كەناڵی "بی بی سی" بەریتانیا دوێنێ هەینی بڵاوی كردەوە، كە تیرۆریستێكی كوردی سەر بە ڕێكخراوی داعش لە بێرمینگهام گیراوە لەگەڵیشیدا دەست بەسەر بەڵگەنامەی جۆراوجۆر گیراوە، كە زانیاری ورد و نهێنی لەبارەی شوێن و وردەكاریی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراقی پێ بووە.
"بی بی سی" نووسیویەتی، ئاوات حەمەساڵح پێوەندی بە داعشەوە هەیە و هەوڵی داوە دوو كەس لە بەریتانیاوە بنێرێتە سووریا تا پێوەندی بە ڕیزی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە بكەن، بەڵام ناوبراو كە تەمەنی 35 ساڵە، ڕەتی كردووەتەوە ئەندامی داعش بێ، بەڵام پێشتر بڵاو كراوەتەوە كە ناوبراو پێوەندی بە ئەبو خەتابی كوردی هەبووە كە یەكێك بوو لە سەركردەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.
هەروەها دەڵێ، ئاوات دانی بەوەدا ناوە كە پشتیوانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشە، بەڵام ڕەتی كردووەتەوە ئەندامی داعش بێت، هێزە تەناهییەكانی بەریتانیا گومانیان هەیە لە كردە تیرۆریستییەكی شاری مانچستەر و پردی لەندەن دەستی هەبووبێ.
پێشتر دوو كوردی تر بەناوەكانی شیڤان عەزیز زەنگەنە لە مزگەوتی نووری بێرمینگهام و ئارام حامید لە ڕێگەی دۆڤەر لە پشتەوەی بارهەڵگرێك گیراون.
داواكاری گشتی و دادوەران دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئاوات لە ساڵی 2002 گەیشتووەتە بەریتانیا و لە 2008 ڕەگەزنامەی بەریتانیای وەرگرتووە، پارە و كۆمەكی بۆ تیرۆریستانی داعش كۆ كردووەتەوە و لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بانگەوازی كردووە تا هەمووان هاوكاری داعش بكەن.
كەناڵەكە ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە، كە لەكاتی گرتنی ئاوات حەمەساڵح كە بە "ئاوات كەركووكی" ناسراوە، كۆمەڵێك بەڵگەی سەربازی كە زانیاری ورد و زۆریان لەسەر ناوی پێشمەرگەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان تێدایە كە لە دوای هاتنی داعش بۆ عێراق، ڕۆڵی باڵایان بینیوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستان.
ئاوات حەمەساڵح "ئاوات كەركووكی" قوتابی و كەسێكی نزیكی مەلا كرێكاری سەرۆكی پێشووی ڕێكخراوی تیرۆریستی "ئەنسارلئیسلام"ە و باس لەوەش دەكرێ كە ئاوات كەركووكی زاوای مەلا كرێكار بێ، پێشتر ئەو تیرۆریستە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی سووكایەتی بە خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە دەكرد و بە هاوشێوەی "ئەبوجەهل" ناوی دەبردن، ئەمەش لەلایەن خەڵكی كوردستان كاردانەوەی لێ كەوتەوە و بە تەواوی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ڕێسوا كرا.