ئەمەریكا سزا بەسەر سەركردە و میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران دەسەپێنێت

:: PM:12:20:27/05/2017 ‌

ئەمەریكا خەریكی تاوتوێكردن و گرتنەبەری سیاسەتێكی گشتگیر و هەمەلایەنەیە دژ بە سەركردە و گرووپ و میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا و لبنان و یەمەن، بڕیارە سزا بەسەر زۆرینەیاندا بسەپێنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وڵاتانی كەنداو و واشنتن دێ كە بۆ ڕیشەكێشكردنی دەستوەردانی ئێران لە ناوچەكە گرتوویانەتە بەر.

ڕۆژنامەی "زە ستەیت"ی ئەمەریكی لە زاری ستیوارت جۆنز یەكێك گەورە دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 17 ئایار/مایۆ بڵاوی كردەوە، كە ئەمەریكا خەریكی بە ئامانج گرتن و بڕیاردانە لەبارەی سیاسەتێكی هەمەلایەنە و گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە سووریا و لبنان و عێراق و یەمەن.

ئەو قسانەی جۆنز لە كاتێكدایە پێشتر لە كاتی سەردانی جێنشینی ئەبوزەبی محەمەد بن زاید بۆ واشنتن، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە و بەڵێنی دا، ئەمەریكا بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر هاوپەیمانانی تاران دەردەكات، بەتایبەت ئەوانەی بە تیرۆر تێوەگلاون كە لە نێویاندا بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و لبنانیشی تێدایە.

گەورەترین گرووپی چەكدارانی سەر بە ئێران لە لبنان بریتییە لە حزبوڵای لبنانی، لە عێراقیش كۆمەڵێك گرووپ و حزبی چەكدار هەن كە پێوەندی ڕیشەیی و تۆكمەیان لەگەڵ تاران هەیە و پشتیوانی دارایی و سیاسی لە ئێرانەوە وەردەگرن.

رەیان كلدانی فەرماندەی حەشدی مەسیحی ڕای گەیاند، پێوەندی پێكهاتەكانی حەشدی شەعبی بە ئێران، پێوەندی پاشكۆیەتی ئێران نییە، تاران یارمەتی عێراقی دا لە شەڕی دژ بە داعش.

لەلایەكی ترەوە هەریەك لە واشنتن و ڕیاز، هاشم سەفیەدین سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری حزبوڵای لبنانیان خستە لیستی ڕەشی تیرۆر. میدیاكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمەریكا بە چڕی و وردی چاودێری جموجۆڵی میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەكات و ڕۆژی 18 ئایار/مایۆش هێرشی كردە سەر كاروانێكی هێزەكانی سووریا بۆ ڕێگریكردن لە بەیەكەوە بەستنەوەی بەغدا و دیمەشق، شارەزایانی ڕۆژئاوا دەڵێن، ئەو بۆردمانەی 18 مانگ پلانی سەربازی ئەمەریكای لە ناوچەكە ئاشكرا كرد، بە هەموو شێوەیەك ڕێگە لە بەستنەوەی دیمەشق بە بەغدا دەكات لە ڕێی وشكایییەوە.

بۆردمانەكەی ئەمەریكا هێزەكانی حەشدی شەعبیشی لە عێراق كردە ئامانج، ئەبو ئەلای وەلائی سكرتێری گشتی كەتیبەكانی "سەید شوهەدا" كە یەكێكە لە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق لەوبارەوە گوتی، فڕۆكەكانی ئەمەریكا هێزەكانی حەشدی شەعبیان لە نزیك سنووری عێراق-سووریا بۆردمان كرد.

زۆرێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی بە ئاشكرا و بێ شاردنەوە دووپاتیان لە بوونی پێوەندی تۆكمە لەگەڵ ئێران كردووەتەوە، لە نێویاندا ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەكرەم كەعبی فەرماندەی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق، هێماش بۆ ئەوە دەكەن كە دوای لەناوبردنی داعش لە عێراق میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەچنە سووریا و دژی داعش لەو وڵاتەش دەجەنگن.

قەس شەز پەرلەمانتار لە لیستی هاوپەیمانی هێزەكانی عێراق لەوبارەوە گوتی، ئەمە شتێكی شاراوە نییە، حزب و گرووپە سیاسیییەكانی عێراق زۆرینەیان پێوەندیی پتەویان لەگەڵ تاران هەیە و پشتیوانی مادی و مەعنەوی تارانیان لێ دەكرێت. سەپاندنی سزاش بەسەر ئەو گرووپ و سەركردانە لەلایەن ئەمەریكاوە زیان بە عێراق دەگەیەنێت.

سەرۆكی سەندەری "ڕوانگەی میدیایی" جاسم موسەوی ئاماژەی دا،  سەپاندنی سزا بەسەر سەركردە و فەرماندەكانی سەر بە ئێران، یارمەتیدەر دەبێ بۆ سەركردە سوننەكانی عێراق تا بە ڕوونی تاوانەكانی حەشدی شەعبی بخەنە ڕوو و سزای تاوانكارانیش بدەن.

ڕۆژی 20 ئادار/مارس لە میانەی پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان عەبادی و ترەمپ هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر پێوەندییەكانی تاران و كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق كرد. موسەوی گوتی، گەمارۆ خستنەسەر فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و سزادانیان بە دانانی ناویان لە نێو لیستی تاوانبارانی نێودەوڵەتی و ڕێگری لە گەشتكردنیان، كارێكی زۆر باش دەبێت.

هاتنی ترەمپ بۆ سعوودیە و كۆبوونەوەی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و ئیسلامی، باسكردنی پێكهێنانی ناتۆی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە و دەستوەردانەكانی ئێران، ترسی لە دڵی تاران دروست كردووە و پێشبینی دەكرێ بە خێرایی هەنگاوەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو دژ بە دەستوەردانەكانی تاران لە نێو عێراق و سووریا و یەمەن و لبنان دەست پێ بكەن و ئەمەش گورزێكی كوشندە دەبێ بەر سیاسەتەكانی تاران دەكەوێ و ئەستەمە ئێران دەستەوەستان بوەستێ و هیچ كاردانەوەیەكی نەبێت.

سەرچاوە/المۆنیتۆر.



وشە - باز ئه‌حمه‌د