سێ گەورە سەركردەی داعش كوژران

:: AM:10:10:27/05/2017 ‌

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش كە لەلایەن ئەمەریكاوە سەرپەرشتی دەكرێ، لە ڕاگەیەنراوێكدا كوشتنی سێ سەركردەی باڵای ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی لە عێراق و سووریا ڕاگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پنتاگۆن" لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، سێ سەركردە و پلانداڕێژەری داعش لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە عێراق و سووریا كوژراون.

ئاماژەی داوە، مستەفا جۆنیز یەكێك لە سەركردەكانی داعش و خەڵكی توركیا لە 27ی نیسان/ئەپریل لە شاری مەیادینی سووریا لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكان كوژراوە، ڕۆژی 11 ئایار/مایۆش ئەبو عاسم جەزائیری لە ئەنجامی بۆردمانێكدا لە شاری مەیادینی سووریا بە هەمان شێوە كوژراوە.

بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، سەركردەیەكی تری داعش بەناوی "ئەبو خەتاب ئەلراوی" كە فەرماندەیەكی باڵای سەربازی داعش بووە لە شارۆكەی قائیمی عێراق لە ڕۆژی 18 ئایار/مایۆ كوژراوە.

پنتاگۆن دووپاتی كردووەتەوە، كە هەرسێ سەركردەكە بیانین و ڕەگەزنامەی دووانی ئاشكرا كردووە، بەڵام ئاماژەی بە ڕەگەزنامەی "ئەلراوی" نەداوە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2014 بەسەرپەرشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بە بەشداری 62 وڵات دامەزرا، ئەوان پشتیوانی ئاسمانی بۆ هێزە شەڕكەرەكانی دژ بە داعش دابین دەكەن، هاوكات مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكان دەكەن و چەك و كەلوپەلی سەربازیشیان بۆ دابین دەكەن.

سەرچاوە/سكای نیوز.




وشە - باز ئه‌حمه‌د