پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هاوكات له نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان و لە قوڵایی خاكی ئێراندا بارەگا دەكاتەوە و تاران هیچ ڕێگرییەكیان لێ ناكات. ئێران دەیەوێ لە ڕێی پەكەكەوە قەڵغانێك لە سنوورەكان دروست بكات بۆ ڕێگری لە چالاكی و خەباتی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان. ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە بارەی فرەوانبوونی چالاكییەكان و هەژموونی پەكەكە لەسنووری سلێمانی و هەڵەبجە، دەڵێ "حزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەو سنوورە ئاسانكارییان بۆ دەكەن".
پەكەكە بارەگا لە ڕۆژهەڵات دەكاتەوە
حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دووپاتی دەكەنەوە كە پەكەكە بە درێژایی سنوور بارەگای لەناو ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لە دیوی باشووری كوردستان بەتایبەت لە سنووری سلێمانی كردووەتەوە و لەلایەن كۆماری ئیسلامیشەوە ڕێگرییان لێ ناكرێ و ڕووبەڕوویان نابنەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتووە، پەكەكە لە پشت گوندی "ڕەزاوی" لای سەوڵاوی ئێران لە چیای كۆساڵان لەسەر كانی بۆگەنە، دوو بارەگای كردووەتەوە و لەسەر "كانی حەمەئاغا"یش ڕووبەڕووی دەگاگا بەرامبەر چیای شاهۆ، سێ بارەگای تری كردووەتەوە، جیا لەوەی لە كانی "خەیاڵانی" پشت چیای سوورێن و "قەلەخانی" ڕۆژهەڵاتی هەورامانی باشووری كوردستان، بارەگای ئاشكرای هەیە.
زانیارییەكانی "وشە" ئاشكرای دەكەن "پەكەكە ئەو بارەگایانەی بە هاوئاهەنگی و ئاگەداری ئێران كردووەتەوە و ئامانج لێی دروستكردنی قەڵغانێكە بەڕووی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە لە باشووری كوردستانن و لە ساڵی رابردووەوە دەستیان بە چالاكی شۆڕشگێڕی كردووەتەوە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا".
تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بەدڵنیایییەوە پەكەكە بارەگای لە كەژی كۆساڵان و چیای شاهۆ هەیە و ڕژێمی ئێران هێرشیان ناكاتە سەر، زۆر بە ڕوونی بارەگاكانیان دیارە و كۆماری ئیسلامی بە ئاشكرا دەیبینێ و دەزانێ، بەڵام ئێمە بە وردی نازانین چەند بارەگایان هەیە.
پەكەكە و ئێران ڕێككەوتنیان هەیە
بەرپرسێكی یەكێك لە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە پەكەكە نەك هەر بارەگای لە ناوچە سنوورییەكان بە دیوی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان كردووەتەوە، بەڵكو تا قووڵایی 10 كیلۆمەتر چووەتە ناو خاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بارەگای كردووەتەوە.
عەبدوڵای ئازەربار سەرۆكی كۆمیسیۆنی نیزامی كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، پەكەكە لەو سنوورانە و تۆزێك قووڵتریش، لەناو خاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بارەگای هەیە لە ناوچەكانی پشتی سێف و هەردوو دیوی دۆڵی شلێر، بارەگای نەشاراوە و ئاشكرای هەیە، لە ناوچەكانی مەریوانیش پێشمەرگەكانی ئێمە بارەگای پەكەكەیان بینیوە.
زیاتر گوتی، "بەجۆرێك لە جۆرەكان ڕێككەوتنێكی نەنووسراو و ڕانەگەیەنراو لە نێوان پەكەكە و ئێران هەیە و سنوورەكان ڕادەستی ئەوان كراوە، بەڵام پشتڕاستی ئەوە دەكەمەوە كە پەكەكە بارەگای لە سنوور هەیە و بە قووڵایی 10 كیلۆمەتر لە خاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بارەگای ئاشكرایان هەیە".
