ئەمڕۆ دەست بە پێدانی ڤیزای توركیا لە دهۆك دەكرێت

:: PM:12:38:10/07/2017 ‌

دوای كاركردن بو كردنەوەی نووسینگەی پێدانی ڤیزای توركیا لە پارێزگای دهۆك، ئەمڕۆ هاووڵاتییانی كوردستان و پارێزگای دهۆك دەتوانن لە شاری دهۆك داوای ڤیزای ئەو وڵاتە بكەن.

هالیس چەقماق بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆك لە كومپانیای پێدانی ڤیزای توركیا، بە"وشە"ی راگەیاند كە ماوەی ساڵێكە ئەوان لەگەڵ لایەنی پێوەندار خەریكی كردنەوەی نووسینگەی پێدانی ڤیزای توركیاین بۆ ئەوەی چیتر بو وەرگرتنی ڤیزا هاووڵاتییان سەردانی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان نەكەن.

زیاتر گوتی "نووسینگەی پێدانی ڤیزای توركیا وەك هەمان ئەو نووسینگانە كار دەكات كە ڤیزای توركیا لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی دەبێت، ئێمەش وەك ئەوان نووسینگەین سەر بە كومپانیای پێدانی ڤیزای توركیان لە سەرانسەری دنیا".

"نووسینگەی پێدانی ڤیزای توركیا لە دهۆك توانانی پێدانی ٧٠٠ ڤیزای لە رۆژێكدا هەیە، بە هەمان نرخی ستانداری پارێزگاكانی تر دەبێت كە ئەویش ٥٠ دۆلاری ئەمەریكایییە، بەڵام سیستەمێكی ترمان هەیە كە ئەویش هەموو مامەڵەكان خۆمان بەڕێوەی دەبەین بە ١٢٥ دۆلار". چەقماق وای گۆت.

بەڕێوەبەری نووسینگەی پێدانی ڤیزای توركیا ئەوەیشی خستە ڕوو كە ئەوان جگە لە رۆژانی هەینی، هەموو رۆژێك سەعات 09:00 تا 18:00ی دەرگەی پێدانی ڤیزا بەڕووی هاووڵاتییاندا دەكرێتەوە و دووپاتی كردەوە، "بەم زووانە لقێكی كونسوڵگەی توركی لە دهۆك دەكرێتەوە و بە كردنەوەی ئەو لقە، پێدانی ڤیزا خێراتر دەبێت و تەنیا دوو رۆژ دەخایەنێت".

نووسینگەی پێدانی ڤیزای توركیا لە دهۆك دەكەوێتە كۆڵانی "زەری لاند" بەرامبەر چێشتخانەی ئاكرێ، ستافی كاركردنی ئەو نووسینگە هەمووی خەڵكی پارێزگای دهۆكن.

جیا لە توركیا، 36 وڵاتی دنیا لە كوردستان كونسوڵگە و نوێنەرایەتییان هەیە، زیاتر لە 10یان ڤیزا دەدەن بە هاووڵاتییان، بەڵام لە پرۆسەیەكی ئاڵۆزدا.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - تایبه‌ت