفرۆشرا و سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەش بۆ نزیكەی ٢٧ دۆلار دابەزیبوو.

 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ نرخی نەوت لە سەرووی ١١٠ دۆلار دەفرۆشرا. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ داعش سەری هەڵدا و تا كۆتای ساڵەكەش نەوت رووی لە دابەزین كرد و ئەو دابەزینە بەردەوام بوو تا كۆتای ساڵی ٢٠١٥، لە یەكەم مانگی ساڵی ٢٠١٦دا گەیشتە نزمترین ئاست و هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە ٢٧ دۆلار دەفرۆشرا.

 

 



وشە - سلێمان تاشان