لەبارەی هۆی بێدەنگی و بێهەڵوێستی ئێران لەسەر بارەگا ئاشكراكانی پەكەكە لەناو وڵاتەكەیدا، ئازەربار بۆ "وشە" ڕوونی كردەوە، هێوری و ئارامییەكی قووڵ لە نێوان ئێران و پەكەكە بوونی هەیە و هاتوچۆیشیان لە سنوورەكان هەبووە، ئەو جۆرە مامەڵەیەی ئێران لەگەڵ پەكەكە دەیكات، لەگەڵ هیچ هێزێكی تر نەكراوە، لەبەرئەوە پەكەكە لە لیستی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا نییە، ئێران بەهیچ شێوەیەك ئاگربەستی لەگەڵ هیچ هێزێكی بەرهەڵستكار نەكردووە، بەڵام لەگەڵ پەكەكە بەو شێوەیە.
"لە بەرچاوی ئێمە هۆكارەكەی ڕوون و دیارە، هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە قووڵایی ڕۆژهەڵات و جەماوەرەوە هەڵقوڵاون، بەڵام هێزەكانی پەكەكە هێزی ڕۆژهەڵات نین، بەڵكو هی پارچەیەكی تری كوردستانن و هیچ كاتێكیش یارمەتیدەر و داڵدەدەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەبوونە، بەڵكو هەمیشە خەریكی دروستكردنی بەدیل و كپكردنی پێگەی حزبەكانی ڕۆژهەڵات بووە، بۆیە ئێران رۆڵیان پێ دەدا" ئازەریار وای گوت.
پەكەكە دژی حزبەكانی ڕۆژهەڵات خەڵك ئاگەدار دەكاتەوە
ئێستە پەكەكە و لقەكەی خۆی لە رۆژهەڵات، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پەژاك" لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە ئاسایی جموجۆڵ دەكەن و خەڵكی ئاگەدار دەكەنەوە لە دژی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
تەیموور مستەفایی لەوبارەوە ئاماژەی دا، نامە و هۆشدارییەكانی پەژاك لە ناوەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تەواوی لە دژی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و بەردەوامن لەو كارە.
حزبە باڵادەستەكانی سلێمانی ئاسانكارییان بۆ دەكەن
لە چەندان ڕاپۆرتی میدیایی و بەگوێرەی ئامارەكانیش، چالاكی و قورسایی پەكەكە لە باشووری كوردستان لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و قەڵادزێ كۆ بووەتەوە، بەرپرسانی حكوومەتی و دەزگە تەناهییەكانی ئەو دەڤەرانە هیچ هەڵوێستێكیان نییە.
دانا جەزا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بوونی هێزەكانی پەكەكە لە سلێمانی و ناوچەكانی ڕانیە و قەڵادزێ و شارباژێر و هەڵەبجە بووەتە واقیع، تەنانەت خاڵی پشكنینیان داناوە گومرگ و باج لە خەڵك دەسێنن، ئەمە جێی نیگەرانییە و ناكرێ هێزی چەكدار لە دەرەوەی حكوومەت هەبێ و باج و گومرگ لە خەڵك وەرگرێ.
لەبارەی هۆی باس نەكردنی ئەو بابەتە لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دانا جەزا گوتی، پێویستە شتێكی واقیعی بڵێین، لە سنووری سلێمانی حكوومەتی ناوخۆیی و دامەزراوەكان سیاسەتی ئەو حزبە جێبەجێ دەكەن كە لە ناوچەكە باڵادەستە، ڕوونیشە كە لە سلێمانی كام حزبن باڵادەستن، بۆیە ئەوان ئاسانكاری و چاوپۆشی دەكەن، ئەگەرنا فەرمانگە حكوومەتییەكان ڕێگە نادەن، پەكەكەیش ناتوانێ وا بە ئاسانی ئەم كارانە ئەنجام بدات.