پزیشكێك مالیزیایەكی وێرانەی كردە پێشكەوتووترین وڵات

:: PM:02:39:25/06/2017 ‌
مالیزیا یەكێك بوو لە وڵاتە دواكەوتووەكانی جیهانی سێیەم كە خەڵكەكەی لەسەر شەقام و كۆڵانەكان لەبەر برسیەتی و نەداری دەیانناڵاند، بەڵام بە هاتنی مەهاتیر محەمەد بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان، هەموو شتێك پێچەوانە بووە و ئێستە مالیزیا یەكێكە لە دەوڵەمەندترین و پێشكەوتووترین وڵاتانی دنیا، زۆرێك لە زانكۆكانی دنیاش ئەزموونی هەڵسانەوە و گەشەسەندنی مالیزیا بووەتە جێی بایەخیان و چەندان توێژینەوەیان لەسەر كردووە، لێرە وردەكاری ژیانی مەهاتیر محەمەد سەرۆك وەزیرانی مالیزیا لە ماوەی 1981 تا 2003 كە دەكاتە 22 ساڵ لە سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی دەخەینە ڕوو.

سەرەتای ژیانی
د. محەمەد مەهاتیر لە 20 كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 1925 لە شاری ئەلورسیتاری ویلایەتی قدحی لە دایك بوو، ئەو برا بچووكی نۆ منداڵی تری باوكە مامۆستاكەی و دایكێكی ماڵەوە بووە، باوكی "محەمەد ئەسكەندەر" بە ڕەگەز هیندییە و خەڵكی ویلایەتی خەیروڵای هیندستانە و داپیرەیشی مەلاویییە، دایكی "وان تامباون" خەڵكی نیمچە دوورگەی مەلایۆیە.
دوای گەورەبوون و بڕینی قۆناغەكانی خوێندن، مەهاتیر لە كۆلێژی سوڵتان عەبدولحەمید لە شارەكەی كە دواتر بوو بە كۆلێژی پاشا ئیدواردی حەوتەم و لە كۆتادا ناوی بۆ زانكۆی سەنگاپوورە گۆڕا، لە بەشی پزیشكی دەستی بە خوێندن كردووە و هاوكات  وەك دەستەی نووسەران لە ڕۆژنامەی "ستریتس تایمز" كاری كردووە و سەرۆكی كۆمەڵەی قوتابییانی مسوڵمان بووە لە زانكۆكەی.

لە ساڵی 1953 زانكۆی تەواو كردووە و بە ئەفسەری پزیشكی لە سوپای مالیزیا دامەزرا و هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێكەی لە كۆلێژ "ستی حازمە محەمەد عەلی" كرد و هەشت منداڵیان هەیە كە پێنجیان كوڕن و سێیان كچ.

مالیزیا پێش سەربەخۆیی
لە ساڵی 1786 بەریتانیا دەستیان بەسەر دوورگەكان و مالیزیادا گرت و ڕێككەوتننامەی بەریتانیا و هۆڵەندا لە 1824 لەسەر ناوچە واژوو كرا و پاشان دەسەڵاتی بە ناوچەكان خۆیان دا تا لە چوارچێوەی ئامانج و بەرنامەی بەریتانیا كار بكەن و فەرمانڕەوایی خەڵكەكانیان بكەن، بەو هۆیەوە  ناوچەكانی "بینانگ، مەلقا، سەنگاپوور، مەلایۆ، دوورگەی لابوان" یەكیان گرت، لە كۆتای سەدەی 19دا ویلایەتەكانی مالیزیا پشتیان بە هاوكارییەكانی بەریتانیا بەست و پێگەی بەریتانیا لە مالیزیا بەگوێرەی ڕێككەوتنی بانگكۆر لە 1874 زیاتر بوو، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا ناڕەزایی مەدەنیی زۆری لێ كەوتەوە.

مالیزیا دوای سەربەخۆیی
لە ئەنجامی بەردەوامی داگیركاری بەریتانیا و خەباتی خەڵكی مالیزیا لە كۆتادا مالیزییەكان لە 1957 وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ خۆیان ڕاگەیاند، لە ساڵەكانی سەرەتای سەربەخۆیی مالیزیا ناكۆكی زۆر لە نێوان مالیزیا و ئەندونیسیا دەستی پێ كرد و ناكۆكی و گرژیی ئیتنی و نەتەوەیی لە 1969 بەردەوامی هەیە، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی مالیزیا عەبدولڕەزاق دەستی بە گرتنەبەری كۆمەڵێك سیاسەتی ئابووری نوێ لە وڵاتەكە كرد، ئامانج لێی زیادكردنی خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە بوو كە گەلی مالایۆیین، بە بەراورد بە پێكهاتە نەتەوەیییەكانی تر، بەم شێوەیە مالیزیا هاوسەنگی لە نێوان نەتەوە و پێكهاتەكان و سیاسەت و فەرمانڕەوایی وڵات دروست كرد، وەبەرهێنان و گەشەپێدانی فرەلایەنی ئابووری وڵات هەنگاوی گرنگی بەرەو پێشەوە نا.

