شاناز بە هەشت سیمكارتی علووج و 12 خۆشەویستیی درۆینەوە گیرا

:: PM:12:05:27/05/2017 ‌

كاتێك خۆشەویستییە درۆینەكەی شاناز ئاشكرا بوو، رێكان تەنانەت ئۆتۆمبێلەكەشی لەپێناو ئەودا فرۆشتبوو، بەڵام دواتر هەموو ئەو راستییە تاڵانە‌ بۆ رێكان دەركەوتن كە ئێستەش ناتوانێت باوەڕیان پێ بكات.

رێكان وەك هەر گەنجێكی تر دەیویست ئەو كچە بدۆزێتەوە كە دەتوانن پێكەوە ژیانێكی نوێ دەست پێ بكەن، ئەو لە رێگەی فەیسبووكەوە شانازی ناسی، كچێكی تەمەن 26 ساڵان، لە سەرەتادا تەنیا لە رێی ئینتەرنێت و تەلەفۆنەوە قسەیان دەكرد و پاشان لە كافتریایەكدا بۆ یەكەم جار یەكتریان بینی.

رێكان دەڵێ، "بەتەواوەتی شانازم خۆش دەویست و دەمویست ژیانی داهاتووم لەگەڵ ئەو بێت، ئەویش وەهای نیشان دەدا جگە لە من هیچ كەسێكی تری لە دڵدا نییە و نەبووە".

رێكان و شاناز چەندان جار بەیەكەوە دەردەچن و لە پارك و كافتریاكانی سلێمانی دادەنیشتن و باس لە داهاتووی پێكەوەیییان دەكەن، لەو دانیشتنانەدا بەردەوام كچێكی تر ئامادە بوو كە خۆی وەك كچە پووری شاناز ناساندووە.

رێكان باسی ئەوە دەكات كە ئەوەندە شانازی خۆشویستووە، بەردەوام هەر داواكارییەكی هەبووبێت، بۆی جێبەجێ كردووە. لە یەكێك لە دیدارەكاندا، شاناز بە نیگەرانییەوە باسی نەخۆشكەوتنی دایكی بۆ رێكان دەكات.

"بڕیارم دا لەپێناو چارەسەكردنی نەخۆشیی دایكی، ئۆتۆمبێلەكەم بفرۆشم"، كاتێك رێكان پارەی ئۆتۆمبێلەكەی رادەستی شاناز كرد، زۆر بەخێرایی هەموو شتەكان پێچەوانە بوونەوە.

رێكان دەڵێ، "هەر بۆ شەوەكەی تێلم كرد، تەلەفۆنەكەی داخرابوو، لە فەیسبووكیش لەسەر هێڵ نەبوو، زۆر لە دڵەڕاوێكدا بووم، پێوەندیم بە كچە پوورەكەیەوە كرد، ئەویش گوتی پێ دەچێت میوانیان هەبێت و بۆی نەكرابێت وەڵام بداتەوە، تا درەنگانی شەو شاناز پێوەندی كرد و گوتی میوانمان هەبووە، ئێستە ماندووم و دەخەوم و بەیانی قسە دەكەین".

پاش ئەوەی رێكان ماڵئاوایی لە شاناز دەكات، لەگەڵ داخستنی مۆبایلەكەی، بیری دەكەوێتەوە بەشە خێرێكیان بۆ داناون و دەیەوێت پێیان بگەیەنێت، پاش 10 خولەكێك كە پێوەندی بە شاناز دەكاتەوە، ژمارە مۆبایلەكەی سەرقاڵە و ئەوەش دڕدۆنگی بۆ رێكان دروست دەكات لە كاتێكدا پێشتر شاناز پێی گوتووە دەخەوێت.

رێكان ئاماژە بەوە دەكات كە پاش وەرگرتنی پارەكە لەلایەن شانازەوە، وردە وردە هەستی بە ساردییەك لە ئاستی ئەو كچەدا كردووە، ئەو بارودۆخە پێنج مانگ دەخایەنێت و ئیتر رۆژێك ئەوەی رێكان بیری لێ نەدەكردەوە، بیستی.

"شەوێك ئەو كچەی خۆی بە كچە پووری شاناز ناساندبوو، تەلەفۆنی بۆ كردم و راستەوخۆ گوتی، دەزانم تۆ كوڕێكی پاك و راستگۆیت، لەبەرئەوە نهێنی و راستییەكت بۆ ئاشكرا دەكەم، من كچە پووری شاناز نیم، تەنیا هاوڕێم بووە، بەڵام ئەو تۆی هەڵخەڵەتاندووە و منیش هەڵەم كرد" رێكان ئەمەی گێڕایەوە.

ئەوە هەواڵێكی تاڵ بوو بۆ رێكان، نەیدەویست باوەڕ بكات، بەڵام گومانێكی زۆری بۆ دروست كرد كاتێك كچەكە پێی راگەیاند، شاناز بە هەشت سیمكارتەوە 12 كوڕی تری هەڵخەڵەتاندووە و پێوەندی لەگەڵیاندا هەیە. ژمارەی تەلەفۆنەكانیشی بە رێكان دابوو.

رێكان دەڵێ، "هەر ئەوشەوە لە سەعات 12دا شاناز پێوەندی پێوە كردم، زۆر بە ئاسایی قسەم لەگەڵ كرد، بەڵام پاش ماوەیەك بڕیارم دا ئەو ژمارانە تاقی بكەمەوە كە گوایە كچە پوورەكەی پێی دابووم، یەكێك لەو ژمارانە تا سەعات 2:00ی شەو قسەی پێ دەكرا، بەیانی هەوڵم دا شاناز ببینم و قسەی لەگەڵ بكەم، ئەو بیانووی دەهێنایەوە".

دواتر كاتێك رێكان شاناز دەبینێ، راستەوخۆ ئەوەی دەیزانێت پێی دەڵێت، شاناز لە سەرەتادا نكوڵی لە هەموو راستییەكان دەكات، بەڵام پاش ئەوەی یەكتر جێ دێڵن، شاناز لە رێی چەند كەسێكەوە هەڕەشەی بێدەنگبوون لە رێكان دەكات و ئەویش بڕیار دەدات سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كچە تۆمەتبار بكات كە دەستخەڕۆی كردووە.

پۆلیس سكاڵاكەی رێكان وەردەگرێت و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە شاناز دەگیرێت، دوای لێكۆڵینەوە و دەركەوتنی راستییەكان، دادوەر بڕیاری بەندكردنی شاناز بۆ ماوەی هەشت مانگ و پێبژاردنەوەی پارەكانی رێكان دەدات.

 ئێستە شاناز ماوەی سزاكەی لە گرتووخانە بەسەر دەبات و رێكان لە دەرەوە پەژارە گرتوویەتی، نیگەرانی زۆری ئەو كە ناتوانێت بیشارێتەوە، لەدەستدانی متمانەیەتی و دڕدۆنگییەكی بۆ دروست بووە لە بڕیاردان لە دۆزینەوەی هاوسەری نوێی ژیانی.

سلێمانی/ ڕێباز حەسەن 



وشە - تایبه‌ت