ئاگرێكی گەورە لە بەردەم دادگای هەولێر كەوتەوە

:: PM:07:53:25/05/2017 ‌

بەهۆی سوتانی گژ و گیایی وشك ئاگرێكی گەورە لە بەردەم دادگای هەولێر كەوتەوە و چەند كابینەیەكی سكاڵا نووسەكانی شوێنەكە سووتان.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی ئایار/ مایۆ، كافی عبدولقادر بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هەولێر بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی سووتانی گژ و گیایی وشكی ناوچەكە ئاگرێك لە بەردەم دادگای هەولێر لەسەر ڕێگای مووسڵ كەوتۆتەوە.

زیاتر گوتی، ئاگرەكە ئێستە كۆنتڕۆڵكراوە و هیچ زیانێكی گیانی نەبوە تەنیا چەند كابینەیەكی نووسەرانی سكاڵا لە شوێنەكە سووتاون.

ئەوە لەكاتێكدایە كە دوێنی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی "وشە"ەوە هۆشداریان دابوو لە كەوتنەوەی ئاگر لەم وەرزەدا بەهۆی وشك بوونی گژ و گیا و داوایانكردبوو هاووڵاتیان ئاگەداربن.

دادگای هەولێر لە ساڵی 2014 لە ناو بازاڕ گواسترایەوە بۆ سەر ڕێگای هەولێر- مووسڵ و لە ئێستەدا باڵەخانەی دادوەریش كە تایبەتە بە پارێزەران لەپاڵیدا دروست كراوە.



وشە - رامیار جەواد