سەرەڕای رێككەوتنی ئۆپێك نەوت هەفتەیەكی خراپی بەڕێ كرد

:: AM:10:46:27/05/2017 ‌

 

سەرەڕای ئەوەی كە لە كۆتای هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆڕسە كۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپێك بۆ درێژكردنەوەی رێككەوتنی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێوە چوو، بەڵام نرخی نەوت دابەزی. لە كۆبوونەوەكە بڕیار درا بۆ ماوەی نۆ مانگی تر درێژە بە رێككەوتنی پێشوویان بدەن.

 

هەفتەیەك بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە، لێدوانی وەزیری نەوتی هەندێك لە وڵاتان و رێككەوتنی نێوان سعوودیە و رووسیا و دواتر عێراق و سعوودیە بۆ درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە كاریگەری خۆی خستبووە سەر بازاڕەكە و هەر ئەوە وای كردبوو نرخی نەوت بەرەو سەرووی 54 دۆلار بەرز ببێتەوە.

 

ئەوی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەم كە بڕیاری درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە درا، نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد.

 

شارەزایان پێیان وایە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بازاڕ پێویستی بەوە هەبووە رێككەوتنی نوێ تەنیا درێژكردنەوەی رێككەوتنی رابردوو نەبێت بەڵكوو بڕیاری كەمكردنەوەی برێكی تری بەرهەمهێنانی نەوت بێت و كاتێكیش لە كۆبوونەوەكە تەنیا بڕیاری درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە درا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد.

 

هەڵبەت ئەو رێككەوتنەش كاریگەری خۆی هەبوو و رێگری لەوە كرد نرخی نەوت زۆر دابەزێت، دوو هەفتە بوو نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردبوو و لە 48 دۆلارەوە هەڵكشابوو بۆ سەرووی54 دۆلار. دوای رێككەوتنەكە نرخی نەوت تا سەرووی 51 دۆلار دابەزی. هەڵبەت دوێنێ هەینی لە دوایین ساتەكانی بازاڕی بۆڕسە رێژەیەك لە نرخی نەوت بەرز بووەوە و گەیشتە 52 دۆلار و20 سەنت.

 

ماوەیەك لەمەوبەر نرخی نەوت گەیشتبووە خوارووی47 دۆلار و ئەگەر وڵاتانی ئۆپێك بڕیاری درێژكردنەوەی رێككەوتنەكەیان نەدایە، ئەوا نەیاندەتوانی نرخی نەوت بگەڕێننەوە سەرووی 50 دۆلار و تەنانەت پێشبینی دەكرا دووبارە نەوت بۆ خوارووی 40 دۆلار داببەزێت.

 

كۆمپانیای گۆلدمەن دێكس پێشبینی كردبوو ئەگەر رێككەوتنەكە بۆ ماوی نۆ مانگ درێژ بكرێتەوە، ئەوا هاوسەنگی بۆ بازاڕ دەگەڕێتەوە و نرخی نەوتیش لەمساڵدا دەگاتە 57 دۆلار. هاوكات دار ساترە بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای "ستێت ئۆیل"یش پێشتر ئاشكرای كردبوو ئەگەر وڵاتانی ئۆپێك لەسەر درێژكردنەوەی ریككەوتنی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت رێك بكەون، ئەوا هاوسەنگیی بۆ بازاڕی نەوت دەگەڕێتەوە.

 

مەبەست لەو هاوسەنگییە ئەوەیە نرخی نەوت لە سنوورێكی دیاریكراودا بمێنێتەوە و بەردەوام هەڵبەز و دابەز نەكات.

 

لە كۆتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دا نزیكەی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەیان كەم بكەنەوە و لە 10ی مانگی كانوونی یەكەمیش وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بە سەرۆكایەتیی رووسیا، بڕیاری كەمكردنەوەی نزیكەی 600 هەزار بەرمیل نەوتیان دا.

 

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەستراوەتەوە بە زۆری یان كەمیی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوسەنگی خستنەڕوو و داواكاری و كاتێك لە خستنەڕووی نەوت هیچ كۆنترۆڵ و سنوورێك نەبێت، ئەوا بازاڕی نەوتیش جێگیر نابێت و نرخەكان روو لە دابەزین دەكەن.

 

بەگوێرەی dailyfx تێكڕای نرخی نەوت لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە تا حەوتی ئاداری ئەمساڵ55 دۆلار و 50 سەنت بووە. دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك لە 30 مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو نرخی نەوت بەرز بووەوە، ئەگەر نا پێشتر لە خوارووی 45 دۆلار دەفرۆشرا و سەرەتای ساڵی 2015ەش بۆ نزیكەی 27 دۆلار دابەزیبوو.

 

لە سەرەتای ساڵی 2014 نرخی نەوت لە سەرووی 110 دۆلار دەفرۆشرا. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش سەری هەڵدا و تا كۆتای ساڵەكەش نەوت رووی لە دابەزین كرد و ئەو دابەزینە بەردەوام بوو تا كۆتای ساڵی 2015، لە یەكەم مانگی ساڵی 2016دا گەیشتە نزمترین ئاست و هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 27 دۆلار دەفرۆشرا.

 

 

 



وشە - سلێمان تاشان