ئێران بە مەرج گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەكڕێت

:: PM:05:11:25/05/2017 ‌

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، وڵاتی ئێران ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەمساڵ گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكڕێت، بەڵام بە نرخێكی كەمتر لەوەی لە بازاڕەكان كڕن و فرۆشتنی پێوە دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی ئایار/ مایۆ، عەبدولرەحمان عەلی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی كشتوكاڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ نەهێشتنەوەی ئەو گەنمەی لە لای جووتیارانە ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕێك پارە تەرخان بكات و ئەو گەنمە لە جووتیاران بكڕێتەوە.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ باس لە شوێنگرەوەی عێراقمان كردوە لە ئەگەری وەرنەگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ئێران ئامادەیە گەنمی هەرێمی كوردستان بكڕێت.

ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، ئێران مەرجی هەیە بۆ كڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و دەیەوێت خۆی نرخەكە دیاری بكات و نرخەكەی كەمتر بێت لە بازاڕ.

ساڵی پار هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێنا، بەڵام بۆ ئەمساڵ حكوومەتی عێراق ئامادە نییە تەواوی گەنمی هەرێمی كوردستان وەربگرێت لە جووتیاران و تا ئێستەش ئەو كێشەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد