دراما توركییەكان.. هێزی نەرمی ئەنكەرە دەچێتە نێو هەموو ماڵەكان

:: PM:04:09:27/05/2017 ‌

هێزی نەرم یان سیاسەتی دیپلۆماسیی نەرم، چەمكێكی نوێ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانە بە شێواز و جۆری جیاجیا ئامانجەكانی دەپێكن، دراما توركییەكانیش كە چەند ساڵێكە بە تەواوی وڵاتانی ناوچەكەیان بەخۆیانەوە كێش كردووە، یەكێك لە ئامرازە ستراتیجییەكانی توركیا بۆ وەدەستهێنانی ئامانجە دوورمەوداكان.

هێزی نەرم سەرەتا وەك چەمكێكی سیاسی لەلایەن شارەزایەكی ئەمەریكی بەناوی "جۆزێف نای" لە زانكۆی هارڤارد خرایە ڕوو و بەكار هێنرا و ماناكەیشی بریتی بوو  لە "لە توانای كێشكردن و كۆنتڕۆڵكردن، بەبێ ڕق و تووڕەیی، بێ پەنابردن بۆ هێز وەك ئامرازێك بۆ بڕوا پێهێنان".

ئەوەی توركیا لەم چەند ساڵەی ڕابردوو لە ڕێی دراماكانەوە گرتوویەتییە بەر، تەواو بەكارهێنانی هێزی نەرمە و لە ڕێی هونەر دەچێتە نێو هەموو ماڵێك و ئامانجە سیاسییە ناڕاستەوخۆ و دوورمەوداكانی پێ دەپێكرێت، تا ئێستە توركیا لە بەكارهێنانی دراماكان وەك ئامرازێكی هێزی نەرم تەواو سەركەوتوو بوو، بیر و هزری گەنجانی ناوچەكەی بە تەواوی لە ڕووی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابوورییەوە پێوەست كردووە بە وڵاتی توركیاوە.

دراما توركییەكان لە بواری سۆزداری و كۆمەڵایەتی و مێژوویییەوە بە بەردەوامی بۆ زمانی عەرەبی بە تایبەتی و زمانەكانی تریش دۆبلاج دەكرێن، بلین ئۆزكان نووسەرێكی توركەوە و لەوبارەوە ئاشكرای كردووە، دراما توركییەكان كاریگەری زۆریان هەیە و بە تەواوی وەك هێزێكی نەرم پێناسەی توركیا و فەرهەنگ و مێژووەكەی بە جیهانی دەرەوە دەكەن.

نیك فیفاریلی نووسەری ئەمەریكی هێما بۆ ئەوە دەكات، توركیا دوای ئەمەریكا لە ڕیزبەندی دووەم دێت لە بەربڵاوی دراماكانی بۆ سەر زمانانی تر و كۆكردنەوەی خەڵك لە دەوری دراماكان، لە 2012 دراما توركییەكان تەنیا لە 50 وڵاتی دنیا بە دۆبلاجكراوی نمایش دەكران، بەڵام لە 2016 ئەو ژمارەیە بەرز بووەتەوە بۆ 142 دەوڵەت كە دراما توركییەكانی تێدا پەخش دەكرێت، داهاتی دراما توركییەكان لە 2015 گەیشتە 300 ملیۆن دۆلار و بۆ 2016 ئەو ژمارەیە بۆ 350 ملیۆن دۆلار بەرز بووەوە و ئامانجی توركیاش ئەوەیە داهاتی دراماكان بۆ ساڵی 2023 بگەیەنێتە ملیارێك دۆلاری ئەمەریكی.

بەگوێرەی ئامارەكان، لە ساڵی 2016 زیاتر لە 75 درامای توركی لە شاشەی تەلەڤزیۆنەكانی وڵاتانی عەرەبی بڵاو بووەتەوە و كۆی گشتیی خەرجی وڵاتانی عەرەبی لەو درامایانە گەیشتووەتە 600 ملیۆن دۆلار، وڵاتی سعوودیەش لە نێو وڵاتانی عەرەبی لە ڕیزبەندی یەكەم دێت. بەشێوەیەكی گشتی نرخی هەر ئەڵقەیەكی دراما توركییەكان لە 2007 بریتی بوو لە 500 دۆلاری ئەمەریكی، لە 2017 نرخی هەر ئەڵقەیەك بۆ 50 هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە.