مەهاتیر لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا
لە ساڵی 1964دا د. محەمەد مەهاتیر وەك ئەندامی پەرلەمانی مالیزیا لە بازنەی هەڵبژاردنی "كۆتا سیتار سیلاتان" هەڵبژێردرا، لە 1969 دەنگی بە دەست نەهێنایەوە بەهۆی ئەو پەیامەی كە دوای ئاڵۆزییەكانی 13ی مایۆ ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات " تنكۆ عەبدولڕەحمان"ی كرد، دواتر لە 26ی ئەیلوول/سێپتێمبەری هەمان ساڵ دەستی لە ئەندامیەتی حزبی كێشایەوە.

لە 1974 دووبارە خۆی بۆ هەڵبژاردن كاندید كردەوە و بە تەزكییە لە بازنەی "كۆبانج باسۆ" دەنگی پێویستی بەدەست هێنا و لە حكوومەتی نوێی وڵاتەكەی وەك وەزیری فێركردن دامەزرێنرا، لە 13 ئەیلوول/سێپتێمبەری 1978 حوسێن ئۆن سەرۆك وەزیرانی ئەوكات وەك جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی محەمەد مەهاتیری دیاریی كرد.
حوسێن ئۆن سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی مالیزیا بەهۆی نەخۆشی و كێشەی تەندروستییەوە دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیران كێشایەوە، مەهاتیر لە 16 تەمووز/یۆلیۆی 1981 وەك سەرۆك وەزیرانی مالیزیا دەستبەكار بوو، یەكەم سەرۆك وەزیرانیش بوو كە لە بنەڕەتدا لە خانەوادەیەكی هەژارەوە، خۆی پێ گەیاند و گەیشت بە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە وڵاتی مالیزیا.

دروشمی پاكی و لێهاتوویی و ئەمانەت
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان مەهاتیر محەمەد پاكی و لێهاتوویی و ئەمانەتی وەك دروشمی سەرەكی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان دیاری كرد و توانی سەركەوتنی تەواو بەدەست بهێنێت، دوای دەستكێشانەوەی حوسێن ئۆن ڕاستەوخۆ داوای هەڵبژاردنی بە پەلە و پێشوەختەی كرد، لە گوتەیەكیدا دەڵێ، بڕیارم دا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی شەرعی لە پۆستی سەرۆك وەزیران بم، ئەو دروشمانەمان دانا وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی گۆڕانكاری گەورە لە سەردەمی سەرۆك وەزیرانی من دا ڕوو دەدەن، گۆڕانكارییەكانمان ئەنجام دا و وڵاتمان لە گەندەڵكاران پاك كردەوە، توانا و لێهاتوویی خەڵكمان بەرز كردەوە و بە دەستپاكی و ئەمانەتەوەش ئەركەكانمان بەجێ هێنا.

شۆڕشی گەشەپێدانی مالیزیا
بەهۆی كار و بڕیار و سیاسەت و پلانەكانی مەهاتیر محەمەد، مالیزیا هەنگاوی گەورەی نا و ئێستە بووەتە یەكێك لە دەوڵەتە هەرە پێشكەوتووەكانی دنیا، پێشتر خەڵكی مالیزیا تەنیا پشتیان بە كشتوكاڵ دەبەست و كەلوپەلی سەرەتایییان بۆ پیشەسازی دەناردە وڵاتانی تر، بەڵام ئێستە 90% كەلوپەل و پێداویستییەكانی مالیزیا سەرجەمی لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن و دروست دەكرێن.

