ڕووسیا ڕێككەوتنی نێوان پەیەدە و داعش ئاشكرا دەكات

:: AM:10:11:27/05/2017 ‌

سەرچاوەكان لە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ شەموو ئاشكرایان كرد، كە فڕۆكە و هەلیكۆپتەرەكانی هێزی ئاسمانی ڕووسیا و یەكەكانی هێزە تایبەتەكان، هێرشی چڕیان بۆ سەر كاروانێكی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە ئەنجام دا، كە بەهۆی ڕێككەوتن لەگەڵ پەیەدەوە داعش دەیەوێ لە چەكدارەكانی لە ڕەقە بباتە دەرەوە، ئەو بۆردمانانەی ڕووسیاش ڕێككەوتنەكەی پەیەدە و داعشی تێك شكاند.

ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی "سپوتینك"ی ڕووسی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەم 25 ئایار/مایۆ فڕۆكەكانی ڕووسیا كاروانێكی گەورەی چەكدارانی داعشیان بۆردمان كرد كە لە 39 ئۆتۆمبێلی جۆری پیك ئاب بە چەكی قورسەوە پێك هاتبوون و لە ڕەقەوە بەرەو تەدموور دەڕۆیشتن، لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكەكانی ڕووسیاش 32 ئۆتۆمبێلی داعش بە چەكی قورسەوە سووتێنراون و 120 چەكداری داعشیش كوژران.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردەوە، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەگەڵ هێزی كوردەكان "پەیەدە" ڕێك كەوتووە، بۆ ئەوەی چەكدارەكانی داعش لە ڕەقەوە بچنە دەرەوە و بەرەو تەدموور بڕۆن، بەڵام فڕۆكەكانی ڕووسیا هەنگاوی بە پەلە و پێویستی گرتەبەر و ڕێگری لە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە كرد.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئێستە تەواوی هۆكارەكانی هەواڵگری و چاودێری لەسەر ڕێگەكانی هەڵاتنی چەكدارانی داعش لە ڕەقە بە چڕی چاودێری خراوەتە سەر و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان 24 سەعات چاودێرییان دەكەن، چونكە ئامانجی داعش ئێستە بە تەواوی ڕوونە و ئەوان بە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد دەیانەوێ ڕەقە چۆڵ بكەن و ڕوو لە تەدموور بكەن.

هێزەكانی سووریای دیموكرات كە یەپەگە و چەند گرووپێكی تری عەرەبی تێدایە، ڕۆژی شەشی تشرینی دووەم/نۆڤێبەری ڕابردوو دەست پێكردنی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی ڕەقەیان بەناوی "تووڕەیی فورات" ڕاگەیاند.

تەدموور یەكێكە لە شارە مێژوویییەكانی سووریا و كۆنترین سەرچاوەی شارستانی مرۆڤە و لە ناوەڕاستی ئایار/مایۆی 2015 ئەو شارە كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش، لە مانگی ئادار/مارسی 2016 سوپای ئەسەد بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا تەدمووری لە تیرۆریستانی داعش پاك كردەوە، بەڵام تیرۆریستان جارێكی تر لە كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2016 تەدمووریان كۆنتڕۆڵ كردەوە و سوپای ئەسەدیش لە هەڵمەتێكی تردا لە ڕۆژی دووی ئادار/مارسی 2017 بە تەواوی تەدموور و ناوچەكانی دەوروبەری بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی ڕووسیا كۆنتڕۆڵ كردەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د