ئەمڕۆ بەرشەلۆنە و ئەلاڤێس یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا ئەنجام دەدەن

:: PM:12:48:27/05/2017 ‌

ئەمڕۆ شەموو سەعات 10:30ی شەو بەكاتی كوردستان، هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس لەنێو یاریگەی ڤیسنتی كالدیرۆن یاریی كۆتای ژمارە 115ی جامی شای ئیسپانیا ئەنجام دەدەن.

ئەم یارییە بۆ یانەی بەرشەلۆنە گرینگییەكی تایبەتی هەیە دوای ئەوەی لەم وەرزەدا هەردوو ناسناوی خولی ئیسپانیا و جامی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای لەدەستدابوو.

یانەی بەرشەلۆنە لەم وەرزەدا 2 جار رووبەڕووی یانەی ئەلاڤێس بووەوە و تێیدا لەیەك یارییدا توانیبووی سەركەوتنی بەسەردا بەدەستبێنێ دوای ئەوەی لە قۆناغی دووەمی خولی ئیسپانیا لەدەرەوەی یاریگەی كامپ نوو بە 6 گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەكەی بردبووەوە.

ئەم سەركەوتنە گەورەیەی یانەی بەرشەلۆنە لە كاتێكدابوو كە زۆرێك لە یاریزانە سەرەكییەكانی یانەی ئەلاڤێس لەو یارییەدا یارییان نەدەكرد.

یانەكە پێش ئەوەی شەشی گۆڵی لە یانەی بەرشەلۆنە لێ بكرێ، لە قۆناغی پێش كۆتای جامی شای ئیسپانیا یاریی چوون و هاتنی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ ئەنجامدابوو، هەروەها دوای یارییەكەش لە خولی ئیسپانیا دوو یاریی قورسی بەرامبەر یانەكانی دیپۆرتیڤۆ لاكڕۆنیا و ڤالێنسیا هەبوو، بۆیە راهێنەری ئەلاڤێس بڕیاریدابوو لە یارییەكەی بەرشەلۆنەدا پشوو بە یاریزانە سەرەكییەكانی بدات و لە كۆتایشدا 6 گۆڵی خواردبوو.

تاكە یانە كە ئەمساڵ لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە یانەی بەرشەلۆنەی بردبووەوە یانەی ئەلاڤێس بوو لە قۆناغی یەكەمی خولی ئیسپانیا كە تێیدا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ یارییەكەی بردبووەوە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەی ئەمشەودا چەند یاریزانێكی سەرەكی یاریی ناكەن كە گرینگترینیان برێتین لە لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی و سێرجی رۆبێرتۆی بەرگریكار.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م