ئەو شوێنانەی كە لە دنیادا زۆرترین كات بەڕۆژوو دەبن

:: AM:10:45:27/05/2017 ‌

ئەمڕۆ یەكەم رۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە و لە كەشێكی گەرم و كەمشێدا، بەشێكی زۆری خەڵك بەڕۆژوو دەبن، بەڵام كاتەكانی رۆژووگرتن لە وڵاتان جیاوازە و هەندێ شوێن و وڵات، زۆرترین كاتی ئەو رۆژووگرتنەیان بەردەكەوێت، ئەوەیش بە پێی هەڵكەوتەیان لە ناوچەكانی گۆی زەوی.

لەو وڵاتانەی دەكەونە باكوری گۆی زەوییەوە، زۆرترین كاتی رۆژووگرتن دەبێت، بە تایبەت بازنەی قوتابی باكور كە هەندێ شوێن 24 سەعات خۆر بە دەرەوەیە.

بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەی ئیندیپێندێتی بەریتانی، ناوچەكانی باكوری فینلەندا شەو تەنیا 55 خولەكە، واتە دەبێ موسڵمانان لەو ناوچەیە 23 سەعات و پێنج خولەك بەڕۆژوو بن.

موسڵمانانی دەوڵەتانی ئەسكەندەنافیا، بە جۆرێكە لە نەرویج دەگاتە 19.48 سەعات، لە ئایسلەندا دەگاتە 21 سەعات.

محەمەد مسوڵمانێكی بەنگلادیشیی نیشتەجێی یەكێك لەو وڵاتانەیە، ئەو بۆ ئیندیپێندێت ئاماژەی بەوە كردووە، خزمانی سەریان سوڕماوە و پێیان سەیر بووە كاتێك پێی گوتوون زیاتر لە 20 سەعات بەڕۆژوو دەبن.

بەڵام مسوڵمانانی دەوڵەتی تری دراوسێ، چاودێری كاتی رۆژووشكاندنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان نزیكترین دەوڵەتی مسوڵمان دەكەن.

پێشتر پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی رای گەیاندبوو مسوڵمانانی ئەو وڵاتانەی رۆژووگرتن تێیاندا درێژە، دەتوانن بە كاتی مەككەی پیرۆز رۆژوو بگرن و بیشكێنن.




وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د