تەندروستیی هەولێر هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان

:: PM:04:46:27/05/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر چەند ڕێنوێنییەك بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت، مانگی رەمەزان دەرفەتە بۆ وازهێنان لە جگەرە، هەروەها هۆشداری بەئافرەتی دووگیان دەدات، ئاگەداری هاووڵاتییانیش دەكاتەوە خواردنی چەور و قورس نەخۆن.
 
ئەمڕۆ شەموو 27ی ئایار/ مایۆ، فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئاگاداربوون لە كاتی كڕینی هەر جۆرە خواردەمەنییەك لە ماوەی بەسەرچوونی بۆ هاووڵاتییان زۆر پێویستە، هەروەها خۆپاراستن لە خواردەمەنی سەر دانەپۆشراو بۆ ئەوەی تووشی هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر دەڵێت، لەكاتی بەڕۆژووبووندا هەوڵ بدە زۆر هێمن و لەسەرخۆ بی، واتە ئاستی دەروونیت باش بێت بۆ ئەوەی تووشی هیچ گرژییەك نەبیت و زیان بە تەندروستیت نەگەیەنیت، هەروەها ئەو كەسانەی چارەسەر وەردەگرن، لە مانگی ڕەمەزان ڕێنوێنی لە پزیشكی تایبەتمەندی خۆیان وەربگرن لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی دەرمان.

كرمانج زیاتر گوتی، مانگی ڕەمەزان دەرفەتە بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان، پێویستە پەلە نەكەیت لە كاتی بەربانگ بۆ ئەوەی زیان بە گەدە نەگەیەنیت و خواردنی شلە و سووك بخۆیت نەك خواردنی قورس و چەور، هەروەها ئافرەتی دووگیان پێویستە پێش مانگی ڕەمەزانی ڕێنوێنی پزیشك وەربگرێت بۆ تەندروستیی كۆرپەكەی.



وشە - رامیار جەواد