ڕێژەی ئامێر و پێداویستییە پیشەسازییەكان 85%ی ئێستە لە نێو مالیزیا دروست دەكرێ و 80% ئۆتۆمبێلەكانی نێو مالیزیاش هەر لە نێو وڵاتەكە بەرهەم هێنراون.
مەهاتیر بە قسە بەناوبانگەكەی دووپاتی لە پشتیوانی خەڵك كردەوە كاتێك گوتی، باشترین سامانی هەر دەوڵەتێك، بریتییە لە خەڵكەكەی، ئەوان دوای ئەو گرنگی پێدانەی حكوومەت هەستیان بە بەهای خۆیان كرد لە نێو سیستەمی حوكمڕانی وڵاتەكەیان، ئەمەش ناچاری كردن بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و كۆششی زیاتر بكەن بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەیان، د. مەهاتیر محەمەد تا 2003 لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی مالیزیا مایەوە و لەو ماوەیەدا ڕێژەی بێكاری بۆ 3% كەم كردەوە و داهاتی تاكی مالیزی لە هەزار و 247 دۆلار بۆ هەشت هەزار و 862 دۆلاری ئەمەریكی بەرز كردەوە،  ڕێژەی دانیشتووان كە لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون بەر لە هاتنی ئەو 52% بوو 2002 ئەو ڕێژەیە گەیشتە 5%.
ئەو دەڵێ، ئەگەر هەموومان پیاوی ئاینی بین، كێ فڕۆكە و مووشەك و ئۆتۆمبێل و كەلوپەلە پێشكەوتووەكانی تەكنەلۆجیامان بۆ دروست بكات، بۆیە پێویستە زانایان زۆر بن، لە بواری بازرگانی و زانست و تەكنەلۆجیای تازە و هەموو بوارەكانی تری زانین، گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی دوو شتی لەیەكتر جیا نین، دەبێ خەڵك خۆیان متمانەیان پێ بدرێ تا ئەنجامی بدەن و بەرەو لووتكە ئاراستەی وڵاتەكەیان بكەن.

ئێستە مالیزیا كۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دروست دەكات و پڕۆژەی ستراتیجی گەورەش لە وڵاتەكە هەن، كە خۆی لە دروست كردنی فڕۆكەخانە و تۆڕێكی ڕێگەوبانی خێرا و مۆدێرن كە باكور و باشووری وڵات بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بەنداوی گەورە و گرنگ و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل.

كەسانی نزیك و پسپۆڕانی ئابووری دەڵێن، لە دوای هاتنە سەر حوكمی مەهاتیر ئەو دەیویست كاری گەورە بكرێ، بۆیە لە یەكێك لە دانیشتنەكان پێشنیازی كرد كە كارگەی دروستكردنی ئۆتۆمبێل دابنێن، پسپۆڕانی ئابووری و بەرپرسانی حكوومی پێیان گوت شكست دێنێت، خەڵك نانی نییە بیخوات، چۆن ئۆتۆمبێل دروست بكەن، مەهاتیر قسەكەی خۆی بردە سەر و كارگەی دروستكردنی ئۆتۆمبێل دانرا و ئۆتۆمبێلی پرۆتۆن كە ئێستە لە بازاڕەكانی دنیا بوونی هەیە دەستی بەكار كرد و سەرەتا ژمارەی دروست كردنی ئۆتۆمبێلەكانی زۆر كەم بوو، بەڵام ئێستە ساڵانە دەگاتە 600 هەزار ئۆتۆمبێل كەلەلایەن ئەو كۆمپانیایەوە بەرهەم دەهێنرێت.



 وازهێنانی لە سەرۆك وەزیران
دوای ئەوەی مەهاتیر محەمەد كاتی كۆتای ئەركەكەی هات و خەونەكەی بەدی هێنا لە گەشەپێدان و هەڵساندنەوەی وڵاتەكەی، بەری ماندووبوونەكانی بینی، ژیانێكی شایستەی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەكەی بنیات نا، هاتە سەر شاشەكان و گوتی، ئێستە كاتی وازهێنانم و پێدانی دەرفەتە بە خەڵكی تر بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونەی ئێمە دەستمان پێی كردووە، زیاتر و زیاتر بەرەو پێشەوەی ببەن.

لەكاتی دەستكێشانەوەی بە جلێكی نافەرمی و جلی خەڵكی ئاسایی و كڵاوی مالیزییەكان هاتە سەر شاشە و دەست لە كاركێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و گوتی، ڕای دەگەیەنم كە بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەم  لە سەرۆكی حزبی فەرمانڕەوا و سەرۆك وەزیران داوە، هەرچەندە ڕاهێنانی زۆری پێ كرابوو تا لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارەی بەسەر خۆیدا زاڵ بێ، بەڵام ئەو خۆی بۆ نەگیرا و فرمێسك لە چاوەكانی هاتە خوارەوە.

سەرچاوە/ئەراجیك.



وشە - باز ئه‌حمه‌د