رووسیا: هەسەدە هەوڵی دەربازكردنی داعش لە رەققە دەدات

:: PM:06:43:27/05/2017 ‌

وەزارەتی بەرگری رووسیا هێزەكانی سووریای دیموكرات، كە نیوچە گەمارۆی رەققەیان داوە و خۆیان بۆ ئازادكردنەوەی لە داعش ئامادە دەكەن، بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەیانەوێ رێڕەوێك بۆ دەربازبوونی داعش لە رەققەوە بەرەو شاری تەدموڕ لە دەشتی رۆژهەڵاتی حمس بكەنەوە.

بەپێی ماڵپەڕی كەناڵی "رووسیا ئەلیەوم" سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگری رووسیا رای گەیاندووە كە هەسەدە لەگەڵ داعش رێك كەوتوون بۆ كردنەوەی رێڕەوێك بۆ دەربازبوونی چەكدارانیان لە رەققەوە بەرەو تەدموڕ و سوپای رووسیاش چەند هەنگاوێكی هاوێشتووە بۆ رێگرتن لەو كارەیان.

بەپێی سەرچاوەكە 25ی ئایار فڕۆكە سەربازییەكانی رووسیا كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی داعشیان كردووەتە ئامانج كە لە 39 ئۆتۆمبێل پێك هاتووە بە رێگەوە بوون لە رەققەوە بەرەو تەدموڕ، كە 32یان تێك شكێندران و زیاتر لە 120 چەكداریشیان كوژران.

بەپێی سەرچاوەكە رێككەوتن لە نێوان سەرانی هەسەدە و داعش لە ناوچەكە كراوە بۆ كردنەوەی رێڕەوێك بۆ دەربازبوونی چەكدارانی داعش لە بەرەكانی باشوور، بەو مەرجەی روو لە تەدموڕ بكەن. 

وەزارەتی بەرگری رووسیا دووپاتی دەكاتەوە كە پڕۆسەی چاودێری لە سووریا چڕ كردووەتەوە بەتایبەتی بۆ رێگەكانی ئەگەری دەرچوونی چەكدارانی داعشی لێیەوە هەیە بۆ دەرەوەی رەققە و ئەوان رووبەڕووی هەر هەوڵێكی دەربازبوونی داعش بەرەو تەدموڕ دەبنەوە.

لای خۆیەوە تەڵاڵ سەلۆ گوتەبێژی هێزەكانی هەسەدە ئەو تۆمەتانەی وەزارەتی بەرگری رووسیایان رەت كردەوە و لە لاپەڕی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی نووسیویەتی كە بەداخەوە رووسیا دەستی كردووە بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ و بێ بنەما لەدژی هێزەكانمان.

ئەو دووپاتی كردەوە كە ئەو بەرەی كە هێزەكانی هەسەدەی لێ نییە لە دەورووبەری رەققە، بەرەی باشوورە بەرەو تەدموڕ و ئێمە لە هەرسێ بەرەكەی تر لە باكور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا بوونمان هەیە لە دەورووبەری رەققە. 

ئێستە هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات كە شەڕوانانی پەیەدە زۆرینەی پێك دێنن، نیوچە گەمارۆی شاری رەققەی مۆڵگەی سەرەكی داعشیان لە سووریا داوە و ئەوان خۆیان بۆ هەڵكوتانە سەری و ئازادكردنەوەی ئامادە دەكەن، ئەوەش بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل