حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران: سەرجەم لایەنەكان هاوكاری سەرخستنی ریفراندۆم بكەن

:: PM:06:16:17/06/2017 ‌

جێگری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەبارەی پرسی ریفراندۆم لە كوردستان كە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت، بۆ "وشە" گوتی، ریفراندۆم بە كارێكی گەورە و هەنگاوێكی گرنگ هەژمار دەكات و هەر جۆرە هەنگاوێك بەرەو سەربەخۆیی لە باشووری كوردستان، بە دەستكەوتێكی مێژوویی و نەتەوەیی، كورد دەزانن.

حەسەن شەرەفی ئەو تیشكی خستە سەر كاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمەكە و گوتی، "قسە لەسەر ئەوەیە ئایا كاتەكە گونجاوە یان نا، ئەگەر چاوەڕێی كاتێك بكەین عێراق و توركیا و ئێران پێی رازی بن،  ئەوا ئەو رۆژ و كاتە قەت نایەت، بۆیە پێشوازی لە بەڕێوچوونی ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلوول دەكەین و  لەوانەیە ئەوكاتە زۆر شاز نەبێت، بەڵام پێمان باشە و بە  هەنگاوێكی زۆر نیشتمانی و مێژوویی و نەتەوەیی هەژماری دەكەین".

شەرەفی لەبارەی ئەو كێشەیەی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ ئەو پرسە دروست بووە، گوتی، هەنگاوەكە ئەوەندە گەورەیە ناكرێت لەگەڵ ناكۆكییە حزبییەكان تێكەڵ بكرێت و بچێتە ركابەری تەسكی حزبی و بگوترێت مادام پارتی یان بارزانی رای گەیاندووە، من بەشداری ناكەم. پێم وا نییە شانازییەكە تەنیا بۆ پارتی بێت، بەڵكو هی هەموو كوردە و پێوەندی بە مافی سروشتی كوردەوە هەیە و ناكرێت لایەنێك لەپێناو ئەوەی شانازییەكە بۆ كەسێكی تر تۆمار نەكرێت، خۆی بەدناو بكات.

لەبارەی ئەوانەی پێیان وایە نابێت ریفراندۆم بكرێت و ئەگەری جیاواز دەخەنە ڕوو، جێگری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پێی وایە "هەموو ئەوانە بیانوون و پێویستە كورد ریفراندۆمەكە بكات و هەنگاوی گونجاوی بۆ بنێت و شانازییەكە بۆ هەموو  كوردە و هەر لایەنێك خۆی لەو بابەتە بدزێتەوە، بۆ ئەوەی شانازییەكە بۆ یەكی تر نەبێت، شتێكی خراپە. لەوانەیە ئەو ریفراندۆمە نەبێت و شانازییەكەش نەبێت، بەڵام مێژوو ئەوەش لەبیر ناكات و ئەوانەی دژایەتی ریفراندۆمیان كرد، بە خراپ ناویان تۆمار دەكات".

ئەو سەركردەی كورد بە پێویستی دەزانێت سەرجەم لایەنەكان هاوكاری سەرخستنی ریفراندۆم بكەن و تیایدا بەشدار بن و سەرجەم ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن. ئەو دەڵێت "ناكرێت بژێوی و گوزەرانی خەڵك وەك لەمپەر باس بكرێت و بگوترێت لەبەرئەوەی ژیانی خەڵك خراپە، لە زۆر ماف پاشگەز ببنەوە، ئەمە لە كورد ناوەشێتەوە."

ئەگەر سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكگرتوو بن و لەو چەند مانگەی داهاتوودا هەوڵ بدرێت ئەوانەش رازی بكرێن كە لە كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشدارییان نەكرد، بە بۆچوونی شەرەفی هەنگاوێكی زۆر باش دەنرێت. "بە خۆشحاڵییەوە ئەو لایەنانەش بە راشكاوی نەیانگوتووە ریفراندۆم خراپە و دەكرێت ئەوانیش بهێنرێنە بازنەی ریفراندۆمەوە". 

حەسەن شەرەفی دەڵێت، "ئەو هەنگاوانە دەتوانن ریفراندۆمەكە لە پێش چاوی خەڵكی دنیا زۆر گەورەتر نیشان بدەن و بڵێن مافی سروشتی كوردە، سەربەخۆیی مافی سروشتی خەڵكی كوردستانە و ئەمە ئیرادەی تاك تاكی دانیشتووانی كوردستانە. داوام ئەوەیە ئەو شتە گەورەیە نەكەنە قوربانی ناكۆكییەكانیان".

حەسەن شەرەفی لەبارەی هەڵویستی ئێران لە دژایەتیكردنی ریفراندۆم گوتی، ئەو روانگەیە چاوەڕوانكراو بوو، چونكە ئێران و وڵاتی تریش چاویان بەوە هەڵنایە كورد سەربەخۆ بێت و ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی و ئەگەر بگەڕێنینەوە بۆ رابردوو، ئێران بەوەش رازی نەبوو هەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراق ئەو مافانەی هەبێت كە ئێستە هەیەتی. هەموو هەوڵیكی ئێران ئەوەیە سنووری جیۆگرافیی كوردستان بەرتەسك بكات، دەسەڵاتی كورد لە بەغدا كەم بكاتەوە، كوردستان لەگەڵ كۆمەڵێك كێشە بەرەوڕوو بێت، ئەو بێ مووچەیی و تەنگژە دارایییەی هەیە، ئێرانی لە پشتە و پێشبینی دەكرا ئێران لە پرسی ریفراندۆمیش هەڵویستی خراپی هەبێت.

ئەو لە كۆتای قسەكانیدا گوتی، "پێوسیتە خوشك و براكانمان لە باشووری كوردستان گوێ بە ناڕەزایەتی ئێران و دوژمنانی كورد و نەیارانی كورد تایبەت بە ریفراندۆم نەدەن. دەبێت خەڵك بزانێت ئەو مافە بە خۆڕایی بەدست نایەت و بە دڵنیایییەوە هەندێك قوربانی دەوێت، بۆیە دەبێت خۆڕاگر بن تا مافەكە دەستەبەر دەكەن، چونكە لە داهاتوودا دوژمنانی كورد ئەگەر پێشیان خۆش نەبێت، ناچار دەبن لەگەڵ ئەمری واقیع مامەڵە بكەن".






وشە - سلێمان تاشان