رێكخراوەكانی ئەنفال و كەسوكاری شەهیدان بە توندی لە گۆڕان هاتنە دەنگ

:: PM:06:51:02/07/2017 ‌
دوای ئەوەی پەرلەمانتار سروە عەبدولواحید وەك سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دیاری كرا، كە بەر لە چەند مانگێك لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا باسی خانەوادەی پێشمەرگە و شەهیدانی كوردستانی كرد و قسەكانی وەك سوكایەتیكردن بەوان لەقەڵەم درا، رێكخراوەكانی ئەنفال و كەسوكاری شەهیدانی هێنایە دەنگ و بەو هۆیەوە ناڕەزایی لە بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان پێشان دەدەن.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵەی داكۆكی لە ماف و قوربانیانی ئەنفال لە گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، نەدەبووایە فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا سروە عەبدولواحیدی بە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دیاری بكردایە، چونكە هیچ نەبوایە دەبوو هەست و سۆزی كەسوكاری پێشمەرگە و شەهیدانیان لەبەرچاو بگرتایە.

زیاتر گوتی، ئەو سوكایەتییەی ئەو پەرلەمانتارە بە ژنانی شەهید و پێشمەرگە تەنیا بۆئەوە بوو كە وێنەیەكی پێچەوانەی حكوومەتی هەرێم و ئەزموونی هەرێمی كوردستان پێشانی  میدیای عەرەبی بدات.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵەی داكۆكیكار لە ماف و قوربانیانی ئەنفال، ئەوەشی خستە روو كە گۆڕان بەو هەنگاوەی زیاتر پشتی لە رێكخراوەكانی ئەنفال و داوای كەسوكاری شەهیدان كرد، چونكە بۆخۆیان دەیانزانی كە كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە داوای وەرگرتنەوەی حەسانەی پەرلەمانیان لەو پەرلەمانتارە دەكرد نەك پۆستی پێ بدرێ. 

بەپێی راگەیەندراوێكی فراكسێۆنی گۆڕان لە بەغدا، ئەو فراكسیۆنە ماوەی دوو رۆژە سروە عەبدولواحیدی وەك سەرۆك لیستەكە لە بەغدا هەڵبژاردووە، ئەوەش دوای سەرۆكایەتیكردنی دوای یەكی ئەو لیستە لەلایەن هەریەك لە هوشیار عەبدوڵا و كاوە محەمەدی پەرلەمانتارانی گۆڕانەوە.

لای خۆیەوە كاوە عومەر كە كەسوكاری شەهیدە و رۆژنامەنووسە بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان كردی چاوەڕوان نەكراوە و بەداخەوە جارێكی هەستی ئێمەی بریندار كرد.

دیاریكردنی سروە عەبدولواحید وەك سەرۆكی فراكسێۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە دوای ئەوە دێ كە لە هەفتەی یەكەمی دوا مانگی ساڵی پاردا لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی "دجلە"ی نزیك لە نووری مالكی، ژنانی پێشمەرگە و شەهیدی بە لەشفرۆش ناو برد، ئەوەش لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ناڕەزایی خۆپێشاندانی لێ كەوتەوە. 

گەرمیان/ سەبری هۆرینی 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل