بەرپرسێكی یەكێتی هێرش دەكاتە سەر میدیاكانی سلێمانی

:: PM:01:10:27/05/2017 ‌

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا هێرش دەكاتە سەر میدیاكانی سلێمانی و دەڵێ، ئەگەر لە خەمی خەڵكدان، لە جیاتی درۆهەڵبەستن باس لە تانكەرە نەوتە قاچاخەكان بكەن.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی ئەرسەلان بایز ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەك كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە و تێیدا هاتووە، ماوەیەكە هەندێ قەڵەمی لەرزۆك لە لاپەڕە زەردەكانی سایتەكانیان، بە ناهەق و دوور لە ڕاستی درۆ و بوختان هەڵدەبەستن، د. ئەرسەلان بایز لە كۆتای نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوو بە پارەی خۆی كەلاوە خانوویەكی لە گەڕەكی ئاشتی شاری سلێمانی كڕی، سەد جار جەنابی مام جەلال و هێرۆخان لە ڕێی كۆمپانیای نەورۆز و بە سەرپەرشتی ئەندازیاران تەیب جەبار و زیرەك ئیسماعیل بۆیان نۆژەن كردەوە.

ئاماژەی داوە، تا ئەو ڕۆژەی مام جەلال فەرمانی پێ كرد كە ماڵی خۆی و مەكتەبی ڕێكخستن بباتەوە هەولێر هەر لەو خانووە ژیاوە، جیا لە سوپاسیش بۆ خەڵكە تێكۆشەرەكەی سلێمانی، یەك گلەیی لێیان نەبووە و پەروەردەی سەرەتایی سیاسی لەسەر دەستی خاڵە شەهابی شێخ نووری بووە.

لە بەشێكی تری ڕوونكردنەوەكە هاتووە، ئەو درۆیەی بە زمانی ئەو هەڵبەستراوە، لە چەواشەكردن و ڕشتنی ڕقێكی پەنهانی نەزۆك هیچ بنەمایەكی تری نییە، چونكە ئێستەش ماڵی لە سلێمانییە و لەوێش ماوە ماوە دەمێنێتەوە.

لە كۆتای ڕوونكردنەوەكە هاتووە، ئەگەر ئەو قەڵەمە لەرزۆكانە لە خەمی برسیەتی خەڵك و میلەت و یەكڕیزیی نەتەوەی كوردن، حەقە لە جیاتی درۆ هەڵبەستن، شتە ڕاستەكان بنووسن و باس لە تانكەرە نەوتە قاچاخەكان و كارگە و پڕۆژە گەورەكان بكەن، نەك درۆ هەڵبەستن و باسكردنی خانووی كەسی مرۆڤێك، بێگومان ئەو كەس و سایتەش ڕووبەڕووی دادگا دەكەینەوە كە ئەو درۆیەیان هەڵبەستووە.

جێی باسە لە دوێنێ هەینییەوە میدیاكانی سلێمانی بە چڕی هەواڵیان لەسەر فرۆشتنی خانووەكەی ئەرسەلان بایز لە سلێمانی بڵاو كردەوە و ئاماژەیان بەوە داوە كە ناوبراو گوتوویەتی" ئۆخەی نەجاتم بوو لە ئاوایی سلێمانی".





وشە - باز ئه‌حمه‌د