دەستەی هەماهەنگی دیپلۆماتی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا ئاشكرای كردووە، توركیا ساڵانە 100 درامای جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنێت، 15 لەو درامایانە نزیكن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی بەلقان و ئەمەریكای لاتین، بەگشتی كۆی گشتیی بینەری دراما توركییەكان لە دەرەوەی وڵاتی توركیا گەیشتووەتە 400 ملیۆن بینەر لە ساڵێكدا.

دەستەی گومرگ و مامەڵەی بازرگانی توركیا لە بەیاننامەیەكدا پێشتر ڕای گەیاند، دراما توركییەكان پشكدارییان كردووە لە بەرزكردنەوەی قەبارەی هەناردەكردنی كەلوپەلەكان لە توركیاوە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەت كەلوپەلی بواری جوانكاری و جل و دیكۆر بە ڕێژەی 8.92% و یارییە ئەلیكترۆنییەكان بە ڕێژەی 26.51% .

توێژەر و نووسەری توركیا " هاكان دمیر" گوتی، لە باكوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەڵكی تەواو سەرقاڵن بە توركیاوە، ئەمەش بەهۆی زنجیرە دراماكانی توركیایە و ئەوان زۆر زیاتر دەچنە ژێر كاریگەری دراماكان وەك خەڵكی ناوەوەی توركیا دەچێتە ژێر كاریگەرییان.

بەگوێرەی توێژینەوە و ڕووماڵەكان، 74% خەڵكی وڵاتانی عەرەبی بینەری دراما توركییەكانن و لە پێنج كەس بەلایەنی كەمەوە كەسێك ناوی ئەكتەرێكی توركی و هونەرمەندێكی توركی دەزانێت. لە ڕووی ئابوورییەوەش هەناردەی جلوبەرگ و مۆدەی لە توركیاوە بۆ وڵاتانی عەرەبی بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز كردووەتەوە، فۆركان ئورتاكایا بەڕێوەبەری كۆمپانیای كایرا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێ: ناچار بووین لق لە وڵاتان زۆر زیاتر بكەینەوە، بەتایبەت لە فەلەستین و لبنان و ئوردن، بەهۆی كاریگەری دراما توركییەكان لەسەر خەڵكی سعوودیە، ساڵی 2013 خەڵكی سعوودیە 81.2 ملیۆن دۆلاریان بە كەلوپەلی نێو ماڵ لە بەرهەمەكانی توركیا خەرج كردووە، ئەو ڕێژەیە لە 2015 بۆ 159.7 ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە.

لە ڕووی گەشتیارییەوەش دراما توركییەكان كاریگەری تەواویان لەسەر خەڵكی وڵاتانی ناوچەكە دروست كردووە، بەهۆی دیمەنە دڵڕفێنەكانی ناو دراما توركییەكانەوە و پێشتر ساڵانە 65 هەزار گەشتیار لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ناوچەكە گەشتی توركیایان دەكرد، ئێستە بۆ 10 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێكدا بەرز بووەتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە رووی كولتوورییەوەش خەڵكی ئێستە بە ڕێژەیەكی فرەوان ناوی منداڵەكانیان بەناوی ئەكتەر و پاڵەوانی فیلم و دراما توركییەكان دەكەنەوە و جگەلەوەش پێشتر خەڵكی وڵاتانی ناوچەكە زۆرتر هەوڵیان دەدا زمانی ئینگلیزی فێر ببن و چەند ئاماژە و وشەیەكی ئینگلیزییان بەلایەنی كەمەوە دەزانی، ئێستە ئەمە بۆ زمانی توركی گۆڕاوە و گەنجانی ئەو وڵاتانە بە لێشاو دەیانەوێ فێری زمانی توركی ببن، تا لە دراماكان بگەن و بتوانن بە واقیعی كاتێك گەشتی توركیا دەكەن، لە خەڵكەكەی بگەن.




وشە - باز ئه‌حمه‌د