ئۆتۆمبێلێك بە 700 هەزار یۆرۆ

:: AM:11:31:02/07/2017 ‌

تیمێكی ئەندازیاران و شارەزایانی ئۆتۆمبێل، یەكەم ئۆتۆمبێلی ئۆكرانیان دروست كرد كە بە كارەبا كار دەكات و ناوی "Himera Q"یان لێ ناوە و نرخەكەیشی 700 هەزار یۆرۆ دەبێ.

سەرمایەدارێكی ئۆكرانی بەناوی "ئەندریە جازۆفسكی" پارەی تەواوی بۆ پڕۆژەی ئەو ئەندازیار و شارەزایانە تەرخان كرد تا دەست بە بەرهەمهێنان و دروستكردنی یەكەم ئۆتۆمبێلی ئۆكرانی بكەن،  ئەوان ماوەی دوو ساڵ بە دیزاینكردن و دروستكردنی ئۆتۆمبێلەكەوە بوون، ئێستەش دوو دانەیان كارەكانیان تەواو بووە و لە ڕێی كێبەركێی خێرایی ئۆتۆمبێل لە ئیسپانیا تاقی كرانەوە.

پێشبینی دەكرێ، Himera Qیش ببێتە جۆرێكی تری ئۆتۆمبێل و لەگەڵ كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكان بكەوێتە كێبەركێوە، بڕیارە پارچەكانی لە ئۆكرانیا دروست بكرێن و بەستن و ئامادەكردنیشیان لە ئیسپانیاوە ئەنجام بدرێت.

ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی بەرهەم هێنراون، تایبەتمەندییەكانیان زۆر بەهێزە و چوار مەكینەی كارەبایییان بۆ دانراوە كە توانی هەزار ئەسپیان هەیە و دەتوانێ لە ماوەی سێ چركە خێرایی لێخوڕینی بۆ 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا بەرز بكرێتەوە.

شارەزایان پاترییەكی زۆر بەهێزیان بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە داناوە كە دەتوانێ بە نیو سەعات بە تەواوی شەحن بكرێتەوە، بە یەك جار شەحنكردنەوەیشی دەتوانرێ هەزار كیلۆمەتر بەو ئۆتۆمبێلە بڕۆن.

ئەو ئۆتۆمبێلە دیزاینێكی زۆر تایبەت و ناوازەی بۆ كراوە كە هاوتای نییە، تیمێكی دیزاینەرانی ئۆكرانی و دیزاینەری ڕووسی "دیمتری لازاریف" دیزاینەكەیان دروست كردووە و بەشێكیشی هی جۆری نوێی ئۆتۆمبێلی لادای ڕووسی بووە، ئۆكرانییەكان دەیانەوێ ژمارەیەكی كەم لەم جۆرە ئۆتۆمبێلە سەرەتا بەرهەم بهێنرێ تا كاردانەوەی لە بازاڕەكان بزانن، چونكە نرخەكەی زۆر گرانە و دەگاتە 700 هەزار یۆرۆ، بۆیە پێویستە بە وریایییەوە مامەڵە لەگەڵ هێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بۆ نێو بازاڕ و ململانێی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بكەن.

سەرچاوە/RT.







وشە - باز ئه‌حمه‌د